رەشنوسی ڕێككەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا ئامادەیە و ڕۆژی سێشەممە لە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق دەخرێتە دەنگدانەوە

14 کاتژمێر پێش ئێستا

میدیاكانی عێراق بڵاویانكردەوە، ڕەشنوسی ڕێككەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا ئامادەیە و ڕۆژی سێشەممە لە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق دەخرێتە دەنگدانەوە، كە بەگوێرەی ڕەشنوسەكە، هەرێم 50% داهاتی ناوخۆ و 280 هەزار بەرمیل نەوت ڕادەستی بەغدا دەكات، هەروەها هەرێم 120 هەزار بەرمیل نەوتی پێدەدرێت بۆ بەكارهێنانی ناوخۆ و دانەوەی قەرزی كۆمپانیا بیانییەكان.
سەرچاوەیەكی ئاگادار لە بەغدا، ئەمڕۆ یەكشەممە بە میدیاكانی عێراقی ڕاگەیاندوە، ڕەشنوسی ڕێككەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا لەلایەن هەریەكە لە د.فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوە و حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراقەوە ئامادەكراوە و دانیشتنی داهاتوی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقدا دەخرێتە دەنگدانەوە.
ئاماژەی بەوەشكرد، "لە ڕەشنوسەكەدا هاتوە، لە کۆی ئەو 400 هەزار بەرمیلەی هەرێم هەناردەی دەکات، ڕۆژانە 280 هەزار بەرمیل نەوت ڕادەستی کۆمپانیای سۆمۆ دەکات،  هەروەها 120 هەزار بەرمیل بۆ کۆمپانیاکانی نەوت تەرخان دەکرێت".
بەگوێرەی ئەو بەرپرسە عێراقییە، "بەهۆی ئەوەی حکومەتی هەرێم ناتوانێت قەرزەکانی کۆمپانیا نەوتییە بیانییەکان بداتەوە، 120 هەزار بەرمیل نەوتی پێدەدرێت بۆ دانەوەی قەرزەكانی و 42 هەزاریشی بۆ بەکارهێنانی ناوخۆیی دەهێڵرێتەوە، بەغداش پاڵپشتی هەرێم دەکات لە بواری سوتەمەنی ناوخۆیی، لەوانەش نەوتی سپی و بەنزین".
پرسی تەوتین بۆ ماوەی چوار مانگ دوادەخرێت
ئەوەشیخستەڕو، "پرسی تەوتین بۆ ماوەی چوار مانگ دوادەخرێت تاوەکو ڕێکارەکانی گواستنەوە تەواو دەبن و هەژمار لە سێ بانکە فیدراڵییەکەدا دەکرێتەوە، هەروەها هەرێم 50%ی داهاتی ناوخۆی خۆی ڕادەستی بەغدا دەکات، كە مانگانە لە 100 ملیار دینار كەمتر نەبێت".
بەگوێرەی ئەو سەرچاوەیە، "ئەگەر لە چەند کاتژمێری داهاتودا ڕەشنوسی کۆتایی پەسەند بکرێت، ئەنجومەنی وەزیران لە دانیشتنی داهاتوی ڕۆژی سێشەممەدا پەسەندی دەکات، دوای ئەوە موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بە فەرمی خەرج دەکرێت". 
 لە زوترین کاتدا، کێشەی موچە چارەسەر بکرێت 
ئەوە لەكاتێكدایە مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم و مەحمود مەشهەدانی، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق ئەمڕۆ كۆبونه‌وه‌ و ڕایانگه‌یاند، نابێت بە هیچ شێوەیەک بابەتی موچە، تێکەڵ بە هیچ کێشە و ناکۆکییەکی سیاسی بکرێت و موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان باجی ئەو ناکۆکییانە بدەن، کە بەشێوەیەکی نادادپەروەرانە مامەڵە لەگەڵ خەڵکی کوردستان کراوە.

ده‌شڵێن، "پێویستە لە زوترین کاتدا، کێشەی موچە چارەسەر بکرێت و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بنێردرێت".

ژمارەی خوێندراو : 897 جار

هەواڵی زیاتر