ساڵڕۆژی جەنگی جیهانی دووەم، ئەو ڕۆژەی مرۆڤایەتی
شکستی هێنا
جیهان لە ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردووەوە دەستیکرد
بە یادکردنەوەی کۆتایی جەنگی جیهانی دووەم (1939-1945)، لەکاتێکدا زلهێزە سەرکەوتووەکان
ئاهەنگی "رۆژی سەرکەوتن"یان گێڕا، ئەو ڕۆژەی ئەڵمانیای نازی خۆی ڕادەستی
هێزەکانی هاوپەیمانان کرد، لەنێویاندا ئەمریکا.
شارەکان لە لەندەنەوە تا مۆسکۆ لەم هەفتەیەدا
نمایشی سەربازی و ئاسمانی و ڕێوڕەسمی یادکردنەوە ئەنجام دەدەن، هاوکات ڕووسیا سبەی
گەورەترین نمایشی سەربازی خۆی لە گۆڕەپانی سووری پایتەخت ئەنجام دەدات بۆ یادی ٨٠
ساڵەی ڕۆژی سەرکەوتن، بە بەشداری ٢٩ سەرکردەی بیانی.
بەگوێرەی میدیای دەوڵەتی ڕووسیا، ئاگربەستی سێ ڕۆژە
لە نێوان مۆسکۆ و کیێڤ بە فەرمانی ڤلادیمێر پوتین، سەرۆک کۆماری ڕووسیا بە بۆنەی
ساڵڕۆژی سەرکەوتن بەسەر ئەڵمانیای نازی، لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە کەوتە بواری
جێبەجێکردنەوە.
هەروەها دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕۆژی
چوارشەممە بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و ڕۆژی پێنجشەممەی وەک ڕۆژێک دیاریکرد بۆ ئاهەنگگێڕان
بەبۆنەی ئاهەنگی سەرکەوتنی ئەمریکا لە جەنگی جیهانی دووەمدا، هەروەک چۆن وڵاتانی ئەوروپا
پێشتر دەیکەن.
ئەڵمانیاش بە فەرمی یادی کۆتایی هاتنی جەنگی جیهانی
دووەم و ڕزگاربوونی لە دەستی ئەدۆلف هیتلەری دیکتاتۆری نازی ٨٠ ساڵ لەمەوبەر دەکاتەوە،
پاشنیوەڕۆی ڕۆژی پێنجشەممە لە پەرلەمانی ئەڵمانیا (بۆندستاگ) ڕێوڕەسمێکی یادکردنەوە
بەڕێوەدەچێت.
شەڕەکە کە شارەکانی سەرانسەری ئەوروپای وێران
کرد، بە خۆبەدەستەوەدانی بێ مەرجی سوپای ئەڵمانی نازی (وێرماخت) کۆتایی هات، کە لە
٨ی ئایاری ١٩٤٥ کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، پێش ئەمەش داگیرکردنی ڕۆژئاوای ئەڵمانیا
لەلایەن هێزەکانی بەریتانیا و ئەمریکاوە، هەروەها داگیرکردنی ڕۆژهەڵاتی ئەڵمانیا لەلایەن
سەربازانی سۆڤیەت، دوای شەڕە تێچووی زۆرەکان لە بەشێکی زۆری ئەڵمانیا.
لەو ڕۆژەدا جەنگی جیهانی دووەم لە ئەوروپا کۆتایی
هات، لە کاتێکدا شەڕی ژاپۆن لە ڕۆژهەڵاتی نزیک بەردەوام بوو.
بەپێی خەمڵاندنە جۆراوجۆرەکان، جەنگی جیهانی
دووەم- کە لەلایەن ئەڵمانیاوە لە سەردەمی هیتلەر دەستیپێکرد- ژیانی لە ٥٠ بۆ ٦٠ ملیۆن
کەسی لە جیهاندا لەناو برد، کە زۆربەیان خەڵکی مەدەنی بوون.
یەکێتی سۆڤیەت 27 ملیۆن کەسی لە شەڕەکەدا لەدەستدا،
لەنێویاندا چەندین ملیۆن کەس لە ئۆکرانیا، بەڵام هێزەکانی نازی پاڵیان نایەوە بۆ بەرلین،
لەوێ ئەدۆلف هیتلەر خۆی کوشت و ئاڵای سووری سەرکەوتنی سۆڤیەت لەسەر ڕیشستاگ (بینای
پەرلەمانی سەردەمی نازییەکان) لە مانگی ئایاری ساڵی 1945 بەرزکرایەوە.
زۆرێک لە ڕووسەکان و ژمارەیەک لە گەلانی دیکەی یەکێتی
سۆڤیەتی پێشوو ڕۆژی ٩ی ئایار بە پیرۆزترین بەرواری ساڵنامەکە دەزانن و پوتینیش کە
تووڕەیە لەوەی کە بە وتەی خۆی هەوڵەکانی ڕۆژئاوایە بۆ کەمکردنەوەی گرنگی سەرکەوتنی
سۆڤیەت، هەوڵیداوە یادەوەرییەکانی جەنگی جیهانی دووەم بۆ یەکخستنی کۆمەڵگەی ڕووسیا
بەکاربهێنێت.
خۆبەدەستەوەدانی بێ مەرجی ئەڵمانیای نازی لە
کاتژمێر ١١:٠١ی پاشنیوەڕۆ دەستیپێکرد. لە ٨ی ئایاری ١٩٤٥ و بەریتانیا و ئەمریکا و
فەرەنسا ئاهەنگیان گێڕا کە ناویان ناوە "ڕۆژی سەرکەوتن لە ئەوروپا".
لە مۆسکۆ، ٩ی ئایار پێشتر بووبوو بە "ڕۆژی
سەرکەوتن"ی یەکێتی سۆڤیەت، کە ڕووسەکان پێی دەڵێن "ڕۆژی سەرکەوتن لە شەڕی
گەورەی نیشتمانپەروەری ١٩٤١-١٩٤٥".
ژمارەی خوێندراو : 109 جار