لە وەزیری پەروەردەوە بۆ مامۆستایانی گرێبەست: دەبێ سوپاسی خوا بکەن کە بە گرێبەستیش دامەزراون

31/07/2019

شاخ پرێس:

دوای ئەوەی نوێنەری مامۆستایانی گرێبەست دەچنە لای ئالان حەمە سەعید وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێم و چەند داواكارییەكی ئاراستە دەكەن كە گرنگترینیان بە هەمیشەیی دامەزراندنی مامۆستایانی گرێبەست بوو، وەزیری پەروەردە چەند وەڵامێكیان دەداتەوە كە بە تەواوی بێهیوایان دەكات .

یەكێك لە بەشداربووانی كۆبوونەوەكە بۆ شاخ پرێس ئاشكرایكرد "وەڵامی وەزیری پەروەردە بۆ داواكارییەكانمان پرِ بوو لە بێهیوایی و سوكایەتیپێكردن" .

ئەو بەشداربووە وتیشی "وەزیری پەروەردە پێیوتین پارەی پێویستمان نیە بۆ دامەزراندن و بەهەمیشەیی کردنی گرێبەستەکان، دەبێ سوپاسی خواش بکەن کە بەگرێبەستیش دامەزراون" .

ئالان حەمە سەعید وەزیری پەروەردە لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان هەروەها ئاماژەیبەوەشكردووە "پێویستە میلاکات ڕێک بخەینەوە، ناکرێ ۱۲۰ هەزار مامۆستامان هەبیت و هێشتا بەشیش نەکات و داوای دامەزراندنیش بکرێت".

هەروەك رِاشیگەیاندووە "من تەنها داوا دەکەم گرێبەستەكان بکرێنە هەمیشەیی، ئەگەر کرا باشە نەشکرا دەسەڵاتی منی تێدانیە و دەبێ سوپاسی خوابکەن کە بەگرێبەستیش دامەزراون". 

بەشداربووی كۆبوونەوەكە دەشڵێت "وەزیری نوێی پەروەردە وتی بەلێشاو دەرچووی زانکۆو پەیمانگامان هەیە لەماڵەوەن و بەئاواتی وانەبێژی و خۆبەشین".
 
بەوتەی وەزیری پەروەردە كە بە نوێنەرانی مامۆستایانی گرێبەستی وتووە "هەزاران دەرچوومان هەیە لەڕیستۆرانتەکان خواردن بۆ خەڵک دادەنێن، بەوتەی خۆی لەئوتێلێک بووە دەرچویەکی زانکۆ کە بەشی ئینگلیزی تەواو کردووە خواردنی بۆ داناوە سەرەتا وای زانیوە خزمەتکاری فلیپینیە دواتر بۆی دەرکەوتوە دەرچوی بەشی ئینگلیزیە"

ژمارەی خوێندراو : 718 جار

هەواڵی زیاتر