عەراقچی: لەگەڵ واشنتن گەیشتووینەتە بنەمای هاوبەش بۆ نووسینەوەی ڕێککەوتنی ئەگەری

7 کاتژمێر پێش ئێستا

ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە، دووەم خولی دانوستانە ناڕاستەوخۆکانی نێوان ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە شاری جنێف کۆتایی هات. عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، ئاماژە بە "بەرەوپێشچوونی گرنگ" دەکات، بەڵام جەخت لەوەش دەکاتەوە کە هێشتا لێکتێگەیشتنەکان نەگەیشتوونەتە ئاستی واژۆکردنی ڕێککەوتنی کۆتایی.
بەپێی ڕاپۆرتە هەواڵییەکان، وەفدی هەردوو وڵات دوای چەند کاتژمێرێک لە گفتوگۆی چڕ لە باڵێۆزخانەی عوممان لە جنێف، شوێنی دانوستانەکانیان جێهێشت. عەباس عێراقچی لە یەکەم لێدوانی فەرمیدا دوای کۆبوونەوەکە ڕایگەیاند: "ئەم خولەی گفتوگۆکان زۆر جددیتر بوو لە خولی پێشوو؛ کەشێکی بونیادنەر باڵکێش بوو و چەندین بیرۆکەی جیاوازمان بە وردی تاوتوێ کرد."
عێراقچی ئاشکرای کرد کە تاران و واشنتن لەسەر کۆمەڵێک "پرەنسیپی هاوبەش" ڕێککەوتوون کە دەبنە نەخشەڕێگا بۆ نووسینەوەی دەقی ڕێککەوتنی ئەگەری لە داهاتوودا. وتیشی: "دیاریکردنی ئەم پرەنسیپانە هەنگاوێکی گرنگە، بەڵام بەو مانایە نییە کە ڕێککەوتنەکە نزیکە، بەڵکو ئاماژەیە بۆ دەستپێکردنی ڕێڕەوێکی ڕاست بۆ گەیشتن بە ئەنجام."
سەرەڕای گەشبینییەکان، وەزیری دەرەوەی ئێران دانی بەوەدا نا کە هێشتا مەودایەکی زۆر لە نێوان هەڵوێستەکانی هەردوولادا هەیە، بەتایبەت لە کاتی گەیشتن بە قۆناغی نووسینەوەی وردەکارییەکان کە بە "سەخت و هەستیار" وەسفی کرد. تا ئێستاش کاتی خولی داهاتووی گفتوگۆکان دیاری نەکراوە و بەستراوەتەوە بە هەڵسەنگاندنی لایەنەکان بۆ دەقی پێشنیارکراو.
لە بەشێکی تری قسەکانیدا، عێراقچی تیشکی خستە سەر پرسی ئەتۆمی و هەڕەشەکانی ئەمریکا و ڕایگەیاند:
بەرنامەی ئەتۆمی: ئێران بە هیچ شێوەیەک هەوڵی بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی نادات.
هەر هێرشێک بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران بە "تاوانی جەنگ" ئەژمار دەکرێت و عەواقیبەکەی تەنها لەناو سنوورەکانی ئێراندا نامێنێتەوە.
تاران ئامادەیە بۆ دیالۆگی بونیادنەر لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم، بەڵام پشکنینی دامەزراوەکان پێویستی بە ڕێککەوتنی نوێ هەیە.
لە کۆتاییدا، وەزیری دەرەوەی ئێران داوای لە ویلایەتە یەکگرتووەکان کرد کۆتایی بە بڵاوکردنەوەی هێزە سەربازییە زۆرەکانی لە ناوچەکەدا بهێنێت، بۆ ئەوەی زەمینە بۆ سەقامگیری ڕاستەقینە بڕەخسێت.

ژمارەی خوێندراو : 59 جار

هەواڵی زیاتر