کەلتوری کۆڵان یان کێبرکێی کورسی کۆشکی کۆماریی!

لە لایەن د. ماجد خەلیل14/10/2022


لە کەلتووری کۆڵاندا، یارییەکان یاسای نەنوسراوی نەریتییان هەبوو، هەرگیز هەوانتە نەبوون.
بابەتە سیاسییەکانی ئەمڕۆیش، گرەوی گەمەکانی گەیاندووەتە کۆشکی کۆمار، جیاواییەکە لەوەدایە لێرە یارییەکان یاسایان نییە. گەمەکان و گردبوونەوەی سەرە زلەکان، تێکڕا تەنافێکی لولکراو لە گیرفانیاندایە، لە کەمترین دەرفەتدا بەرانبەر دەخنکێنن.
لە کەلتوری پاڵەوانبازی پێشیندا، بەڕبەڕییەکان وەختێ لە گۆڕەپانەکەدا دانەیەکیان شمشێر یان خەنجەرەکەی خرابوایە خوارێ، ئەوی دی لەسەری ڕادەوەستا تا هەڵی گرێتەوە. وەلێ لەم گەمە گولەی دیموکرسیدا، کوڕ ئەو کوڕەیە کسپە لە جەرگی بەرانبەر هەڵسێنێ.
تۆ تەماشا، سەرۆکی پارتەکان، سیاسییەکان، بەهەمان تۆنی تافی منداڵی و کۆڵانە کلاسیکییەکانی حەفتاکان دەدوێن.
باشە کەسێک نییە پێیان بڵێ:ٚ
مەرج نییە کە قسەت کرد، رەگی ملت ڕاستبێتەوە؟
کەسێک نییە پێیان بڵێ:
وشەی شکان شەرمە بۆ دوژمنیش بەکاری بهێنیت.
ئەی کەسێک نییە بەملاتر بڵێ:
ئیرادە زۆر لەوە لەپێشترە، بیکەیتە بنێشتە خۆشەی سەر زاری داپڵۆسینی دنیابینی سیاسییانەی هاوزوانەکانت.
ئەم زبری و زەندەقچوونە لەهەمبەر سەرکەوتن و شکستی یەکتریدا بۆ؟
ئەم پەرۆشییەی پاڵپاڵێن لە پشتی یەکتریدا یادەوەری و میراتی کام دۆزەخی دنیابینیتانە؟
کەسێک نییە پێیان بڵێ:
زمانی کوردی گەلێ زەنگینە، پڕە لە ئیدیۆم و ئەدەبیاتی جوان، پڕە لە ڕستەی ڕەنگین و ڕازاوە، پڕە لە وشەی ویژداناوی و وێنای شیرین، بۆ دەبێ لە کۆنگرە ڕۆژنامەنوسییەکاندا بە مۆدیلی مێشکی سەعدی پیرە بدوێن؟ ئاخر چ نەریتێکی نەجیب ناتۆرەی پۆرتشکانی بەرەنبەر بە دەستکەوت دەزانێ؟
داخۆ ئەمانەی کن خۆمان گوێیان لە وتارەکەی سەدو چل ساڵ پێش ئێستای شێخ عوبیدوڵا دەبوو، بزانن بە چ ئەدەبێکەوە ئێران و توران دەدوێنێ.
خۆزگە خەباتی خاکییانەی میر بەدرخانیان شکدەبرد، بزانن بە چ ویقارێکی ویژدانەوە نەستوری و نەتەوەکانی تری دەدواند.
خۆزگە دەیانزانی عەبدوڕەزاق بەدرخان چلۆن چرای وشەکانی دادەگیرساند.
مرۆڤ مەحاڵە میراتی ئەمانە بباتەوە سەر شێخ سەلامی بارزان، چلۆن لەبەردەم پەتی سێدارەدا وشەیەکی زبر زمانە ئاشتیخوازە کوردییەکەی بریندار نەکرد.
تۆ بڵێی زمانی ئەمانە لە چ ئەسرار و ئەشکەوتێکەوە ئامێتەیان بووبێ؟
باشە بۆ دەبێ وەک داشێکی سوار، وشەکان بەرانبەر فڕێدەنە دەرەوەی گەمەکە؟
بۆدەبێ وەختێ دەدوێین، بەرچاوی پەنجەکانمان سوور بێت؟
کەسێک نییە پێی بڵێ:
دەکرێ قسەبکەیت و ملت بانەدەیت، ئاخر پەیڤین و پۆستاڵ کوجا مەرحەبا.
لەڕاستیدا ئەمشەو چاوەڕێ دەکرا پیرۆزبایی و پەیڤی شیرین، دەسپێکی دیموکراسیانەی جوان و جیاواز جێی بێتەوە، نەک تەواوی سۆشیال میدیا ببێتە بگرەو بەردە، ببێتە پێشهاتی پاشقول و یەکتر تەزاندن، ببێتە تانەو تەشەری توندوتیژ.
لە یاساکانی کۆڵاندا، ئازایەتی لە بەرگی شەقاوە و شەقوەشاندن، لەفۆڕمی فەوزا و گەمەی گوندایەتیدا خۆی نومایان دەکرد.
منداڵی ئازا، ئەو کەسە بوو، ئازایەتییەکەی ئەمری واقیع بێ، وەختێ لە مەیدانەکەدا ملیدەهێنایە ناوەوە، ئیتر منداڵانی دەوروخولی دەسڵەمانەوە. زۆرجار پێڕێکی لێ پێکدەهانین و بەڕاست و پە چەپا چالاکی خودسەرانەی پێدەکردن. جاروبار بازنەکە بەرینتر دەبوو، گوندەی گەڕەکێک، گازی گوندەی گەڕەکێکی تری دەکرد، ئیتر حیکایەتەکە حەوزەیەکی دەتەنییەوە.
لە دەرەوەی کەلتووری کۆڵاندا، ورەدە کەلتووری دی هەبوون. زاڕۆیەک شانی لە شانی یەکێکی تر بدایە، منداڵێک لە رەسمێندا لەوی تری ببردایەتەوە، جەوانێک چاوی داگرتایە لە کیژێکی ئەولا، ئیتر مەحشەر هەڵدەستا. مەوزوعی مەحشەرەکەش، بابەتی ئیرادە بوو. ئیرادە ئەدەبیاتی کۆڵانی ئاڕاستەدەکرد.
لە کۆڵاندا رێسای نەنوسراوی نەریتی هەبوون، پڕەنسیپی پیادەکراو کاری خۆی دەکرد. تێکڕای یارییەکان یاسای خۆیانیان هەبوو. بەڵام لێرە هەمان هێماکانی منداڵی دووبارە بوونەتەوە، تەنها یاساکانیان فەرامۆشکردووە.

وتاری زیاتر