قودس ، گەڕەکی مەغریبییەکان

26/08/2023

قەوارەی زایۆنی، شوێنەوارێكی گرنگی سوڵتان سەڵاحەدینی ئەیوبی، تەختی زەوی دەكات

دەوتریت ئێرە هەمان ئەو شوێنەیە كە شەوی ئیسرا و میعراج "بوراق"ی لێ دابەزی، ئەو گیاندارەی كە پێغەمبەر موحەممەدی بۆ شەو ڕەوی لە مەككەی پیرۆزەوە بۆ بەیتولمەقدیس و لەوێشەوە بۆ ئاسمانەكان گواستەوە .

ئەمە گەڕەكی مەغریبیەكانە كە فەلەستیینییەكان پێیدەڵین "حارە المغاربە"، بەرلە 800 ساڵ پێش ئێستا ئێرە سەنگەری دامەزراوی مسوڵمانان بووە دژی خاچپەرستان .

نزیكترین شوێنە لە مزگەوتی موبارەكی ئەقسا و دیواری بوراقەوە و، مێژووی دروستبوونەكەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ئومەوییەكان .

لێرە چەندین دامەزراوە و شوێنەواری گرنگیی مێژویی ئاینیی ئیسلامیی تێدابووە كە ڕۆڵێكی گەورەیان هەبووە لە پێشكەوتنی بزوتنەوەی فیكر و زانست لە شاری قودس .

لەپاش ئازادكردنی شاری قودس لەلایەن سوپای ئیسلام بە سەركردایەتی سەركردەی مسوڵمانی كورد سوڵتان سەڵاحەدینی ئەیوبی لەژێر دەستی خاچپەرستان، سوڵتان سەڵاحەدین ئەم ناوچەیەی كردە دیاریی بۆ مسوڵمانە مەغریبییەكان كە لێرەدا ڕوبەڕوبونەوەیەكی سەختیان لەگەڵ خاچپەرستان كردووە و قوربانییەكی زۆریشیان داوە .

ئەم دیارییەی سوڵتان سەڵاحەدین ڕێزلێنان و پێزانینێك بوو بۆ ئەو قارەمانێتی و قوربانیدانەی كە مسوڵمانی ئەم ناوچەیە لە شەڕی خاچپەرستان و ڕزگاركردنی قودسدا پێشانیاندا .

لەپاش ئەمە، خەڵكەكەی ئاوەدانیان كردەوە و تیایدا نیشتەجێبوون و بە تێپەڕبوونی كات و گەورەبوونی شارەكە، بووە یەكێك لە گەڕەكە دێرینەكانی قودس، گەڕەكێك كە دواتر بووە چرای ڕووناككردنەوەی ڕێگەی زانست و پیشكەوتن و ئاوەدانی .

ساڵی 1967 لەلایەن قەوارەی داگیركەری زایۆنییەوە كەوتە بەر شاڵاوی ڕوخان و وێرانكردن و، گەڕەكەكە بە هەموو یادگاریی و شوێنەوارە مێژوییە نایاب و دەگمەنەكانیەوە كە دەوترێت 135 بینا و باڵەخانەی مێژویی گرنگ و پڕبایەخی تێدابووە، تەختی زەوی كرا .

هەر ئەوەندەش نا، بەڵكو تەواوی دانیشتوان و خەڵكەكەشی دەربەدەر و ئاوارە كران و لە شوێنیدا گۆڕەپانی "مەبكی" دروستكرا كە تایبەتە بە ئەنجامدانی مەراسیم و ئاهەنگەكانی جولەكە .

ئێستا بەشێك لە خاوەن و دانیشتوانە ڕەسەنەكەی ئەم ناوچە گرنگ و دێرین و مێژووییە، وەك ئاوارە لە ئۆردوگای (شەعفات) دەژین .

تەنها شوێنەوارێك لەم یادگارە مەزنەی مسوڵمانان و سوڵتان سەڵاحەدینی ئەیوبی مابێت، تەنها ناوێكە بە یەكێك لە دەروازەكانی "بەیتولمەقدیس"ـەوە بەناوی (باب المغاربە) .

مێژونوسان دەڵێن "ئەو شەڕەی مسوڵمانان لەم ناوچەیە لەگەڵ خاچپەرستان لە سەردەمی سوڵتان سەڵاحەدینی ئەیوبیدا كردویانە، لە ڕوی سیاسی و سەربازیی و دیمۆگرافیاوە، سەختترین شەڕ و ڕوبەڕوبونەوە بووە، بەجۆریك خەڵكەكەی كردبویانە سەنگەری خۆڕاگریی و قوربانیدان و تێكۆشان لەپیناو ڕزگاركردنی قودس لەژێر داگیركاریی خاچپەرستان"

دەوترێت مەغریبییەكان سەدا 20 بۆ 25 ی سوپاكەی سوڵتان سەڵاحەدینیان پێكهێناوە، هەربۆیە لە شەڕی (حتین) توانیان سەركەوتنی گەورە بەسەر خاچپەرستاندا تۆمار بكەن و شارەكە لە ساڵی 1187 ی زاینیدا ئازاد بكەن .

پاش كۆتاییهاتنی شەڕ و سەركەوتنی مسوڵمانان، سوڵتان سەڵاحەدینی ئەیوبی ناوچەكەی كردە دیاریی و، داوای لە قارەمانانی مەغریبی كرد كە بە هەمیشەیی لە شاری قودسدا بمێننەوە و سەنگەرەكانیان بكەنە شوێنی ژیان و ئاوەدانی بكەنەوە .

ژمارەی خوێندراو : 66 جار

هەواڵی زیاتر