موحەمەد شیاع سودانی و من

لە لایەن عادل باخەوان26/07/2022

ئێوارەیەکی درەنگ لە کۆشکی سەلام بووم لە سەرۆکی یەکێک لە حیزبە سەرەکیەکانی عێراق لای ڕاستم دانیشتبوو، سەرۆک کۆمار لەولاتر. میوانێک هات، کەمێک قەڵەو، سمێڵێکی عێراقیی قایم، هەستامەوە و تەوقەی لەگەڵ کردم. وتم بەڕێزتان کێن ؟ وتی : من موحەمەد شیاع سودانیم و بەرامبەرم دانیشت. سەرۆککۆمار لەگەڵ باڵوێزی وڵاتێکی ئەورپیادا چوەدەرەوە و بەڕەێی کرد. سەرۆکی حیزبە عێراقیەکەش ڕۆشت. سودانی و من دوو بە دوو ماینەوە. چارەکێکی خایاند تا سەرۆککۆمار گەڕایەوە. لەو چارەکەدا باسی خۆی بۆکردم. هیچ ڕازینەبوو لە سیستمی سیاسی، لە گەندەڵی، لەلاوازی عێراق، لە بێمتمانەیی کۆمەڵگا، هتد. پێموت : کەواتە بۆ لەگەڵ بلۆکی ئیتاری ؟ وتی : ئاخر لە ناو سیستمەکەدا ئەمەوێ گۆڕانکاری بکەم و دنیایەکی جوانتر دروستبکەم.
شەوێکی ئارامی بەغدادی بوو، هەوایەکی فێنک بەسەر ناوچەی سەوز و کۆشکی سەلامدا تێدەپەڕی... بە جەنابی سودانیم وت : عێراق لەسەر لەپی شەیتانە ؟
وتی : ئەزانم، بەڵام من ئەمەوێ بیهێنمە دەرەوە.
وتم : ئاخر شەیتانەکان لە پشتەوەن، لە پێشتەوەن، لە لای ڕاستەوەن، لەلای چەپتەوەن !
وتی : ئاخر منیش هەوڵدەدەم ڕێگایەک بدۆزمەوە بۆ ئەوەی لێیان دەربازببم و ئەوەی مومکینە بیکەم.
سودانی ئەو ئێوارە بەغدادیە زۆر شتی وت....لە عێراقدا زۆر شت ئەوترێت، زۆر خەونی جوان ئەبیرنێت، بەڵام تراژیدیای واقیع زۆر تاڵترە لە خەونە جوانەکان و لە وتراوەکان... با چاوەڕێیی ڕۆژی پێنجشەمە بکەین بزانین موعجیزەکە ڕودەدات !!!

وتاری زیاتر