ئەحمەد شەرع سەرۆک کۆماری سووریا ڕۆژی سێشەممە بە سەردانێک گەیشتە دەوحەی پایتەختی قەتەر بە ئامانجی پتەوکردنی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان و تاوتوێکردنی ژمارەیەک پرس، دیارترینیان هەوڵەکانی قەتەر بۆ پشتیوانی لە دەوڵەتی نوێی سووریا.
لە میانەی سەردانەکەیدا، سەرۆک کۆماری سوریا بڕیارە لەگەڵ شێخ تەمیم بن حەمەد ئال سانی ئەمیری قەتەر کۆببێتەوە و تاوتوێی ڕێگاکانی بەرزکردنەوەی هاریکاریی دوو قۆڵی و خواستەکانی گەلی سوریا بۆ سەقامگیری و گەشەسەندن بکات. هەروەها لەگەڵ ژمارەیەک بەرپرس و بازرگانانی وڵات کۆدەبێتەوە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی قەتەر، قەتەر پاڵپشتی خۆی بۆ گەلی سوریا لە هەوڵەکانیان بۆ ئاشتی و دادپەروەری دووپات کردەوە، ئامادەیی خۆی بۆ هاوکاری لەگەڵ ئیدارەی سوریا لە پرسە جۆربەجۆرە نێودەوڵەتییەکان دەربڕی کە دیارترینیان هەڵگرتنی گەمارۆکانی سەپێنراو بەسەر سوریادا بوو.
ئەم هەنگاوەی شەرع لە چوارچێوەی هەوڵە دیپلۆماسییەکاندایە بۆ کۆکردنەوەی پشتیوانیی وڵاتانی عەرەبی بۆ هەڵگرتنی گەمارۆکان کە ڕێگرن لە پلانەکانی ئاوەدانکردنەوەی وڵات. هەروەها لە سەردانەکەیدا بۆ ئیمارات لە ڕۆژی دووشەممەدا ئەم بابەتەی وروژاند و لە ئێستادا لە سەردانەکەیدا بۆ دۆحە تاوتوێی ئەو بابەتە دەکات.
ژمارەی خوێندراو : 62 جار