پەیامی سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری لەسەر مانگرتنی مامۆستایان

2 رۆژ پێش ئێستا

مانگرتن و خۆپێشاندان و هەڵوەستەیەك
نزیك دوو هەفتەیە ژمارەیەك لە مامۆستایان و فەرمانبەران دەستیان بەمانگرتن لە خواردن كردوە، وەك هەڵوێست نواندن لە بەرانبەر شكست و كەمتەرخەمیی حكومەتی هەرێم، لە دابینكردنی مووچەی مامۆستایان و سەرجەم فەرمانبەران و مووچەخۆراندا.
بەو بەوبۆنەیەوەش دەڵێم:
1- بێگومان مانگرتن و خۆپێشاندانی بەشێك لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەرێم، لە شێوازەكانی بەرگرییكردنیان لە ژیان و گوزەرانی كۆی هاوڵاتییان، شایستەی سوپاس و پێزانینی هەموو لایەكە.
2- هۆشدارییش بە بەرپرسانی هەرێم دەدەم هەرچی زووتر دڵسۆزانە بەدەم هاوار و داواكارییەكانیانەوە بچن، كە هی هەموو خەڵكە و، با وەك جارانی دیكەی ڕابردوو گرێی دەستان نەخەنە ددانان و، وازیش لە قسەی سارد و سڕ و بێ جێ بێنن و، دۆخەكە زۆر لەوە هەستیارترە بە تۆمەت بەخشینەوە و، لەپشت پەردەی ڕەشەوە تەماشاكردنی خەڵك و میللەت، چارەسەر بكرێ.
3- بێگومانیش گیانلەدەستدانی هەر كامێك لە مانگرتووە فیداكارەكان ئۆباڵ و بەرپرسیارێتییەكەی لە ئەستۆی حكوومەت و بەرپرسانی هەرێمدایە بۆ دنیا و قیامەت، بەو هیوایەی بەزووترین كات ئەو كێشە و گرفتە چارەسەر بكرێ.
هیچ كەسێكی خاوەن ئیمان و ویژدانیش، ناتوانێ لەگەڵ ستەملێكراواندا نەبێ و، دژی ستەم و بێدادیی نەبێ.
عەلی باپیر
9 شەعبانی 1446 ك
8/2/2025 ز

ژمارەی خوێندراو : 6 جار

هەواڵی زیاتر