لە ناپلیۆنەوە بۆ هیتلەر، لەوانیشەوە بۆ
ڕژێمەكانی ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، هەموویان لە یەك خاڵدا هاوبەشن، ئەویش
دروشمبازیی نیشتمانپەروەریی و نەتەوەپەرستییە . وەك بڵێیی سەرجەمیان دەرچووی یەك
فێرگە بن، فێرگەی خۆسەپاندن و گەوجاندنی خەڵك .
كیتی ستالارد نوسەری گەورەی بەریتانی لە
كتێبەكەی (سەمای سەر ئێسك و پروسكەكان) دەڵێت "هەموو رژێمە خۆسەپێنەكان لە
ڕێگەی گێڕانەوەی چیرۆكە شێوێندراوەكانی جەنگ و شۆڕش و خۆ نمانیشكردن لەبەردەم
گەلەكانیان وەك تاكە پاڵەوانی شۆڕش و جەنگ، یاری بە كورسی و دەسەڵاتەوە دەكەن و
لەو ڕێگەیەوە جێ پێی خۆیان قایم دەكەن و گەلەكانیشیان بەو چیرۆكە ئەفسانەییانە
دەگەوجێنن" .
سەركردە لاوازەكان لەپێناو مانەوەی خۆیان و
شەرعیەتدان بە مانەوەی خۆیان لەسەر كورسی دەسەڵات، ڕێگەی جەنگ و دروستكردنی دوژمنی
خەیاڵیی بەكاردەهێنن . ئەمە تاكە ڕێگەیە كە خۆیان وەك پاڵەوانی فریادڕەس لەبەردەم
حاشیە و گەلەكانیاندا خۆیان نمایش بكەن .
كیتی ستالارد كە وەك بەرپرسی دۆسێی
نێودەوڵەتی لە گۆڤاری (“نيو ستيتسمان”)ی ئەمریكی
كاردەكات، دەڵێت "ئەو سەركردە و دەسەڵاتدارانە زۆرجار بەشێوەی گاڵتەجاڕانە
ڕووداوەكانی مێژوو بەجۆرەی لەگەڵ مەرام و حەزی خۆیاندا دەگونجێت، دەگێڕنەوە و،
تیایدا خۆیان وا دەردەخەن كە تەنها ئەوان بەرگرییان لە نیشتمان و نەتەوە كردووە و،
هەركەس ڕەخنە بگرێت، یان پێچەوانەی ئەوە قسە بكات و بیربكاتەوە، ڕاستەوخۆ دەبێتە
(خائین) و خاكفرۆش" .
تیمۆسی فرای كە ناسراوە بە زانای سیاسەتی
ئەمریكی، ئەم جۆرە ڕژێم و دەسەڵاتدارانەی هەڵگیرسانی جەنگ لەپێناو مانەوەی خۆیان و
دروشمبازیی نیشتمان و شەرعیەتی شۆڕشگێڕیی بەكاردەهێنن بە "پیاوە بەهێزە
لاوازەكان" ناودەبات كە لە ڕاستیدا لاواز و لەرزۆك و لە نمایشدا خۆیان بە
بەهێز و كاریزما پێشاندەدەن .
بە بڕوای فرای، "ئەم جۆرە سەركردە و
دەسەڵاتدارانە، دروستكردن و گێڕانەوەی ڕووداوەكانی مێژوو بەكاردەهێنن بۆ
سەرشۆڕكردنی گەلەكانیان و قایلكردنیان بەوەی كە ئەوان سەردەمی ترس و برسێتی و
ناڕەحەتی كاتی شۆڕش و جەنگیان نەبینیوە و دەبێت لە قەیرانە ئابورییەكانی وڵات
خۆڕاگربن و لەپێناو خاك و نیشتمانەكەیان قوربانیی بدەن" .
ئەوەی ڕۆڵی سەرەكی لە بە بازاڕكردن و بە
ڕاستی پیشاندانی ئەو چیرۆكە خەیاڵیی و دروستكراوانەی كە سەركردە و دەسەڵاتدارە
لاوازەكان خۆیان تیایدا كردووە بە فریادڕەس و پاڵەوانی جەنگ و شۆڕشەكان، ئەو
ماكینە ئیعلامییە زەبەلاحانەیە كە لەپێناو بێهۆشكردنی كۆمەڵگە دروستكراون .
كیتی ستالارد ئاماژە قوربانییانی ئەم ماكینە
ئیعلامییە گەوجێنەرە دەكات و دەڵێت "ئەگەر كەسانێك هەبن لەو گەوجاندنی
كۆمەڵگەیەدا بتوانێت ڕاستی و درۆ لەیەك جیابكاتەوە و، نەبێتە قوربانیی ئەوا
شانسێكی گەورە و بەهێزی هەیە"
ئەمانە جۆرێك وێنای ڕژێم و سەركردەكان دەكەن،
كە هاوڵاتییانی وڵاتەكەیان لەسایەی دڵسۆزیی سەرۆكەوە گوزەرانێكی خۆش دەژین و
وڵاتیش پارێزراو و بەهێزە و سەرۆك وەك سەرباز وڵات دەپارێزێت با خەڵك پشتێنی
لێبكەنەوە .
ئایا هەرگیز بیرت لەوە كردوەتەوە ئەو
چیرۆكانەی دەسەڵاتداران تیایدا پاڵەوان و فریادڕەس و شۆڕشگێڕن چەندی ڕاستە و چەندی
درۆ، ئەی لە قەت تەماشای خۆت كردووە كاتێك بەدیار میدیایەكی سەر بە دەسەڵاتەوە
دادەنیشیت تۆ بویتە قوربانیی، یان شانست هەیە و ڕاستی و درۆ لەیەك جیادەكەیتەوە ؟
هۆشیاربە
تۆ مەبە بەو ئێسك و پروسكانەی ئەوان سەمای
لەسەر دەكەن
ژمارەی خوێندراو : 217 جار