وڵاتێکی تاڵانکراو

لە لایەن عادل باخەوان11/09/2022

بەشێک لەو داتایانەی کە ناوەندی فەرەنسی بۆ توێژینەوە لەسەر عێراق کۆیکردونەتەوە :
1. تەنها لە پارێزگای نەینەوا، ٧٢ کێلگەی نەوتی لەژێر کۆنترۆڵی ڕاستەوخۆی چەند گروپێکی میلیشیایدایە و هەموو ڕۆژێک نزیکەی ١٠٠ کامیۆن نەوتیان لێدەردەهێنن و بەنایاسایی دەیفرۆشن، بەبێ ئەوەی حکومەت مافی ئەوەی هەبێت بڵێ ستۆپ.
2. بەشێکی گرنگی پۆلیس و دەزگا ئیداریەکانی پارێزگاکە کراون بە هاوبەش و لەم ڕێگایەشەوە هەم کارئاسانیدەکەن و هەم بەشێک لە داهاتیان بەردەکەوێت.
3. تەنها لە بازگەیەکی نێوان پارێزگای سەلاحەدین و بەغداد، هەر هاوڵاتیەکی سووننی کە هاتوچۆدەکات دەبێت ١٠ دۆلار بدات و بۆ هەر کامیۆنێکیش دەبێت ١٠٠ دۆلار بدات.
4. تەنها ڕێکخراوێکی میلیشیای کە ناوەکەیمان لایە، هەموو مانگێک ٤٠٠ دۆلار لە هەر چێشتخانەیەک لە پارێزگای نەینەوا وەردەگرێت و لە هەر چایخانەیەکیش ٢٠٠ دۆلار. کۆی ئەو چایخانانە و چێشتخانانەش دەگەنە ٩٠٠ کە مانگانە ئەو پارەیە بە زۆر دەدەن.
5. نزیکەی 85% ئەو پرۆژانەی کە پەیوەندیان بە دروستکردنەوەی سیستمی ئاوو ئاوەڕۆی پارێزگای نەینەواوە هەیە، لەڕێگای زەبروزەنگەوە کەوتونەتە ژێر کۆنترۆڵی گروپە میلیشیاییەکانەوە.
6. لەو بوجەیەی کە تەرخانکراوە بۆ کەرتی پەروەردە، 25% ڕاستەوخۆ دەچێت بۆ گروپە میلیشیایەکان کە لە نێوان خۆیاندا دابەشی دەکەن.
7. لە ٢٠١٨ دا، تەقینەوەیەکی گەورە لە چێشتخانەیەکی بەناوبانگی موسڵ ڕویدا، ئەبو لەیلا. حکومەت باسی لەوەکرد کە داعشبووە، بەڵام لەڕاستیدا گروپێکی میلیشیاییبوو کە داوای ٢٥٠٠ دۆلاری وەک تاکس کردبوو. خاوەنی چێشتخانەکە ئامادەنەبوو بیدات، چونکە پێشتر بە گروپێکی دیکەی دابوو.
8. لەهەمووی تراژیدیتر : گروپە میلیشیاییەکان هەر پارچە عەرزەیەکیان بووێت، خاوەنەکەی ناچاردەکەن کە بە نرخێکی زۆر هەرزان پێیان بفرۆشێت، گەرنا تۆمەتی داعشی داخەنە پاڵ و دەیگرن و دەست بەسەر عەرزەکەیدا دەگرن.
تا چاو بڕئەکا گەندەڵی ! بۆ هەرکوێ ئەڕوانی گەندەڵی !
 بەس لە هەمووی خراپتر ئەو دیاردەیەیە کە سۆسیۆلۆژیای زانستە سیاسیەکان پێیدەڵێن : گەندەڵی میلیتاریزەکراو، کە ئەکرێ ژیان بکات بە دۆزەخێکی ڕاستەقینەی هاوڵاتیان و هیچ ئاسۆیەک بۆ چاکسازی لەبەردەمیاندا نەهێڵێتەوە.

وتاری زیاتر