شەڕ کۆتایی نەهاتووە !

لە لایەن عه‌بدولستار مه‌جید16/01/2025

شەڕ کۆتایی نەهاتووە !
تۆفانی ئەقسا، داستانێکی شکۆدار و مێژویی

سوپاس بۆ خوای گەورە شەڕی نێوان هەموو خۆرئاوا و جەنگاوەرانی حەماس لە غەزە راوەستا .
ئەمەی ئەنجامدراوە ئاگربەستە نەک کۆتایی جەنگ، شەڕ کۆتایی نەهاتووە و تۆفانی ئەقسا سەرەتای شەڕەکەیە و درێژەشی دەبێت، هەتا بە ئیزنی خوا، قودس و ئەقسا و خاکی پیرۆزی داگیرکراوی پێغەمبەران لە نەجاسەت و وەحشیگەریی سەهیۆنییەت پاکدەکرێتەوە و ئەو ڕۆژەش نزیکە !
داستانی تۆفانی ئەقسا، گورزێکی جەرگبڕ و کاریگەر و لەجێ و مەکانی خۆیدا بوو، بەدرێژایی مێژوی چڵکن و ملهوڕیی خۆی، هیچکات ڕژێمی زایۆنی گورزی هاوشێوەی تۆفانی ئەقسای بەرنەکەوتووە .
هەموو وڵاتانی عەرەب کە بەحساب شەڕیان کرد لەگەڵ ڕژێمی زایۆنیی، بەهەمویان هێندەی حەماس نەیانتواتی لوتی ئەو ڕژێمە خەتەرناکە بشکێنێت .
راستە زایۆنییەکان خەڵکێکی زۆریان کۆمەڵکوژکرد و کەرتی غەزەی وێرانکرد، بەڵام هەرگیز نەیتوانی ئیرادەی جەنگاوەرانی قەسام و جیهادی ئیسلامیی و گەلی فەلەستین لە غەزە تێکبشکێنێت .
کوشتنی ژن و مناڵ لوتکەی بێ ئەخلاقیی و بێویژدانیی و ئەوپەڕی تێکشکان و ترسنۆکیی و سەخافەتە و لەمەشدا ڕژێمی زایۆنی و ئەمریکا، لە ریزی هەرە پێشەوەدان !
زۆری ژمارەی قوربانیی و بەرزی ڕێژەی زەرەر و زیان نابێتە پێوەری شکستی شۆڕش و ڕاپەڕین و قوربانیدان و هەوڵدان بۆ ئازادی و کەرامەت، ئەگەر وابێ، کەواتە بۆ ئێمەی کوردیش ڕاستە کە کارەساتی هەڵەبجە و ئەنفال و نوگرە سەلمان و ... هتد هەیە !
کاتێ ڕژیمی بەعس ئەو هەموو تاوان و کۆمەڵکوژییەی بەرامبەرمان ئەنجامدا،خەتای کورد بوو کە بەعسیەکان وایان لێکردین ؟!
کۆتایی و دوو کورتە قسە
یەکەم: جەنگاوەرانی قەسام و حەماس لەم شەڕەدا سەرکەوتن و لوتی ملهوڕیی رژێمی زایۆنی و ئەمریکایان شکاند و سەلماندیان ئەوان خاوەن قەزییەیەکی ڕەوان و نوێنەرایەتی خاکێکی داگیرکراو و میلەتێکی ستەملێکراو بەڵام ئازا و ئازاد دەکەن و درۆزنی و وەحشیگەریی خۆرئاوا ناتوانێ وایان لێ بکات دەست لە ماف و کەرامەت و خاکی خۆیان هەڵبگرن .
دووەم: هەرکەس باسی ئازادی و مافی ژن و مناڵ و مرۆڤ بکات، لێرە بەدوا ئەمریکا و خۆرئاوا بۆیان نیە باسی بکەن، نزیک بە ٢٠٠ هەزار قوربانیی غەزەییەکان، داڕزین و ڕوڕەشییە بۆیان !

وتاری زیاتر