قایمقامی پێنجوێن "کارەسات و ئابڕووچوون" لە مەرزی باشماخ ئاشکرادەکات

23/07/2019

شاخ پرێس:

قایمقامی پێنجوێن ئاماژە بەوە دەکات ئەو قاچاخچێتیەی لەمەرزی باشماخەوە دەکرێ زۆر خراپترە لەو پاشاگەردانی‌و قاچا‌چاخچێتیەیی لەسەردەمی شپرزەیی‌و بێ حکومەتیی سەرەتای ساڵانی نەوەدەکان‌و بەرەی کوردستانیدا دەکرا، ئەو دەڵێت "کەسانی دەستڕۆیشتو بەشێوەی نایاسایی، کەلوپەل‌و کەرەستە دەھێننە کوردستانەوەو بەدەیان چەکدار وەکو پاسەوان دەخەنە شوێن ئەو بارانەی بەنایاسایی دەیانھێنن".

زانا ڕەحمان، قایمقامی پێنجوێن لەگفتوگۆیەکیدا لەگەڵ رۆژنامەی "زەمەن"، ئەوە روندەکاتەوە کە "نەحکومەت‌و نەئاسایش دەستیان بەسەر ئەو کەسانەدا ناڕوات بەقاچاخ‌و نایاسایی کۆنتێنەر دەھێنن‌و کەس نازانێ چییان تێدایەو ئەوەی ئێستا ھەیە لەسەردەمی شپرزەیی‌و بێ حکومەتیی سەرەتای ساڵانی نەوەدەکان‌و بەرەی کوردستانییشدا نەبوە".

قایمقامی پێنجوێن دەشڵێت "بەدیاریکراوی نازانین کێن ئەو قاچاخچێتییە دەکەن، بەڵام زۆرجار ٢٠ کۆنتێنەر دەھێنرێت‌و بەچەکدارەوە پاسەوانی دەکرێت‌و دەبردرێت بۆ سلێمانی، بێگومان ئەمانە کەسانی بەدەسەڵاتن کە دەتوانن کاری وا بکەن. ئەو ٢٠٠ چەکداری پێبێ بۆ پاسەوانی بارەکانی، ئێمەش دەبێ ٣٠٠ چەکدارمان پێبێ تا بچین ڕێگرییان لێبکەین. ئەمە دەریدەخات ئەم کەسانە دەسەڵاتیان لەسەرو ئاسایش‌و پۆلیسیشەوەیە!".

زانا رەحمان ئاماژە بەوە دەکات کە ڕوبەروبونەوەی گەندەڵی ئیرادەی دەوێ، ئەو دەڵێت "ئەوانەی گەندەڵی‌و دزی دەکەن کەمینەیەکن، ئەگەر ئیرادە ھەبێ ئەو کەمینەیە ھیچیان پێناکرێت، بەڵام ئێستا ئیرادەکە نییە لە ھیچ ئاستێکدا. جۆرێک لەپاشاگەردانی‌و بێسەروبەریی ھەیە،‌ ئەگینا ئەم ھێزە بەچی حەقێک ئەم کاڵایانە دەھێنێ و دەبات؟".

قایمقامی پێنجوێن لەم گفتوگۆیەی لەگەڵ رۆژنامەی زەمەن، ئەوەش روندەکاتەوە کە ژمارەیەک کۆمپانیا لەمەرزی باشماخ بەناوی جۆراوجۆرەوە پارە لەو بارانە وەردەگرن دەھێنرێنە ھەرێمی کوردستانەوەو پێیوایە سەرچاوەی ھەمو کێشەکان وەزارەتی داراییە. لەبەرئەوەی وەزارەتی دارایی ڕاستەوخۆ بەرپرسن لە مەرزەکان بە تایبەت شەخسی وەزیر خۆی.

ئەو دەڵێت "تازەترین کۆمپانیا بەناوی ترانزێتەوە لەھەر بارھەڵگرێک ٥٠ دۆلار وەردەگرێ، ژووری بازرگانی سلێمانی ھاواری لێھەستاوە کە بازرگانان ڕوو لە مەرزەکانی عێراق دەکەن ئەگەر وابڕوات. چونکە وای لێھاتووە ‌ھەر کە دەچیتە مەرزەوە بەچەندین شێوازو ناوی جۆراوجۆرەوە پارە وەردەگیرێ".


ژمارەی خوێندراو : 600 جار

هەواڵی زیاتر