شاخ پرێس:
بەپێی دوایین توێژینەوە، مسوڵمانان ڕێژەی ٥% ی ژمارەی ھاوڵاتیانی وڵاتانی ئەوروپا پێکدەھێنێت، لەمڕووەشەوە لە بەشێک لە وڵاتانی ئەوروپا ڕێژەکە زیاترە
پەیمانگای (بیو)ی ئەمریکی بۆ توێژینەوەکان، لێکۆڵینەوەیەکی ئەنجامداوە و تیایدا پێنج ڕاستیی سەبارەت بە ڕێژەی مسوڵمانان لە ئەوروپا خستوەتەڕوو کە بەشێوەیەکی خێرا ڕوو لە زیادبوونی ژمارەیان لەو کۆمەڵگەیانەدا دەکات و بەپێی توێژینەوەکە بەتەنھا تا ساڵی ٢٠١٦، ڕێژەکە بۆ ٥% زیادیکردووە و ئەو ڕێژەیەش بەردەوام لە زیادبووندایە .
توێژینەوەی ئەو پەیمانگە ئەمریکیە پێیوایە کە زیادبوونی ڕێژەی مسوڵمانان دەبێتە ھۆی گۆڕینی دیموگرافیا لە بەشێک لە وڵاتانی ئەوروپا و لێکەوتەی سیاسیی و کۆمەڵایەتی دەبێت، بەتایبەتیش لەگەڵ زیادبوونی ڕێژەی کۆچبەر و پەنابەران کە زۆربەی زۆریان مسوڵمانن .
بەبەکارھێنانی تازەترین پێوەرەکانی پەیمانگاکە بۆ دانیشتوان، پێنج ڕاستی لەسەر پێکھاتەی دانیشتوانی مسوڵمان لە وڵاتانی ئەوروپا خراوەتەڕوو:
١. سێ دەوڵەتی ئەوروپی زۆرترین ڕێژەی مسوڵمانی ھەیە
ھەریەکە لە فەرەنسا و ئەڵمانیا گەورەترین ڕێژەی مسوڵمانی تێدایە (لەچاو وڵاتانی ئەوروپا کە ژمارەیان ٢٨ دەوڵەتە بە نەرویج و سویسراشەوە)
تا نیوەی یەکەمی ساڵی ٢٠١٦ لە فەرەنسا (٥ ملیۆن و ٧٠٠ ھەزار مسوڵمان) بوونی ھەبووە کە دەکاتە ڕێژەی (٨.٨%) و لە ئەڵمانیاش (٥ ملیۆن) مسوڵمان ھەیە کە ڕێژەکەی دەکاتە (٦.١%)
قوبروس لەناو وڵاتانی ئەوروپادا گەورەترین ڕێژەی مسوڵمانی ھەیە کە ژمارەیان زیاتر لە (٣٠٠ ھەزار) کەسە کە دەکاتە چارەکی دانیشتوانی ئەو دەوڵەتە بچوکە و ڕێژەی مسوڵمانان لەو دوورگەیە گەیشتوەتە (٢٥.٤%) و زۆربەشیان تورکن و ڕیشەیەکی کۆنیان لەو وڵاتەدا ھەیە .
٢. ئایندەی مسوڵمانانی ئەوروپا
پشک و ڕێژەی مسوڵمانان لە کۆی ژمارەی دانیشتوانی ئەوروپا بەردەوام لە گەشەکردن و زیادبووندایە، لە ساڵی ٢٠١٠ تا ساڵی ٢٠١٦ ڕێژەی مسوڵمانان لە (٣.٨% ) بەرز بۆتەوە بۆ (٤.٩%) لە کۆی (١٩.٥ ملیۆن بۆ ٢٥.٨ ملیۆن) دانیشتوو .
توێژینەوە ئەمریکیەکە پێیوایە تا ساڵی ٢٠٥٠ ژمارەی مسوڵمانان لە وڵاتانی ئەروپا چەند قات زیاتر دەبێت و ڕێژەکەیان بۆ (١١.٢%) و زیاتریش بەرزدەبێتەوە، ئەوەش دەوەستێتە سەر ئاستی کۆچی ڕێپێدراو و یاسایی بۆ ئەوروپا . لە ئەگەری بەردەوامی کۆچیشدا ڕێژەی گەنجانی مسوڵمان و ھاوسەرگیریان و خستنەوەی وەچەیان لە ئەوروپا زیاتر دەبێت .
٣. تەمەنی ناوەندیی مسوڵمانان لە کیشوەرە پیرەکەدا .
بەپێی دوایین سەرژمێریی ئەوروپا کە ساڵی ٢٠١٦ ئەنجامدراوە، دەرکەوتووە کە مسوڵمانان بچوکترین تەمەنیان ھەیە و لەگەڵ ئەوەشدا مناڵێکی زۆریان ھەیە لەچاو ئەوروپییەکاندا، تەمەنی ناوەندیی مسوڵمانان لە ئەوروپا ٣٠ ساڵە، واتە واتە بە ١٣ ساڵ لە ئەوروپییەکان تەمەنیان کەمترە، لەکاتێکدا زۆرینەی دانیشتوانی ئەوروپا تەمەنیان لەسەرو ٤٠ ساڵییەوەیە .
بەمپێیە نیوەی مسوڵمانانی ئەوروپا تەمەنیان لەژێر ٣٠ ساڵییەوە بە بەراورد بە ڕێژەی ٣٢% ی نا مسوڵمانەکان، پێشبینیشدەکرێت کە ھەر ئافرەتێکی مسوڵمان لە ئەوروپا دوو مناڵی ببێت کە ئافرەتانی نا مسوڵمان لەو وڵاتانە بە زۆری تەنھا یەک مناڵیان دەبێت .
٤. ھۆکار و پاڵنەرەکانی گەشەی مسوڵمانان لە ئەوروپا .
لە نێوان ساڵی ٢٠١٠ بۆ ساڵی ٢٠١٦، کۆچ گەورەترین ھۆکاری گەشەی ژمارەی دانیشتوانی مسوڵمان بووە، کە جگە لە کۆچی نایاسایی (٢.٥٠٠.٠٠٠) مسوڵمان بە تەنھا بۆ خوێندن و کارکردن ڕوویان لە وڵاتانی ئەوروپا کردووە .
لەو ڕێژەیەش دواجار (١.٣٠٠.٠٠٠) کەس مافی پەنابەرێتیان لە یەکێک لە وڵاتانی ئەوروپا پێدراوە، لەو ماوەیەشدا یەک لەسەر سێی ئەو ژمارەیە ئەوروپای بەجێھێشتووە .
ئەوەش بە دووەم ھۆکاری ئاسایی گەشە و زیادبوونی مسوڵمانان دێت لە ئەوروپا و لە ماوەی ئەو شەش ساڵەشدا (٢.٩٠٠.٠٠٠) حاڵەتی مناڵبوون ھەبووە و ڕێژەی مردنیش کەمبووەتەوە، توێژینەوەکە دەڵێت "گۆڕینی ئاین لە مەسیحی و جولەکە و ئاینەکانی دیکەوە بۆسەر ئاینی ئیسلام" ھۆکاری سێھەمی گەشەی ژمارە و ڕێژەی مسوڵمانانە لە کۆمەڵگەی ئەوروپیدا .
٥. تێڕوانینی ئەوروپا بۆ مسوڵمانەکانی وڵاتەکانیان .
تێڕوانین بۆ مسوڵمانانی ئەروپا گۆڕانکاریی فراوانی بەخۆیەوە بینیوە، بەپێی ڕاپرسییەک کە پەیمانگای (بیۆ) ی ئەمریکی بۆ توێژینەوەکان لە ١٠ وڵاتی ئەروپی ئەنجامی داوە درکەوتووە کە بۆچوونە سەلبییەکان زیاتر لە خۆرھەڵات و باشوری ئەوروپا بوون لەسەر مسوڵمانان، لەکاتێکدا زۆربەی بەشداربووانی ڕاپرسییەکە لە بەریتانیا و ئەڵمانیا و فەرەنسا و سوید و ھۆڵەندا تێڕوانینێکی ئیجابییان بۆ مسوڵمانان ھەبووە .
بۆچوونەکان دەربارەی مسوڵمانان لەو وڵاتانە بەپێی ڕاپرسییەکە زیاتر ئایدۆلۆژییانەیە، لەکاتێکدا لە ئەڵمانیا (٤٧%) ی بەشداربووان لایەنگری حزبە ڕاستڕەوەکان بوون و (١٧%)یش لە چەپەکان .
ژمارەی خوێندراو : 379 جار