حەماس بەچی رازی بووە
1. ئازادکردنی بارمتەکان
حەماس پابەندبوونی خۆی بۆ ئازادکردنی سەرجەم بارمتەکان راگەیاندووە، چ ئەوانەی لە ژیاندان و چ ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە، ئەمەش وەک بەشێک لە گۆڕینەوەی بارمتەکان بە بەندکراوانی فەلەستینی کە لە زیندانەکانی ئیسرائیلن. ئەمە وەک هەنگاوێکی گرنگ بەرەو نەهێشتنی جەنگ و گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان سەیردەکرێ. ئوموش بە مەرجی پابەندی کشانەوەی تەواوەتی بێت لە کەرتی غەززە.
2. رادەستکردنی بەڕێوەبردنی کەرتی غەززە
بزووتنەوەکە ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بۆ ئەوەی کەرتی غەززە رادەستی دەستەیەکی تەکنۆکراتی سەربەخۆی فەلەستینی بکات. ئامانج لەم هەنگاوە رێگەخۆشکردنە بۆ حکومەتێکی راگوزەر کە لەلایەن وڵاتانی ئەندام لە کۆمکاری عەرەبی و ئیسلامییەوە پشتیوانی بکرێت.
حەماس چی رەد دەكاتەوە
1. داوای چەکدانان
داواکارییەکی سەرەکیی پێشنیازەکەی ئەمریکا، چەکدانانی حەماس و لایەنە فەلەستینییەکانی دیکەی نێو غەززەیە. لە راگەیێندراوەکەی حەماسدا ئاماژە بە بابەتی چەکدانان نەکراوە، بەڵام بەرپرسێکی بزووتنەوەکە بە میدیای فەلەستینی راگەیاندووە، تاوەکو ئیسرائیل لە تەواوی کەرتی غەززە نەکشێتەوە، چەکەکانیان دانانێن.
2. سەرپەرشتیی نێودەوڵەتی
پلانەکەی ترەمپ پێکهێنانی حکومەتێکی راگوزەر لەخۆدەگرێ بە سەرپەرشتیی دەستەیەکی نێودەوڵەتی کە حەماس ئەوەی قبووڵ نییە. بزووتنەوەکە جەخت لەوە دەکاتەوە، هەر پێکهاتەیەکی بەڕێوەبردن، دەبێت لەسەر بنەمای کۆدەنگیی نیشتمانیی فەلەستینی بێت.
+ حەماس لەسەر چی گفتوگۆ دەكات
حەماس ئامادەیی خۆی بۆ دانوستاندن لە رێگەی نێوەندگیرەکانەوە نیشانداوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر وردەکارییەکانی پلانەکە. بەگوێرەی حەماس، ئەو پرسانەی پێویستیان بە گفتوگۆی زیاترە بریتین لە:
• کشانەوەی قۆناخ بە قۆناخی ئیسرائیل: مەرج و خشتەی کاتیی کشانەوەی ئیسرائیل لە غەززە.
• میکانیزمی ئاڵوگۆڕی بارمتەکان: وردەکارییەکانی ئاڵوگۆڕی بارمتە و بەندکراوان.
• گەیشتنی هاوکارییە مرۆییەکان: دڵنیابوونەوە لە گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان بە دانیشتووانی کەرتی غەززە.
بزووتنەوەکە جەختی لە پێویستیی گفتوگۆ لەڕێگەی نێوەندگیرەکانەوە کردووەتەوە، بۆئەوەی لەسەر مەرجە وردەکان رێکبکەون.
ژمارەی خوێندراو : 53 جار