سەرەتای هەفتەی ئایندە موچەی مانگی 11 دابەشدەکرێت

2 رۆژ پێش ئێستا

ڕاگەیەندراوێک لە وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستانەوە.
سەرەڕای مافی دەستووری و بوونی یاسای بوودجە و بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق بۆ خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان هاوشێوەی مووچەخۆرانی تری عێراق و بەدەرکردنی لەهەر کێشە و گرفتێکی تر، هاوکات بوونی تەرخانکراوی پێویست لە خشتەکانی یاسای بوودجە بەراورد بەو تەمویلەی وەزارەتی دارایی عێراق ناردوویەتی و ڕێکكەوتنی نێوان هەردوو حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵی بۆ خەرجکردنی تەواوی مووچەی فەرمانبەران تا کۆتایی ساڵی( ٢٠٢٤ )، بەڵام حکومەتی فیدراڵ پێشێلی مافە دەستوریەکانی خەلکی هەرێمی کوردستان دەکات و ئامادە نییە شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان وەک خۆی بنێرێت.
١- کۆی تەرخانکراوی هەرێمی کوردستان لەهەردوو بڕگەی ( تعویضات الموضفین ) و ( الرواتب التقاعدیة و الرعایة الاجتماعیة ) بۆ ساڵی ٢٠٢٤ بریتیی بووە لە ( ١١،٥٧٦،٥٢١،٣٣٥،٠٠٠) یانزە ترلیۆن و پێنجسەد و حەفتا و شەش ملیار و پێنجسەد و بیست و یەک ملیۆن و سێسەد و سی و پێنج هەزار دینار، هەرچەندە پێویستی هەرێمی کوردستان بۆ مووچەی ساڵی ڕابردوو نزیکەی ( ١٢،٠٠٠،٠٠٠،٠٠٠،٠٠٠ ) نزیکەی دوانزە ترلیۆن دیناربووە و هەوڵمانداوە لە ڕێی ( المناقلة ) وە ئەو کورتهێنانە پڕ بکەینەوە، بەڵام لەلایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵەوە بۆ تێکڕای ساڵەکە تەنها (١٠،٧٥٢،٥٨٢،٥٥٨،٤٨٠) دە ترلیۆن و حەوتسەد و پەنجا و دوو ملیار و پێنج سەدو هەشتا و هەشتاو دوو ملیۆن و پێنج سەدو پەنجاو هەشت هەزار و چوار سەدو هەشتا دینار خەرج کراوە ، بڕی ( ٨٢٣،٩٣٨،٧٧٦،٧٢٠ ) هەشتسەد و بیست و سێ ملیار و نۆ سەدو سی و هەشت ملیۆن و حەوت سەدو حەفتاو شەش هەزارو حەوت سەدو بیست دینار لە تەرخانکراوی هەرێم بۆ مووچە ماوەتەوەو خەرج نەکراوە، حکومەتی فیدراڵی دەیەوێت فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بکاتە قوربانی کێشەکانی خۆی و بەبیانووی نەمانی تەرخانکراو و کەمی سیولەی نەقدی ئەمساڵیش مووچەیەکی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان نەدات.
٢- سەبارەت بە داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی ٢٠٢٤، هەندێک کەس و لایەن بەناشارەزایی قسەی لەسەر دەکەن و کردوویانە بەکەرەستەی مزایەدە ، لەمانگی ئایارەوە کە هەردوو بەڕێزان سەرۆک وەزیرانی عێراق و سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە سەرشێوازی ناردنی بەشی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان ڕێکەوتن بۆ ماوەی پێنج مانگ دوابەدوای یەک پشکی گەنجینەی فیدراڵی نێردراوە کەبڕەکەی ( ٣٩٩،١٦٨،٩٦١،٠٠٠ ) سێسەد و نەوەد و نۆ ملیار و سەد و شەست و هەشت ملیۆن و نۆسەد و شەست و یەک هەزار دینار بووە، تا ئەو کاتەی کورتهێنانی گەورە بۆ دابەشکردنی مووچە لەلایەن وەزارەتی عێراقەوە دروست کراو بەناچاری بە داهاتی ناوخۆ پڕ کرایەوە.
لەسەرەتای ساڵی ٢٠٢٤ تا مانگی تشرینی یەکەم حکومەتی هەرێمی کوردستان بەناچاری نزیکەی ( ٩٦٠،٠٠٠،٠٠٠،٠٠٠) نۆسەد و شەست ملیار دینار داهاتی ناوخۆی بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی مووچەی ئەو مانگانە تەرخان کردووە کە وەزارەتی دارایی عێراق هەرجارەی بەبیانوویەک بڕیویەتی. ئەوەی لە داهاتی ناوخۆ ماوەتەوە، بەشی زۆری بۆ خەرجی بەکاربردن بەکارهاتووە کە مانگانە زیاترە لە ( ١٦٠،٠٠٠،٠٠٠،٠٠٠ ) سەد و شەست ملیار دینار کە بۆ ساڵەکە دەکاتە نزیکەی دوو ترلیۆن دینار، ( بۆ پێشکەش کردنی خزمەتگوزاری بەهاوڵاتیان وەک خزمەتگوزاری تەندروستی وپەروەردەو خوێندنی باڵاو کارەباو پاکردنەوەو ئاو و هەموو ئەو سێکتەرانەی خزمەتگوزاری پێشکەش دەکەن).
ئەوە جگە لەخەرجی ئەو پرۆژانەی حکومەتی هەرێم لە ناوچە جیاوازەکان ئەنجامی دەدات، کە سەرجەمیان لەسەر داهاتی ناوخۆیە بەهۆی ئەوەی چەند ساڵێکە حکومەتی فیدراڵی یەک دیناری بۆ پرۆژەکان نەناردووە.

ژمارەی خوێندراو : 14 جار

هەواڵی زیاتر