عه‌بدولره‌زاق شه‌ریف روونكردنه‌وه‌یه‌كی‌ بڵاوكرده‌وه‌و ده‌ڵێت گۆڕان دژایه‌تی‌ بیروڕوانینه‌كانی‌ نه‌وشیروان موسته‌فا ده‌كات

29/04/2019

عەبدولڕەزاق شەریف


شاخ پرێس

پاش ئه‌وه‌ی له‌لایه‌ن خانه‌ی‌ راپه‌راندنی‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ گۆرانه‌وه‌ له‌و حزبه‌ دوورخرایه‌وه‌؛ عەبدولڕەزاق شەریف، روونكردنه‌وه‌یه‌كی‌ بڵاوكرده‌وه‌و رایگه‌یاندووه‌، گۆڕان له‌ پره‌نسیپ‌و تێزه‌كانی‌ نه‌وشیروان موسته‌فا لایداوه‌و هه‌روه‌ها گەندەڵی مالی‌و ئیداری‌و ئەخلاقی‌و گلان لە سەفەقاتی بازرگانی بەدگومان‌و ناڕون بوونی‌ هه‌یه‌.

راشیده‌گه‌یه‌نێت، له‌ میدیاكانه‌وه‌ هه‌واڵی‌ دوورخستنه‌وه‌ی‌ خۆی‌ بیستووه‌.

عه‌بدولره‌زاق شه‌ریف، له‌ روونكردنه‌وه‌كه‌یدا ده‌ڵێت، بێ رەچاوكردنی گشت پرەنسیپە دەستوری‌و یاساییەكان، گشت عورفە سیاسی‌و كۆمەڵایەتی‌و ئەخلاقییەكان، دوای كۆتایی كۆبونەوەی جڤاتی نیشتمانی لە ئێوارەی 28/4 دا، بەیانی رۆژی دواتر وەكو هەر هاوڵاتییەك هەواڵی دورخستنەوەم لە بزوتنەوەی گۆڕان لە راگەیاندنەكانەوە بیست.

ده‌شڵێت، ئەوەی لەمڕۆدا پێویستی وتن بێت، تەنیا ئەم خاڵانەیە‌و لە ئایندەیەكی نزیكدا، بۆ هەریەكە لەوانە بەبەڵگەوە درێژەو وردەكاری دەخەمەڕو.

یەكەم: بەلاڕێدابردنی بزوتنەوەی گۆڕان‌و دوركەوتنەوەی لە گشت پرەنسیپەكانی نەوشیروان مستەفا‌و دژایەتیكردنی كەسایەتی‌و ژیان‌و تێكۆشان‌و بیرو روانینە سیاسییەكانی ئەو زاتە.

دووەم: برەوپێدانی گەندەڵی مالی‌و ئیداری‌و ئەخلاقی‌و گلان لە سەفەقاتی بازرگانی بەدگومان‌و ناڕون.

سێیەم: نەمانی سادەترین پابەندبون بە كاری دەستوری‌و رێكخراوەیی‌و عورف‌و ئەخلاقی سیاسی‌و هاوڕێیەتی، لەبری كاركردن بە گیانی كۆنەقین‌و پاراستنی بەرژەوەندی تاك‌و گروپی جیاجیا.

به‌رپرسه‌ دوورخراوه‌كه‌ی‌ گۆڕان روونیشیده‌كاته‌وه‌، بەندە لە تەمەنی كاری سیاسی خۆمدا، لەچوارچێوەی پەیڕەو و دەستوری رێكخراوەیدا، هەمیشە بە ئەركی خۆمەوە پابەندبوم‌و لە هەر ئۆرگانێكدا كارم كردبێت، بەگژ دیاردە دزێو‌و ناشیرینەكاندا چومەتەوە‌و باجەكەشیم داوە، ئەو بڕیارەی گروپێكی خانەی راپەڕاندنیش كاردانەوەی هەڵوێستەكانم بوە‌و شانازی پێوە دەكەم، چونكە دوای مردنی نەوشیروان مستەفا، ئەو ئەركەی سەرشانی خۆم‌و هاوڕێكانم قورستر بوە، نە یەكەم كەس‌و نە دوا كەس دەبم لەو بەگژاچونەوە‌و تەسفیەكردنە.

ئه‌مرۆ خانەی راپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان بڕیاریدا بە دوورخستنەوەی عەبدولڕەزاق شەریف لە بزووتنەوەی گۆڕان.

لە بڕیارەکەی خانەی راپەڕاندندا هاتووە پابەند نەبوونی بووە بە، "پرەنسیپەكانی رێكخراوەیی ‌و بەرنامەی بزووتنەوەی گۆڕان"، بۆیە خانەی راپەڕاندن بڕیاریداوە بە "بەدەركردنی لە ریزەكانی گۆڕاندا".

عەبدولڕەزاق شەریف، بۆ میدیاكانی نزیك له‌ پارتی ئه‌وه‌شی وتووه‌: "هەرکاتێک خانەی راپەڕاندن بە فەرمی دەرکردنی خۆمیان پێڕاگەیاندم، هەڵوێستی خۆم ئاشکرا دەکەم".

ژمارەی خوێندراو : 288 جار

.

هەواڵی زیاتر