ڕوون میدیا
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ئاشکرای کرد کە ڕێککەوتنێک لەبارەی گەرووی هورمزەوە هەیە و پێشبینی دەکات لە داهاتووشدا ڕێککەوتن لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران بکرێت. ناوبراو ئاماژەی بەوەش دا کە لەگەڵ لایەنی ئێرانی لە گفتوگۆدان سەبارەت به شێوازی بەڕێوەچوونی دانوستانەکان و ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە خولی نوێی گفتوگۆکان دەست پێ دەکەن.
ترەمپ ئاشکرای کرد کە ئەمریکا ئامادە بوو هێرشێکی زۆر گەورە بکاتە سەر ئێران، کە لە دوای جەنگی جیهانیی دووەمەوە گەورەترین هێرش دەبوو، و جەختی کردەوە کە هێرشەکان بەردەوام دەبوون.
سەرۆکی ئەمریکا ڕوونیشیکردەوە کە هەریەک لە وڵاتانی سعودیە، ئیمارات، قەتەر و تەنانەت خودی ئێران داوایان لێکردووە هێرشەکە هەڵبوەشێنێتەوە. پێشتریش ئاماژەی بەوە کردبوو کە پەرەسەندنە سەربازییەکانی بەو هیوایە ڕاگرتووە بۆ ئەوەی بە خێرایی بگەنە ڕێککەوتنێک سەبارەت بە کردنەوەی گەرووی هورمز و چارەسەرکردنی کێشە ئەتۆمییەکان.
لە کۆتایی لێدوانەکانیدا، ترەمپ جەختی لەوە کردەوە کە چاوەڕێ دەکەن بزانن ئایا دەتوانن لە ڕێگەی ئەم پرۆسەیەوە بگەنە قۆناغی داماڵینی چەکی ئەتۆمی لە ئێرانییەکان یان نا.
لە لایەکی دیکەوە و هاوکات لەگەڵ ئەم پێشهاتانەدا، میدیا فەرمییەکانی ئێران بڵاویان کردەوە کە عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی سعودیە و فەرماندەی سوپای پاکستان ئەنجامداوە، بە مەبەستی تاوتوێکردنی هەوڵە دیپلۆماسییەکان و ڕەوشی ناوچەکە لەم قۆناغە هەستیارەدا.
ژمارەی خوێندراو : 106 جار