تەیف سامی وەڵامی مەسرور بارزانی دایەوە
روون میدیا نهێنی پشت کۆبونەوەکەی ئەمڕۆی هەولێر ئاشکرادەکات
#روون_میدیا
ئەمڕۆ شەممە ١١ ـی کانونی دووەمی ٢٠٢٥ لە شاری هەولێر، حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانیی، لەگەڵ وەزیر و فراکسیۆنەکانی پارتی و یەکێتیی لە بەغدا کۆبوەوە .
کۆبونەوەکە بۆ قسە و باس بوو دەربارەی وەرگرتنی هەڵوێستی هاوبەش دژی بەغدا و حکومەتی عێراق، چونکە بە وتەی مەسرور بارزانی "بەغدا زوڵم لە خەڵکی کوردستان دەکات"
هاوکات لەگەڵ ئەم کۆبوونەوەیەدا، لە بەغداش تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق لەگەڵ لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کۆبوەوە .
لەو کۆبونەوەیەدا کە تایبەت بووە بە گفتوگۆ لەبارەی پرۆژەیاسای بودجەی ٢٠٢٥، لەبارەی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بەتایبەتیش موچەی مانگی ١٢، تەیف سامی وەڵامی ئەندامێکی کوردی داوەتەوە و بەڕوونی پێیوتوە "موچەی هەر ١٢ مانگەکەمان بۆ هەرێمی کوردستان ناردووە، لە حکومەتی هەرێم بپرسن چیتان لە موچەی مانگی ١٢ کردووە"
لەدوای کۆتاییهاتنی کۆبونەوەکەش، تەیف سامی لەڕێی میدیا عێراقییەکانەوە بەشێوەی ناڕاستەوخۆ پەیامی بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان نارد و پێیوتن "ساڵی ٢٠٢٥ هیچ پارەیەک بۆ موچە بەبێ جیبەجیکردنی بریاری دادگای فیدراڵیی بۆ تەوتینی موچەی فەرمانبەران، بۆ هەرێمی کوردستان نانێرن و ئەو مۆڵەتەی هەبوو، تەواوبوو"
بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەیەکی باڵای سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە بە روون میدیا دراوە، چەند رۆژێک پێش ئێستا بەغدا هەمان پەیامی بە مەسرور بارزانیی دابوو کە بەبێ تەوتین ئیتر چاوتان بە موچە ناکەوێت، بۆیە بەپەلە کۆبونەوەکەی ئەمڕۆی هەولێری ڕێکخست .
ئەو سەرچاوەیە کە نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت وتیشی "مەبەستی مەسرور بارزانیی لە کۆبونەوە و هەڕەشەکانی ئەمڕۆ بۆ "ستەم و ناعەدالەتی" بەغدا نیە بەرامبەر هەرێم، بەڵکو مەترسیی لەسەر هەڵوەشانەوەی "هەژماری من" هەیە چونکە مەسرور بارزانیی باش ئەوە دەزانێت، جێبەجێکردنی تەوتین، مانای کۆتاییهاتنی هەژمونی خۆی و مەرگی پرۆژەی "هەژماری من"ــە .
لە کۆبونەوەکەی ئەمرۆی هەولێر،هیچکام لە فراکسیۆنەکانی کۆمەڵ و یەکگرتوی ئیسلامیی و نەوەی نوێ بەشدارییان نەکرد
ژمارەی خوێندراو : 13 جار