پاساوەکانى کۆشکى سپی بۆ دەستپێکردنی شەڕ لەگەڵ ئێران چین

5 کاتژمێر پێش ئێستا

دوابەدوای خولی دوه‌می دانوستانه‌كانی نێوان ئه‌مریكا و ئێران كه‌ لەژێر چاودێری عومان لە جنێڤ بەڕێوەچو، کۆشکی سپی ڕایگەیاند، "زۆر هۆکار و ئارگیومێنت هه‌ن کە دەتوانن بخرێنەڕو بۆ ئەوەی پاساو بۆ دەستپێکردنی هێرشکردنە سەر ئێران بهێنرێتەوە".
ئەو لێدوانانە هاوکات بون لەگەڵ ڕاپۆرتە میدیاییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل سەبارەت بە کۆکردنەوەی هێزی سەربازی زیاتری ئەمریکا لە ناوچەکەدا.
واشنتن دو كه‌شتی هەڵگری فڕۆکە و سەدان فڕۆکەی جەنگی و زیاتر لە 150 فڕۆکەی بارهەڵگری ناردوە، هاوکات کۆمپانیای پەخشی ئیسرائیل (کان) لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندوە، "ئیسرائیل خۆی بۆ ئەگەری ڕوبەڕوبونەوە لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا ئامادە دەکات".
لەو چوارچێوەیەدا ماڵپەڕی هەواڵی ئەمریکی ئەکسیۆس تیشکی خستە سەر شەش هۆکار کە دەیسەلمێنن خەریکە شەڕ دژی ئێران لە ناوچەکەدا هەڵگیرسێت:

یه‌كه‌م: ململانێی ئەتۆمی درێژخایەن
ماوەی چەند مانگێکە ئەمریکا و ئێران دانوستانی پچڕپچڕ ئەنجامدەدەن لە هەوڵێکدا بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی, ئیدارە یەک لە دوای یەکەکانی ئەمریکاش بەڵێنیان داوە ڕێگری لە ئێران بکەن لە بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی.

دوه‌م: ناڕەزایەتی ناوخۆی ئێران
تره‌مپ مانگی ڕابردو لە لێواری دەستپێکردنی گورز لە ڕژێمی ئێران بو لە دوای کوژرانی هەزاران کەس لە ناڕەزایەتییە بێوێنەکانی چەند شاری ئێران، بەڵام بڕیاری چونە شەڕی دواخست، بەشێکیش لەبەرئەوەی ئەمریکا هەمان توانای سەربازیی لە ناوچەکەدا نەبو کە لە ماوەی شەڕی 12 ڕۆژەدا هەیبو.
لەکاتێکدا سەرۆکی ئەمریکا گفتوگۆکانی لەگەڵ ئێران دەستپێکردەوە، هاوکات کەشتی جەنگی و فڕۆکەی جەنگی بۆ ناوچەکە ناردوه‌ و ژماره‌یه‌كی هێزه‌كانی به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو زیادكردوه‌.

سێیه‌م: پرەنسیپی چێخۆف
پرەنسیپێکی بەناوبانگی ڕۆماننوس و شانۆنوسی ڕوسی ئەنتۆن چێخۆف هەیە، کە دەڵێت "نابێت مرۆڤ چه‌ك لەسەر شانۆ نمایش بكات ئەگەر بەنیازی ئەوەی نەبێت دواتر به‌كاریبهێنێت"، هه‌ربۆیه‌ بەبێ هیچ ئاماژەیەکی ڕاستەقینە بۆ ڕێککەوتن، پاشەکشەکردن ئێستا پێناچێت لەگەڵ کارەکتەری ترەمپدا بگونجێت و فڕۆکە هەڵگرەکان و سەدان فڕۆکە ناگوازرێنەوە بۆ شوێنێك ئه‌گه‌ر نیازی نەبێت بۆ بەکارهێنانیان.

چواره‌م: فشار لە ئیسرائیلەوە
ئاکسیۆس بڵاویکردەوە، حکومەتی ئیسرائیل خۆی ئامادە دەکات بۆ ئەوەی لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا شەڕ هەڵبگیرێت، داوای ئۆپەراسیۆنێکی گشتگیر دەکات کە زۆر لەوە زیاتر بێت لەو لێدانە سنوردارانەی کە ترەمپ له‌مانگی شه‌ڕی مانگی حوزه‌یرانی 2025دا بڕیاری له‌باره‌وه‌دا، هێرشەکان دەتوانن ئامانجگەلێک لەخۆبگرن کە یارمەتیدەر دەبن لە ڕوخاندنی ڕژێم، ئەوە جگە لە لەناوبردنی بەرنامە ئەتۆمی و موشەکییەکانی.

پێنجه‌م: هەستکردن بە لاوازی لە سیستەمدا
فاکتەرێکی دیکە کە ڕەنگە تره‌مپ قەناعەتی پێبکات کە کاتی گونجاوە بۆ دەستپێکردنی هێرش، لاوازی هەستپێکراوی ڕێژیمی ئێرانە لە دوای ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان و هێرشە وێرانکەرەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا لە ساڵی ڕابردودا.
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی دڵنیان كه‌ تاران تۆڵەی خۆی دەکاتەوە، بەڵام بەرپرسانی ئیسرائیل و ئەمریکا پێیانوایە ئەو وەڵامدانەوەیە ئێستا سنوردارتر دەبێت لەوەی کە چەند مانگێک یان چەند ساڵێکی دیكه‌ دەبێت، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە لە ماوەی دو ساڵی ڕابردودا چەکەکانی ئێران بەهۆی ململانێکانەوە لەگەڵ ئیسرائیل کەم بوەتەوە.

شه‌شه‌م: نه‌وت
ڕەنگە بازاڕی ئێستای نەوت دەرفەتێکی ستراتیجی بۆ لێدانی ئێران بۆ ترەمپ بڕەخسێنێت، چونکە بازاڕەکان بە باشی دابینکراون، نرخەکان تاڕادەیەک نزمە و گەشەی خواستەکان کەمن.
پێشبینی دەکرێت نرخەکان بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزببنەوە ئەگەر هێرش ڕوبدات، بەڵام پێدەچێت بەرزبووەوەکە سنوردار بێت، چ لەڕوی سەدی و چ لەڕوی ماوە.

ژمارەی خوێندراو : 130 جار

هەواڵی زیاتر