لە شاری عەلەمەینی میسر، هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ جێبەجێکردنی پلانی 15 خاڵیی دۆناڵد ترەمپ بۆ قۆناخی دوای جەنگی غەززە دەستیان پێکرد؛ لەو چوارچێوەیەدا جارید کوشنەر، نێردەی تایبەتیی سەرۆکی ئەمریکا لەگەڵ عەبدولفەتاح ئەلسیسی، سەرۆککۆماری میسر کۆبووەوە و جەختیان لەسەر پابەندبوونی هەموو لایەنەکان بە ئاگربەستەکەوە کردەوە. هاوکات شاندی بزووتنەوەی حەماس بە سەرۆکایەتیی خەلیل حەییە لەگەڵ سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی میسر گفتوگۆی کرد، و ئامادەکاریش دەکرێت بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی سێقۆڵی لەنێوان حەماس، بەرپرسانی ئەمریکا و نوێنەری "بۆردی ئاشتی".
ئەم گفتوگۆیانە لە کاتێکدان کە نەخشەرێگە نوێیەکە رووبەڕووی دوو بەربەستی سەرەکی بووەتەوە: داماڵینی چەکی حەماس و کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل. ڕاگەینراوە کە حەماس ئامادەیی خۆی نیشانداوە چەکەکانی ڕادەستی حکومەتێکی تەکنۆکراتی فەلەستینی ببات، بەڵام بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بە تووندی پلانەکەی رەتکردووەتەوە. ئێستا نێوەندگیرانی میسر، قەتەر و تورکیا هەوڵەکانیان چڕکردووەتەوە بۆ لادانی ئەم کۆسپانە، و بڕیاریشە کوشنەر دوای میسر سەردانی ئیسرائیل بکات.
ژمارەی خوێندراو : 100 جار