ئێمە لە چ دنیایەکی ناشیریندا دەژین

لە لایەن عادل باخەوان07/07/2024

ئێمە لە چ دنیایەکی ناشیریندا دەژین !
یەکەم : نازانم کۆمەڵگای نێودەوڵەتی پێویستی بە چەند هەزار مناڵی کوژراوی فەلەستینیە بۆئەوەی کۆتایی بە جەنگی غەززە بێنێت ؟ ئێمە لەسەردەمێکدا دەژین کە ڕۆژانە چەندین مناڵی فەلەستینی بێگوناه دەکوژرێن، بەبێ ئەوەی مێشێک میوانمانبێ !
دوهەم : ئەوەی لە فەلەستین ڕودەدات، لە ئۆکرانیاش ڕودەدات و ڕۆژانە دەیان هاوڵاتی بێ تاوانی ئۆکرانی لەلایەن سوپاکەی پوتینەوە دەکوژرێن بەبێ ئەوەی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بتوانێت سنورێکی بۆ دابنێت.
سێهەم : ئەوروپا لە پەڕینەوەیەکی یەکجار ترسناکدایە. لە ئەوروپای دێمۆکراسیەوە بەرەو ئەوروپای داخران، لە ئەوروپای مۆدێرنیتێەوە بەرەو ئەوروپای کۆنەپەرستی! ئەوەی پاش هەڵبژاردنەکانی یەکێتی ئەوروپا ڕویدا، شیاوی ئەوەیە کە چیتر مرۆڤایەتی لە هیچ شتێک دڵنیا نەبێت.
چوارەم : بەپێی زۆربەی ئاماژەکان، دۆنالد ترامپ دەگەڕێتەوە بۆ کۆشکی سپی، واتە پۆپلیزم جارێکی دی سەرکردایەتی بەهێزترین دەوڵەتی جیهان دەکات ! لەم بارەیەوە فەیلەسوفێکی فەرەنسی دەنوسێت : کاتێک پەروەردەنەکراوەکانی کۆمەڵگا بەرەو سەری سەرەوە هەڵدەکشێن، دەرەنجامەکەی گەیاندی دۆنالد ترامپەکانە بەدەسەڵات !
پێنجەم : بەپێچەوانەی هەموو ئەم داتا ڕەشانەوە، لە بەریتانیا و ئێران، دوو ئاماژەی ئەرێنی لە ئارادان، لە لەندەن جارێکی دیکە بەریتانیەکان دەنگ بە چەپی عاقڵ دەدەن و لە تارانیش کەسێکی میانڕەو دەبێت بە سەرۆککۆمار. بێگومان نە ئەوەی لەندەن شۆڕشی کرێکاری دروستدەکات و نە ئەوەی تارانیش ڕژێمی کۆماری ئیسلامی دەگۆڕێت، بەڵام لەسەر ئاستی ڕێژەیی، دەکرێت وەک تروسکەیەک لەنێو تونێلێکی تاریکدا ببینرێن !
شەشەم : سەبارەت بە کوردستان زۆر پرسیارم لێدەکرێت لەسەر ئەوەی کە ئایا پرۆژەیەک لە ئارادایە بۆ دواخستنی هەڵبژاردن ؟ ئەوەندەی من ئاگاداربم نەخێر، بەڵام کوردستان و عێراق بەشێکن لە هاوکێشەی قەزاو قەدەر و کەڵەک و دەکرێت لە هەر چرکەیەکدا گۆڕانکاری بەسەر هەموو شتێکدا بێت.
حەوتەم : پرسی موچە و بودجەی کوردستان تا مانگی یانزەی ساڵی داهاتوو یەکلاییبوەتەوە، بەڵام گەر پاش مانگی یانزە، هەرێمی کوردستان بەوردی و بە وریاییەوە لەگەڵ جڤاتی شیعەدا مامەڵە نەکات و ئەزمونی ٢٠٢١ دوبارە ببێتەوە، دەکرێت دیسانەوە پرسی ئابوری و ئاسایشی هەرێم بخرێتەوە ژێر هەڕەشەی ستراتیژیەوە.

وتاری زیاتر