پارتەكەی ئەردۆگان لەبەردەم لەتبونێكی گەورەدایە و پێشبینی جیابوونەوەی بەشێكی زۆری سەركردە دیارەكانی دەكرێت

01/08/2019

شاخ پرێس: 

پارتی داد و گەشەپێدانی توركیا دوچاری ناكۆكی ناوخۆیی دەبێت و ئەحمەد داود ئۆغلۆ سەرۆك وەزیرانی پێشوتری توركیا و یەكێك لە سەركردەكانی ئەو پارە دەڵێت "داد و گەشەپێدان دووچاری بێهیوایی و ناكۆكییەكی زۆری ناوخۆ بۆتەوە" .

ئەحمەد داود ئۆغلۆ لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ رِۆژنامەی (فاینەنشاڵ تایمز)ی ئەمریكی رِایگەیاندووە "پارتی داد و گەشەپێدان لەو بەها بنچینەییانەی خۆی لایداوە كە لەسەری دروستبووە، ئەمەش بۆتە هۆی بێهیوایی لەناو رِێزەكانیدا، سەرەتا ئەو بێهیواییە لە ئاستی خوارەوەدا بووە، بەڵام ئێستا گەیشتوەتە ئاستەكانی سەرەوە و نوخبەی پارتەكە" .

داود ئۆغلۆ ئاماژەیبەوەشكردووە "لەسەرتادا پارتەكە گرنگی زۆری بە دادپەروەریی و ئازادی بەتایبەتیش ئازادی بیر و رِادەربرِین دەدا، بەڵام لەم ساڵانەى دواییدا بەتایبەتیش لەم سێ ساڵەدا هەست بەوە دەكرێت كە ئەو بەها بنەرِەتییانەی كە بەدرێژایی ژیانمان رِێزیمان دەگرت، پشتگوێخراوە" .

داود ئۆغڵۆ كە لە ساڵی 2014 هەتا ساڵی 2016 سەرۆكی پارتی داد و گەشەپێدان و سەرۆك وەزیرانی توركیا بوو، لە ساڵی 2009 تا ساڵی 2014 وەزیری دەرەوە بووە دەڵێت "دامەزراوەكانی توركیا بەردەوام بەرەو لاوازی دەچن، گۆرِینی سیستمی سیاسیی بۆ سەرۆكایەتی كە پێگەی رِەجەب تەیب ئەردۆگانی پێ بەهێزبوو، زیانی گەورەی بە بەردی بناغەی توركیا گەیاندووە" .

داود ئۆغڵۆ جەخت لەوەشدەكاتەوە كە بەنیازە لە پارتی داد و گەشەپێدان جیا ببێتەوە و هێزێكی سیاسیی نوێ دروست بكات، ئەوەش دەبێتە لەتبونێكی گەورە لەناو پارتەكەی ئەردۆگاندا كە بە وتەی ئۆغڵۆ بێهیواییەكی گەورە باڵی بەسەریدا كێشاوە .

سەرۆك وەزیرانی پێشتوتری توركیا كاتی جیابوونەوەی لە پارتی داد و گەشەپێدان ئاشكرا نەكردووە، بەڵام رِایگەیاندووە "ئێستاش هەست بە بەرپرسیارێتی دەكەم و هەوڵی ئەنجامدانی چاكسازیی دەدەم لەناوخۆدا، بەڵام ئومێدێكی گەورەم بە چاكسازییش نەماوە" .

دەشڵێت "ئێمە پێویستمان بە عەقڵیەتێكی كراوە و شەفاف و ئازاد هەیە، پێویستمان بەوەیە كە قسە بكەین بە بێ ترس، هیچ چارەسەرێك بوونی نابێت ئەگەر ئەوانی دیكە هەست بە ترس بكەن لە بیركردنەوە و دەربرِیندا" .

ژمارەی خوێندراو : 319 جار

هەواڵی زیاتر