گۆڕان دوو مەرجی هەیە بۆ زیادکردنی جێگرێکی دیکە بۆ پۆستی سەرۆک

29/04/2019

شۆڕش حاجی، ئەندامی خانەی راپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان

 

دوای نزیکەی مانگێک لە کۆبوونەوە و دانوستاندنی نێوان گۆڕان و پارتی بۆ زیادکردنی جێگرێکی دیکە بۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان، دواجار جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەکە بە پێشنیازەکە رازی بوو.

لە چەند رۆژی ئاییندەدا لیژنە دانوستانکارەکی گۆڕان وەرەقەیەکی نوێ دەخاتە بەردەستی پارتی، هەم وەڵامی گۆڕان و هەم ئەو مەرجانەشی تێدایە، کە پێی رازی بوون.

شۆڕش حاجی، ئەندامی خانەی راپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان دەڵێ "بڕیاری جڤاتی نیشتمانی گۆڕان و وەڵامی بزووتنەوەی گۆڕان درا بە شاندی دانوستانکاری بزووتنەوەکە بۆ ئەوەی لە گەڕی دانیشتن لەگەڵ شاندی دانوستانکاری پارتی دیموکراتی کوردستان، دوا بڕیاری جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕانیان لەلابێت".

به‌پێی زانیارییه‌كانی شاخ پرێس، زانیویەتی گۆڕان بۆ زیادکردنی جێگرێکی دیکە بۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان، دوو مەرجی هەیە: یەکگرتنەوەی هێزەکانی 70 و 80 و دەسەڵاتپێدان بە یاریدەدەری سەرۆکی حکومەت بۆ کاروباری چاکسازی، تاوەکو خێرا و دەستکراوە ئەوەی دەیانەوێت بیگۆڕن.

نەسرەدین مەحموود، ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان دەڵێ "نەرمینواندنی بزووتنەوەی گۆڕان لەبەر بەرژەوەندیی گشتییە، لەبەر بارودۆخی هەرێمی کوردستانە و، لەبەر زوو پێکهێنانی کابینەی نوێیە، نیەتی ئێمە و بەرنامەی بزووتنەوەی گۆڕان بەرنامەیەکی چاکسازییە، بەرنامەکەمان لە کابینەی نوێ جێبەجێ بکرێت یاخود بەشێکی جێبەجێ بکرێت، ئەوە بۆ بزووتنەوەی گۆڕان لە پۆست و پلە زیاترە".

هەموو هەنگاوەکانی پێکهێنانی حکومەت و کاراکردنەوەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و گفتوگۆ و دانوستاندنەکانی حیزبەکانیش پەیوەست بوو بە رازیبوونی گۆڕان بە داواکەی یەکێتی، ئێستا کە ئەوانیش بڕیاریانداوە، ئیدی هیچی دیکە نەماوە لەسەری بووەستن.

ژمارەی خوێندراو : 230 جار

هەواڵی زیاتر