ڕەشنوسی ئەو ڕێككەوتنەی كە حكومەتی
فیدراڵ بۆ واژۆكردن و دەربڕینی ڕەزامەندی لەسەری ئاراستەی حكومەتی هەرێمی كوردووە،
لەلایەن هەریەكە لە محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیران و حەیان عەبدولغەنی، وەزیری
نەوت و فواد حسێن، وەزیری دەرەوە و سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای ئابوری عێراقەوە ئامادەكراوە .
بەپێی ئەم ڕەشنوسە، لە كۆی 400
هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە، هەرێمی كوردستان رۆژانە 280 هەزار بەرمیل نەوت ڕادەستی
كۆمپانیای سۆمۆ دەكات و، 120 هەزار بەرمیلیش بۆ كۆمپانیاكانی بەرهەمێهێنانی نەوت
دەبێت و لەو ڕێگەیەوە ئەو قەرزە دەگەڕێننەوە كە كەوتووەتە لای حكومەتی هەرێم و تا
ئێستا نەیداونەتەوە.
سەبارەت بە پێداویستی ناوخۆی هەرێم
بۆ سوتەمەنی، ڕەشنوسی ڕێككەوتنەكە دەڵێت "بەغدا رۆژانە 42 هەزار بەرمیل نەوت
تەرخاندەكات و سوتەمەنی بەو نرخە دەبێت كە لەسەرتاسەری عێراقدا هەیە"
.
سەبارەت بە پرۆسەی
"تەوتین"، بەغدا و هەولێر ڕێكدەكەون لەسەر دواخستنی بۆ ماوەی چوار مانگ،
تا ئەوكاتەی ڕێكارەكانی گواستنەوە و كردنەوەی هەژماری بانكیی لەهەر سێ بانكی
"ڕەشید و ڕافیدەین و TBI" تەواودەبن .
لەپاڵ ئەمانەشدا، هەرێمی كوردستان
دەبێت مانگانە 50% ی داهاتی نانەوتی ڕادەستی وەزارەتی دارایی فیدراڵ بكات كە
بڕەكەی لە 100 ملیار دینار كەمتر نەبێت .
بڕیاریشە حكومەتی كاربەڕێكەری هەرێم
واژۆ لەسەر ڕەشنوسەكە بكات و لە كۆبوونەوەی ڕۆژی سێ شەممەی ئەنجومەنی وەزیرانی
عێراقدا پەسەند بكرێت و بڕیاریش لە ناردنی موچەی مانگی پێنجی فەرمانبەران و
موچەخۆرانی هەرێم بدرێت .
بەڵام ئەگەر حكومەتی كاربەڕێكەری
هەرێم ڕەشنوسەكە ڕەتبكاتەوە، ئەوا ڕووبەڕوی دۆخێكی سەختتر لەوەی ئێستا دەبێتەوە
بەتایبەت لە پرسی موچەی موچەخۆراندا
ژمارەی خوێندراو : 9 جار