ساڵی ٢٠١٩ بۆ "یەکێتی نیشتمانی و کۆمەڵی ئیسلامیی و بزوتنەوەی گۆڕان" دەبێتە ساڵی کۆنگرە

23/07/2019


شاخ پرێس: 

ئەمساڵ بۆ چەند ھێزێکی سیاسیی لە ھەرێمی کوردستان دەبێتە ساڵی کۆنگرە و کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان کۆنگرەی چوارەم و بزوتنەوەی گۆڕانیش کۆنگرەی دووەمی خۆی دەبەستێت .

جڤاتی گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان دوای کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی، پێشنیازیکرد رۆژی ڕۆژی ١ ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ گۆڕان دوومین کۆنگرەی نیشتمانی خۆی ببەستێ، بۆ بڕیاردان لەبارەی ئەو پرسەش سبەی جڤاتی نیشتمانی کۆدەبێتەوە.

لەو بارەیەوە جەعفەر خەیات، ئەندامی جڤاتی گشتی بزووتنەوەی گۆڕان راگەیاند  "لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی جڤاتی گشتی پێشنیازی ئەوە کرا دووەمین کۆنگرەی نیشتیمانی گۆڕان لە ١-١١-٢٠١٩ ببەسترێت."

جەعفەر خەیات وتیشی "وەک ئەمرێکی واقع ئەندامانی خانەی راپەڕاندنی گۆڕان لە کارەکانیان تاوەکوە بەستنی کۆنگرەی نیشتمانی بەردەوام دەبن".

کارکردنی خانەی راپەڕاندنی گۆڕان بەپێی دەستوری ئەو بزوتنەوەیە لە ٢٥-٧-٢٠١٩ کۆتاییدێت، ھاوکات ئۆرگانەکانی دیکەشیان بەھەمان شێوە کۆتایی بە شەرعییەتیان دێت .

ھەرچی یەکێتی نیشتمانیی کوردستانیش کە بەر لە نەخۆشکەوتنی جەلال تاڵەبانیی سکرتێری گشتی ئەو حزبە، سەرکردایەتی و مەکتەب سیاسییەکەی ماوەیان بەسەرچووە و تا ئێستاش چەندین جار وادەی بەستنی کۆنگرەیان دیاریکردووە و ھەر جارە و بە پاساوێک ھەڵوەشاوەتەوە .

ئێستا ئەو حزبە کە لە قەیرانی نەبوونی مەرکەزیەتی بڕیاردان و بوونی چەندین باڵ و جەمسەری جیاجیادایە، کۆمسیۆنێکی بۆ بەستنی کۆنگرەی چوارەمی خۆی پێکھێناوە، بەڵام ھێشتاش ھەر دیار نیە کەی کۆنگرە دەبەستێت .

ئاسۆ شێخ نوری سەرۆکی کۆمسیۆنی ئامادەکاری کۆنگرەی چوارەم ڕایدەگەیەنێت "کارەکانی ئێمە تەواو بووە و بڕیارە لە ئایندەیەکی نزیکدا کۆبوونەوەیەک بکرێت و وادەی بەستنی کۆنگرە دیاریی بکرێت" .

شێخ نوری دەشڵێت "کۆنگرە بۆ ئێستای یەکێتی نیشتمانیی کوردستان زۆر پێویستە و بەپێی ڕەشنوسی ئەو پەیڕەوی ناخۆیەی ئامادەکراوە، گۆڕانکاری لە پەیکەری حزبیی یەکێتیدا دەکرێت بە جۆرێک پۆستی سکرتێری گشتی نامێنێت، لەبری ئەوە ئەنجومەنێکی گشتی دروست دەکرێت و ئەو ئەنجومەنە سەرۆکێک و دوو جێگری دەبێت و دەسەڵاتێکی تەشریعی ھاوشێوەی پەرلەمانی دەبێت" .

لەلایەکی ترەوە کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستانیش بڕیاریداوە ئەمساڵ کۆنگرەی چوارەمی خۆی ببەستێت و سەرکردایەتی ئەو حزبەش لە کۆبوونەوەی ڕابردوویدا بە کۆی دەنگ بڕیاریداوە تا کۆتایی ئەمساڵ کۆنگرە ببەستێت .

کۆمەڵ بۆ ئەو مەبەستە دوو لیژنەی بەناوەکانی (لیژنەی ئامادەکردنی پەیڕەوی ناوخۆ و لیژنەی زەمینەسازیی) پێکھێناوە .

عەبدولستار مەجید ئەندامی ئەنجومەنی سیاسیی کۆمەڵ ئاشکرایدەکات "لیژنەی پەیڕەوی ناوخۆ ئەرکیان ئامادەکردنی ڕەشنوسێکی پەیڕەوە کە تیایدا پەیکەری حزبیی کۆمەڵ بۆ چوار ساڵی داھاتوو دیاریی دەکات" .

وتیشی "ئەرکی لیژنەی زەمینەسازیش، قسەکردن و ئاشتکردنەوەی ھەموو ئەو کادر و سەرکردە ناڕازیی و زویرانەیە کە لەماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا لەو حزبە چوونەتە دەرەوە یان نیگەرانن و لە ماڵەوە دانیشتوون و بۆ ئەو مەبەستەش ھەنگاوی باشمان ناوە و کاردانەوەی ئیجابیش لەلایەن ئەو خوشک و برایانەوە ھەبووە کە نیگەرانن" 

ژمارەی خوێندراو : 348 جار

هەواڵی زیاتر