لەنێوان پێشمەرگەی دوو لایەنی کۆمەڵەدا شەڕ روویدا
و بەم هۆیەوە دوو پێشمەرگەی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان کوژران و ژمارەیەک پێشمەرگەی
دیکەشیان بریندار بوون، شەڕەکە هێشتا بەردەوامە.
بەیانیی ئەمڕۆ لە گوندی زڕگوێزی سەر بە پارێزگای سلێمانی شەڕ لەنێوان
پێشمەرگەکانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان و کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی
کوردستانی ئێراندا روویدا.
رۆژی 21-06-2023 کۆمەڵەی
زەحمەتکێشانی کوردستان رایگەیاندبوو، هەوڵەکانیان بۆ یەکگرتنەوە لەگەڵ لایەنی
دیکەی کۆمەڵە (کۆمەڵەی شۆڕشگێر) تووشی شکست بووە و ئەوان وەک لایەنی کۆمەڵەی
زەحمەتکێش درێژە بە چالاکی خۆیان دەدەن.
بەیانی ئەمڕۆ ناوەندیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، لە راگەیەنراوێکدا هۆکاری دەستپێکردنی شەڕەکەی ئاشکراکرد و دەڵێت: ئەبێ رابگەینین کە لە لایەنی کۆمەڵەی شۆڕشگێر و بە سەرپەرەشتی عەبدوڵای ئازەربار، هێرش کراوە سەر فێرگە و ئوردوگا و بە قەناسە تەقە لە پێشمەرگە کراوە،
بەداخێکی زۆرەوە تا ئێستا دوو پێشمەرگەی کۆمەڵە زەحمەتکێشان بە ناوەکانی سامان ئیبراهیمی و هیوا سادقی گیانی لە دەستداوە.
ئاماژەی بەوەشداوە، لە دوێنێەوەو دوای راگەیاندنی کۆتایی پرۆسەی یەکگرتنەوە لە لایەن ئێمەوە، دەستیان داوەتە هەموو جۆرە ئاژاوەیەک و عۆمەر ئیلخانیزادە لە ناوەراستی ئوردوگاوە هاواری دەکرد با خوێن برژێت
جەختی لەوەشکردوەتەوە، زۆر هەوڵدراوە کە ئەوە روو نەدا، بەڵام بە وتەی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان ئەوان بۆ قەرەبووی شکستەکانیان لە هیچ کردەوەیەک و جینایەتێک دەس ناپارێزن. بەرپرسایەتی شەهید کردنی ئەو دوو پێشمەرگەیەش لە ئەستۆی عەبدوڵا مۆهتەدی و عۆمەر ئیلخانیزادە ودەستە راستەکەیان عەبدوڵا ئازەربار (عەبە سوورە)ـی دەزانن
ژمارەی خوێندراو : 470 جار