مەریوان قەرەنی- ئەندامی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق دەنوسێ
دوێنێ هەینی ٧ی ٢ی ٢٠٢٥، یوسف كیلابی، پەرلەمانتاری عێراق كە هەموومان دەزانین هەڵوێستی بەرامبەر بە كوردو كوردستان چۆنەو چەندە كەسێكی ناخڕەشە بەرامبەر بە خەڵكی كوردستان، خۆی گەیاندە سلێمانی و سەردانی خێوەتەكەی بەناو مامۆستاو فەرمانبەرانی ناڕازی كرد.
ئەوەی بە لای ئێمەوە سەیرە، كیلابی نە نوێنەری خەڵكی كوردستانە، نە لەم چەند ساڵەی رابردوودا بۆ جارێكیش لە پەرلەمانی عێراقەوە قسەیەكی بە خێری بۆ خەڵكی كوردستان كردووە، نە تەنانەت قسەیەكی بەخێری بۆ ئەو (بەناو) موچەخۆرانەش كردووە كە ماوە نا ماوە خۆیان زەلیلی بەر دەرگای شۆڤێنییەكان دەكەن! ئەی كەواتە كەسێكی ئاوا بچێت بۆ ژێر خێوەتەكەی سلێمانی یان نەچێت چ بەهایەكی هەیە و چ جیاوازییەك دروست دەكات؟ ئنجا بێزەحمەت با كەسێك پێمان بڵێت ئەم كیلابی و شتە چیان بۆ خەڵكەكەی خۆیان كردووە تا بێن خۆیان بەسەر خەڵكی ئێمەوە هەڵبكێشن؟ مەگەر حاڵی ناوەڕاست و باشوری عێراق زۆرجوانە تا ئەمان خۆیان لە خەڵكی كوردستان بكەن بە خەمخۆر؟
بەداخێكی زۆرەوە راستییەكی تاڵ لەم بابەتەدا هەیە، ئەم خێوەتەی لە سلێمانی هەڵدراوە، هێندەی گوزارشت لە پرسەو شینگێڕانی بەرەیەكی شكستخواردوو دەكات كە ئەو بەرەیە هەم لە عێراق و هەم لە وڵاتانی دەوروبەر ڕۆژیان ئاوا بووە (بۆ ئەمەش كیلابی و ئەوانەی بەدوای كەوتبوون باش دەزانن پرسەی كێیە)، نیو هێندە گوزارشت لە مانگرتنی ئەو چەند مامۆستاو فەرمانبەرانە ناكات كە لە سلێمانی بە (كاندیدی كەڕك) ناویان دەركردووە و هەموو خەڵك دەیانناسێ كە كەسانێكن پێشتر دەست و شانی ئەم و ئەویان ماچ كردووە و خۆیان كاندید كردووە كەچی كەمتر لە پەنجا دەنگیان هێناوە!
ئەسڵ ئەوەیە، ئەگەر یوسف كیلابی و ئەوانەشی خۆیان بە پشتیوانی موچەخۆرانی كوردستان نیشان دەدەن، راستگۆن و بە كردەیی دڵسۆزی موچەخۆرانی كوردستانن، با لەژێرەوە داوا لە بەغدا نەكەن موچەی كوردستان ببڕێ و بڕ و بیانوو بۆ وەزارەتی دارایی عێراق نەدۆزنەوە تا ببێتە هۆی نانەوەی كێشە بۆ موچەخۆران! ئەگەر فیعلەن دەیانەوێ كێشەی موچە چارەسەر بێت، با پشتیوانیی جێبەجێكردنی ئەو ڕێككەوتنە بن كە لەم دواییە لە نێوان هەردوو حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدڕاڵیی عێراقدا كراوە، نەك خەریكی نمایش و موزایەدەكردن بن لەسەر خەڵك!
ژمارەی خوێندراو : 7 جار