گەڕانەوەی گوتار و كردەكانی بەعس بۆ ئێستای ئێمە

لە لایەن عومه‌ر ره‌شید25/03/2019

یەكێك دەكوژیت، بۆ ئەوەی هەمووان بە شێوەی رەمزی بكوژرێن"(1)  بە هەمان سەبكی رستەكە، یەكێك لەپێشچاوی جەماوەر دەشكێنی، تا هەموومان بەشێوەی رەمزی بشكێن، ئارگۆمێنتت بۆ خوێندنەوەی ئێستای دەسەڵاتی كورد، جوانكردنی سیمای ئیدارەی بەعسە، بۆ ئەوەی هەمووان هەست بە زەمب بكەن، بۆچی شۆرشگێڕبوون و نەبوون بە بەعسی! دیوە زەبروزەنگەكەی بەعس بە جۆرێكی دیكە وێنادەكەیت، بۆ ئەوەی هەمووان ئێستای خۆیان بەنەفرەت بكەن و خەون بەو سەردەمەوە ببینن! ئەمانەو چەندین دیدگای دیكە، ئەو مانایە هەڵدەگرن پرسیار لەخۆمان بكەین، كردەكانی بەعس چی بوون؟ ئێستا بۆ جارێكی دیكە كردەكانی لەبیردەكرێن و هەوڵی جوانكردنی سیمای دەدرێت؟ بۆچی بەعس وەك تارماییەك لە رێگای گوتار و كردەكانییەوە، لە ئێستادا گەڕاوەتەوە ناومان؟ گەڕانەوە بۆ بەعس و ستایشكردنی لە رێگای چەند بنووسێكی شەوانەی ناو دونیای شاشەكانەوە، چ مانایەك هەڵدەگرێت و خزمەت بە چ ئایدۆلۆژیای دەسەڵاتێك دەكات؟ بەعس تەنها هێزێكی گەورەی سەربازی پڕ زەبرو زەنگ بوو، یاخود ماشێنێكی گەورەی ئایدۆلۆژی فاشیبوو لە رێگەی ئەو دەسەڵات  و ماشێنە ئایدۆلۆژییەوە، كۆمەڵگەی ئێمە بەر دیوە توندوتیژییەكەی مۆدێرنەتە كەوت؟ رەگوڕیشەكانی ئەم مۆدێلە لە دەسەڵات و ئایدۆلۆژییا لەناو چ فیكرێكدایەوە و، دەیەویست چ جۆرە مرۆڤێك و چ جۆرە كۆمەڵگەیەك دروستبكات؟ ئایا لەگەڵ روخانی دەسەڵاتەكە و روخانی پەیكەرە زۆرەكانی سەركردەی ئەو حیزب و دەسەڵاتە، ئیدی كۆتایی بە گوتار و كردەكانی هات؟ بۆچی لە ئێستادا جارێكی تر _بێشەرمانە_ هەندێك لە بنووسانی شەوانی ناو دونیای شاشەكان دەیانەوێت خزمەت بەو سیستەمە فاشییە بكەن؟ دەسەڵاتی حیزبی كوردی لە كوێدا سودی لەو سیستەمە بینی و، لە كوێدا دژی بوو؟ ئەوانەی بەرگری لەو سیستەم و ئیدارەی بەعسە دەكەن و وەك نمونەیەكی پوخت باسیدەكەن، ئایا بەعس دەناسن؟ لە تەنیشت ئەوەدا، ئایا سیماكانی دەسەڵاتی حیزبی كوردی دەناسن؟. 
ئەمانەو كۆمەڵێك پرسیاری دیكە دەخەمە ناو باسەكەوە و هەوڵدەدەم بەشوێن وەڵامەكانیاندا بگەڕێم. بەرلەوەی قسە لەسەر ئەو تارماییە بكەم لە رێگای گوتار و كردەكانییەوە بەعسی بە سیمایەكی جیاوازتر گەڕاندەوەتەوە بۆ ناو ژینگەی سیاسیی وكۆمەڵایەتی ئێمە، قسە لەسەر دوو دیمەن دەكەم، كە هەردوو دیمەنەكە بەشێكی جەوهەری گوتار و كردەكانی بەعسمان پێدەناسێنێت. لەرێگەی خوێندنەوەی ئەو دوو دیمەنەوە دەگەڕێمەوە بۆ ئێستای دەسەڵات و، ئەو كۆمەڵە بنووسەی شەوانی ناو دونیای شاشەكان، كە سیستەمی بەعس بە سیستەمێكی دادپەورەردەناسن و ئاستە لاوازەكەیان و تێگەشتنیان بۆ بەعس ناسی، دەخەمە ژێر پرسیارەوە. هەڵبەتە ئەم وتارە لێكۆڵینەوە نییە لەتەواوی مێژوو و كردە و گوتاری بەعس، تەنها دەروازەیەكە لە رێگەی دوو دیمەنەوە نیگایەك لەو سیستەمە فاشییە دەكەم، كە هەندێك بنووس پەیدابوون دەیانەوێت سیمایەكی جوانی پێببەخشن. 

وتاری زیاتر