وه‌زیری ناوخۆی توركیا: قه‌ندیل بۆ ئێمه‌ پاروویه‌كی ئاسانه‌

29/04/2019

سلێمان سۆیڵو

 

شاخ پرێس:

وه‌زیری ناوخۆی توركیا قەندیل بە پاروویەکی ئاسان بۆ سوپای وڵاتەکەی ناودەبات و هۆشداریی دەداتە هەدەپە لەبارەی ئەو شارەوانیانەی لە هەڵبژاردن بردوونیەتییەوە کە پەیوەندییان لەگەڵ پەکەکە نەبێت.

له‌میانی به‌شداریكردنی له‌ به‌رنامه‌یه‌كی كه‌ناڵێكی توركیادا، سلێمان سۆیڵو، وه‌زیری ناوخۆی توركیا وه‌ڵامی پرسیاره‌كانی میدیاكارانی دایه‌وه‌ و گوتی: "ئیدی قه‌ندیل بۆ ئێمه‌ پاروویه‌كی ئاسانه‌. ته‌رخانكردنی كات بۆ ئێمه‌ گرنگه‌. چوار ساڵ و شه‌ش مانگی حوكمڕانیمان له‌ پێشه‌. توانای توركیا لەڕووی سه‌ربازییه‌وه‌ زۆر به‌رزبووه‌ته‌وه‌". 

سلێمان سۆیڵو له‌باره‌ی ئه‌و شاره‌وانیانه‌ی له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کەدا هه‌ده‌په‌ بردوونیه‌تیه‌وه‌ گوتی "هه‌ر كاتێك بینیمان تیرۆر له‌گه‌ڵ شاره‌وانی له‌ په‌یوه‌ندیدایه‌ رێگای پێناده‌ین". 

وه‌زیری ناوخۆی توركیا گوتیشی "له‌گه‌ڵ پاككردنه‌وه‌ی ناوچه‌كانی سووریا له‌ تیرۆر، ئارامی باڵی به‌سه‌ر ئه‌و ناوچانه‌دا كێشاوه‌ و تاوه‌كو ئێستا 322 هه‌زار و 700 په‌نابه‌ری سووری بۆ ئه‌و ناوچانه‌ گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌". 

لە دووساڵی رابردوو هێرش و ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای تورکیا بۆسەر ئەو ناوچانەی گەریلاکانی پەکەکەی تێدان لە سنووری باشوور و باکووری کوردستان، بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە و بەردەوام لەلایەن فڕۆکەجەنگییەکانی تورکیاوە ئەو ناوچانە بۆردوومان دەکرێن. بۆردوومانەکانیش زۆرجار بووەتە هۆی ئەوەی خەڵکی سڤیلیش لە گوندەکان ببنە ئامانج و زۆربەی گوندەکانیش چۆڵکراون.

ژمارەی خوێندراو : 280 جار

هەواڵی زیاتر