لەیەکەم کۆبوونەوەیدا حکومەت ئەم بڕیارانەی دەرکرد

15/07/2019


ئه‌مرۆ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان (كابینه‌ی‌ نۆیه‌م) به‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ مه‌سرور بارزانی‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان و به‌ ئاماده‌بوونی‌ قوباد تاڵه‌بانی‌ جێگری‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان و وه‌زیره‌كانی‌ كابینه‌كه‌ یه‌كه‌م كۆبوونه‌وه‌یان ئه‌نجامداو له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ئه‌م بڕیارانه‌ دران.

بڕیارەکانی‌ یەکەمین کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران:

یەکەم: سەرجەم وەزیرەکان و خاوه‌ن پۆستە باڵاکان دەبێت پابەند بن بە دەوامی فەرمی وەزارەتەکانیان لە دەستپێکی دەوامی رۆژانی یەکشەممەوە تا کۆتایی دەوامی فەرمی لە رۆژانی پێنجشەممە.

دووەم: سەرجەم فەرمانبەرانی حکومەتی هەرێم دەبێت پابەند بن بە کاتی دیاریکراوی دەوامی فەرمی و هیچ کەسێک بۆی نیە لە کاتی دەوامی فەرمیدا شوێنی کارکردنی خۆی بەجێ بهێڵیت یان کارێکی دیکەی دەرەوەی ئەرکەکەی جێبەجێ بکات.

سێیەم: فەرمانبەران دەبێت پابەند بن بە پاراستنی نهێنی کارووباری فەرمانبەرییەتی و نابێت ئەو زانیارییانەی کە بە نهێنی پۆلێن دەکرێن، لە دەرەوەی رێکارە یاساییەکان ئاشکرا بکرێن.

چوارەم: هەموو وەزیرەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت بە پێی یاسا ورێنماییەکانی دەستەی دەستپاکیی کوردستان، سەرجەم ماڵ و موڵکی خۆیان ئاشکرا بکەن.

پێنجەم: دەبێت رووتین لەداموودەزگانی حکومەتدا نەمێنێت وسەرجەم مامەڵەی هاووڵاتیان بە شێوەیەکی خێرا و وورد، لەلایەن فەرمانبەرانەوە جێبەجێ بکرێت. هەروەها وەڵامدانەوەی سکاڵاو و پرسیاری هاووڵاتیان بە شێوەیەکی خێرا و گونجاو، ئەرکی داموودەزگاکانی حکومەتە و دەبێت وەڵامی روون و ئاشکرا بۆ مامەڵەی هاووڵاتیان هەبێت و هۆکاری هەردواکەوتنێک یا رەزامەندی نەدانێک روون و ئاشکرا بێت وپێویستە رێز لە هاوڵاتیان بگیرێت لە داموودەزگاکانی حکومەتدا.

شەشەم: دیاردەی بەرتیلدان و بەرتیل وەرگرتن، لەناو دامودەزگاکانی حکومەتدا هەستی پێدەکرێت، بۆیە بنبڕ کردنی ئەم دیاردەیە دەبێتە یەکێک لەکارە لەپێشینەکانی وەزیر و بەرپرسە باڵاکانی حکومەتی هەرێم و ئەم بابەتە بە هیچ شیوەیەک چاوپۆشی لێ ناکرێت و سەرپێچیکاران بە تووندی سزا دەدرێن.

ژمارەی خوێندراو : 344 جار

هەواڵی زیاتر