ئێران و ئیسرائیل : ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە چەند هەفتەی داهاتوودا !

لە لایەن عادل باخەوان10/08/2024

ئێران و ئیسرائیل : ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە چەند هەفتەی داهاتوودا !

بۆ تێگەیشتن لە ڕوداوەکانی ئێستا و ئێرەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕست، بەتایبەتی لە پاش تیرۆرکردنی ئیسماعیل هەنیە لە 31ی مانگی ڕابوردودا، ئەم دە خاڵەی خوارە، چوارچێوەیەکی کۆنسێپتیول دەستەبەردەکەن، چوارچێوەیەک کە ڕوناکی دەخاتە سەر سیستمی ئەو ستراتیژیانەی کە ئاڕاستەی میکانیزمەکانی مامەڵەکردن دەکەن. 
یەکەم : ئەمجارە، بە پێچەوانەی جاری پێشوەوە، کۆماری ئیسلامی ئێران، لە جددەی عەرەبی سعودیە، بە دوای پشتیوانی وڵاتانی موسوڵماندا دەگەڕێت و دەیەوێت کۆدەنگیەکی ئیسیلامی بۆ وەڵامدانەوەی ئیسرائیل دروستبکات. ئەمەش لە ڕێگای داواکردنی کۆبوونەوەی ڕێکخراوی هاریکاری ئیسلامی لە جددەوە. خودی سۆراخکردنی پشتیوانی وڵاتانی ئیسلامی یەکێکە لەو داتایانەی کە دەبێت زۆر بە جددی لە ئیدارەکردنی پەیوەندیەکانی هێزدا بە هەند وەربگیرێت.
دووهەم : کۆماری ئیسلامی سەرکەوتوبوو لەوەدا کە توانی پشتیوانی عەرەبی سعودیە بە دەستبێنێت. هەموومان دەزانین کە سعودیەی ئەمڕۆ میسری شەستەکانە و موحەمەد بن سەلمان خاوەنی هەمان پێگەی جەمال عەبدولناسری ئەو سەردەمەیە. با پێکەوە لە لێدوانی وەزارەتی دەرەوەی سعودیە ڕابمێنین : (تیرۆرکردنی ئیسماعیل هەنیە، بەزاندنێکی ئاشکرای سەروەریی ئێرانی و یاسای نێودەوڵەتی و پەیڕەوی نەتەوە یەکگرتوەکانە و هەڕەشەیە لەسەر سەقامگیری کۆی ناوچەکە!). خودی ئەم لێدوانەی عەرەبی سعودیە سەرکەوتنێکی دیپلۆماسیە بۆ ئێران.
سێهەم : بەڵام ئەم سەرکەوتنە دیپلۆماسیانە مانای ئەوەنیە کە ئێران پشتدەکاتە وەڵامدانەوەی سەربازی. تائێستا ستراتیژیەتی ئێرانی بریتیە لە وەڵامێکی توند، ورد، جەرگبڕی ئیسرائیل، بەبێ ئەوەی دەرگا لەسەر جەنگێکی گشتگیر و سەرتاسەریی بکاتەوە، چونکە ئەم جەنگە بەهیچ شێوەیەک لە بەرژەوەندی ئەودانیە، بەتایبەتی لە ساتەوەختێکدا کە حکومەتێکی نوێی میانەڕەو لە تاراندا دروستبوە و دەیەوێت پەیوەندیەکانی لەگەڵ ڕۆژئاوادا ئاساییبکاتەوە.
چوارهەم : هەر ئەمەش وادەکات کە لە 31 ی مانگی حەوتەوە تا ئێستا، پرسی شەرعیەتی وەڵامدانەوەی ئیسرائیل لای ئێرانیەکان گرنگ و بەهاداربێت و هەموو تواناکانیان بخەنەکار بۆئەوەی جیهان قەناعەتپێبکەن بەوەی کە وەڵامدانەوەیان هاوئاهەنگە لەگەڵ یاسا نێودەوڵەتیەکاندا. 
پێنجەم : لەوەش زیاتر، ئێرانیەکان داوا لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەکەن کە چیتر چەک بە ئیسرائیلێک نەفرۆشن کە ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تێکدەدات و ڕێز لە یاسای نێودەوڵەتی ناگرێت. حکومەتی نوێی ئێران دەیەوێت لەم ڕێگایەوە دەرفەتێک بدۆزێتەوە بۆ پەراوێزخستنی ئیسرائیل لەسەر شانۆی ئەنتەرناسیۆنال.
شەشەم : هەر لەم چوارچێوەیەدا، گەر ئێران سەرکەوتوبێت لەوەدا کە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتوەکان بە کۆی دەنگ یان بە زۆرینەی دەنگ، سەرۆکۆنەی ئیسرائیل بکەن بۆ بەزاندنی سەروەری ئێرانی، بەدڵنیاییەوە کارایی ڕاستەوخۆ دادەنێت لەسەر چۆنیەتی و چەندایەتی وەڵامی ئێرانی بۆ ئیسرائیل، بەشێوەیەک کە هاوئاهەنگبێت لەگەڵ خواستی کۆمەڵگای نێودەوڵەتیدا.
حەوتەم : شانسی حکومەتی نوێی ئێران لەوەدایە کە ستراتیژیەتی ئیدارەکەی بایدن تەواو هاوئاهەنگە لەگەڵ ستراتیژیەکەیدا، چونکە بەهەمان هێزی دیپلۆماسیەوە، واشنتۆن دەیەوێت ڕێگا لە فراوانکردنی جەنگەکە بگرێت و ڕێگا نەدات نەک هەر بگاتە ئێران، بەڵکو بگاتە لوبنانیش. هەر ئەمەشە وادەکات کە وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی کۆشکی سپی بڵێت : هەرگیز وەک ئێستا لە ڕێکەوتن لەسەر ئاگربەست نزیکنەبووین !
هەشتەم : بێگومان گەر ئێران سەرکەوتبوبێت لە بەدەستێهنانی ئاگربەست لە غەززەدا، گەورەترین سەرکەوتنی دیپلۆماسی بەدەستدەهێنێت، وەک وەزیری پێشوی قەتەر باسیدەکات. ئاگر بەست واتە پارێزگاریکردن لە کیانی کۆماری ئسیلامی، لە حیزبوڵای لوبنانی، لە حەماسێک کە زیاتر لە هەموو کاتێک پێویستی بە هاوکاریە ماددی و سەربازی و دیپلۆماسیەتی تارانە و پاشان خۆپیشاندان وەک ئەکتەرێک کە بەدوای ئاسایش و سەقامگیریدا دەگەڕێت نەک تێکدان و گێرەشێوێنی.
نۆهەم : ڕوسەکان کە نزیکترین دۆستی ئەنتەرناسیۆنالی ئێرانیەکانن، چەندین کەسایەتی بەهێز و کارایان ناردوە بۆ تاران بۆ ئەوەی هاوکێشەکان بە ئاڕاستەی ستراتیژیەتی مەسعود پزیشکایان و حکومەتەکەیدا بەرن نەک بە ئاڕاستەی ڕادیکاڵەکانی سوپای پاسداراندا. ڕوسەکان پێیانوایە کە وەڵامدانەی توندی ئیسرائیل نە لەبەرژەوەندی ئێراندایە، نە لەبەرژەوەندی سوریای هاوپەیمانی هەردولادایە و ئێرانیەکانیش باش لەم پەیامەی مۆسکۆ تێگەیشتوون.
دەهەم : وڵاتانی عەرەبی، سەرەڕای ناکۆکیەکانیان لەگەڵ بزوتنەوەی حەماسدا، یەکجار بێزارن لە تیرۆرکردنی ئیسماعیل هەنیە کە ڕوخساری دیپلۆماسی بزوتنەوەکەبوو. ئەم هەڵوێستەی وڵاتانی عەرەبی، بەتایبەتی ئوردن و میسر و قەتەر، هاوئاهەنگە لەگەڵ هەڵوێستی ئیدارەی ئەمەریکیدا.

بۆیە بەپێچەوانەی مانگی چوارەوە، کە هاوکاریی ئیسرائیلیان لە بەرامبەر ئێراندا کرد، ئەمجارە گریمانەی بەهێز  بریتیە لە بێلایەنبوونیان گەربێت و ئێران پەلاماری ئیسرائیل بدات.

 

وتاری زیاتر