داعش چۆن هات و پارتی چۆن هەڵهات ؟
ساڵی 2014 شارێكی 100 هەزار كەسی لە شەو و
ڕۆژێكدا هەرەسیهێنا، هەزاران چەكداری سەر بە پارتی دیموكراتی كوردستان هەڵهاتن،
شارەكە كەوتە دەست گروپێكی چەكداری داعش و خەڵكەكەی كەوتە دووڕیانی ڕاكردن یان هەڵبژاردنی
مەرگ .
قەزای شنگالبە دووری 80 كیلۆمەتر دەكەوێتە
خۆرئاوای شاری موسڵ، زۆربەی دانیشتوانەكەی ئێزیدین و ناوچەیەكی ستراتیژیی گرنگە كە
بە سێگۆشەی سنوریی نێوان سوریا و توركیا و عێراق دادەنرێت .
بەر لە كەوتنی و كۆنترۆڵكردنی لەلایەن
چەكدارانی داعشەوە، شنگال لەژێر دەسەڵاتی پارتی دیموكراتی كوردستاندا بوو، ئاسایش
و پاراستنی شارەكە لەدەستی هێزەكانی زێرەڤانی و ئاسایشی ئەو هێزەدا بوو .
درەنگانێكی
شەوی 2 لەسەر 3ی ئابی ساڵی 2014، داعش لە دووگوندی نزیك شەنگالەوە هێرشەكانی بۆسەر
شەنگال دەستپێكرد، دوای چوار كاتژمێر بەرگریكردن لە لایەنە خەڵكی ئەو دوو گوندەوە
دواجار توانای بەرگریكردنیان نەما لەگەڵ گەشتنیان بەناو شەنگال لە ئێوارەی رۆژی
3مانگ چەكدارانی زێرەڤانی سەربە پارتی بەبێ تەقە شەنگالی بۆ داعش چۆڵكرد.
كاتی كەوتنی شنگال، نزیكەی 20 هەزار چەكداری زێرەڤانی لە شارەكەدا
هەبوون، مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێم و فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان بوو .
بە كەوتنی شەنگال 6 هەزار و 417 هاوڵاتی ئێزیدی لەلایەن چەكدارانی
داعشەوە ڕفێندران كە زۆرینەیان ژن و مناڵ بوون كە تا ئێستاش سەدان لەو ڕفێندراوانە
چارەنوسیان نادیارە .
زیاتر لە هەزار و 200 ئێزیدی لە كاتی كەوتنی شارەكەدا، بەشێكیان لە
ڕوبەڕوبونەوەی داعشی دوای هەڵاتنی چەكدارانی زێرەڤانی و ژمارەیەكی زۆریشیان بە
دیلی لەلایەن داعشەوە كوژران، هەندێكیشیان كۆمەڵوژكران و لەو كاتەوە تا ئێستا
بەردەوام گۆڕی بە كۆمەڵی قوربانییانی دەستی داعش دەدۆزرێتەوە كە هەتا ئێستا زیاتر
لە 70 گۆڕی بەكۆمەڵ دۆزراونەتەوە و هەڵدراونەتەوە .
نزیك بە سێ هەزار مناڵ، بەشێكیان بەهۆی كوژرانی دایك و باوكیان،
ژمارەیەكی زۆریشیان بەهۆی ڕفاندنی دایكیانەوە لەلایەن داعشەوە، بەبێ سەرپەرشتیار و
بێ دایك و باوك ماونەتەوە .
كەوتنی شنگال بووە هۆی ئاوارەبوونی دەیان هەزار لە دانیشتوانەكەی، كە
بەشی زۆریان لە چیای شنگال گیریانخوارد و هەزارانی دیكەش بەرەو كەمپەكانی هەرێمی
كوردستان و ناوچەكانی دیكەی عێراق وسوریا و هەندێكیشیان بە یەكجاری عێراقیان بەرەو
دەرەوەی وڵات بەجێهێشت .
12 ڕؤژ دوای كەوتنی شارەكە، سەرۆكی ئەوكاتی هەرێمی كوردستان بڕیاری
لێكۆڵینەوە لە كەوتنی شنگال و سزادانی توندی هەموو ئەو بەرپرس و فەرماندە
سەربازییانەی دا كە هۆكاربوون بۆ كەوتنی شنگال و داگیركردنی لەلایەن چەكدارانی
داعشەوە .
مەسعود بارزانی ڕاگەیەندراوێكی بۆ ڕایگشتی بڵاوكردەوە و ڕایگەیاند
"دوای ڕووداوەكانی شەنگال و ئەو كارەساتەی ڕوبەڕوی ئێزیدیەكان بووەوە، سەرجەم
بەرپرسە حزبیی و ئەمنی و سەربازییەكانی ئەو شارە لەكارەكانیان دووردەخرێنەوە و،
لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە بۆ دەرخستنی ڕاستییەكان و دەستنشانكردنی كەسانی كەمتەرخەم
پێكدەهێنرێت" .
بەڵام دوای تێپەڕبوونی هەشت ساڵ بەسەر ئەو ڕووداوەدا، نە هیچ كەسێك
سزادرا و لە كارەكەی دورخرایەوە، نە بەدواداچوون و لێكۆڵینەوەی لیژنەكەی بارزانیش
هیچ ئەنجامێكی بۆ ڕایگشتی ئاشكراكرد .
ساڵێك دواتر و لەژێر فشاری ڕایگشتی ناوخۆ و دەرەوە و پەرلەمانتاران،
پەرلەمانی كوردستان لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە لە كەوتنی شنگال و ناوچە جێناكۆكەكانی
دیكە پێكدەهێنێت .
دوای چەند مانگێك لە بەدواداچوون و لێكۆڵینەوە و بینینی بەرپرس و
فەرماندە و شایەتحاڵی جیاجیا، لیژنە پەرلەمانییەكە لە بەشێك لە ڕاپۆرتی كۆتاییدا
دەڵێت "فەرماندە سەربازییەكان بە فەرمانی سەرو خۆیان فەرمانی كشانەوە و
بەرگریی نەكردنیان داوە، ژمارەیەك بەرپرسی حزبیی و فەرماندەی سەربازییش تێوەگلاون
لە بازرگانیكردن لەگەڵ داعش و ئۆتۆمبێل و چەك و خۆراكیان بۆیان ناردووە، هەر ئەوەش
نا بەڵكو بەشێك لەوانە بازرگانیی نەوتیان لەگەڵ داعش هەبووە و، بە تانكەر و بە
قاچاخ نەوتی داعشیان بە نرخی هەرزان كڕیوە و هەناردەی توركیایان كردووە" .
هاوشێوەی لیژنەی لێكۆڵینەوەكەی سەرۆكی ئەوكاتەی هەرێم، كاری لیژنە
پەرلەمانییەكەی پەرلەمانیش لەدوو توێی چەند لاپەڕەیەكدا مایەوە، نە ڕێگە درا
ڕایگشتی ئاگاداریی وردەكاریی و ناوەڕۆكەكەی بن، نە توانی هیچ بەرپرس و
فەرماندەیەكی سەربازیی و بازرگان و كۆمپانیایەكی حزبییشی پێ سزا بدرێت لە پای ئەو
كەمتەرخەمییەیان كە بووە هۆی كارەساتی گەورە و كۆمەڵكوژیی ترسناكی خەڵكی شنگال و
ناوچەكانی دیكە .
ئەمە ئەو نهێنیەیە، كە لەدوای كەوتنی موسڵ تا ئێستا كەس نازانیت بۆچی
و چۆن شەنگال بەبێ تەقە رادەستی داعشكرا.
ژمارەی خوێندراو : 214 جار