پڕۆفیسۆر محەممەد شەرقاوی، مامۆستای چارەسەرکردنی ململانێ نێودەوڵەتییەکان، جەخت لەوە دەکاتەوە کە هەڕەشە سەربازییە بەردەوامەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران کاریگەریی سیاسی و دەروونیی خۆیان لەدەستداوە و چیتر ناتوانن وەک ئامرازێکی بەرپەرچدانەوەی کاریگەر کار بکەن. بە بڕوای ئەو پڕۆفیسۆرە، تاران فێری ئەوە بووە بە شێوازێکی تەریب مامەڵە لەگەڵ بەربەرەکانێی سەربازی و دانوستانە دیپلۆماسییەکاندا بکات، بەجۆرێک کە هەڕەشەی سەربازی ڕێگە لە دیپلۆماسی ناگرێت و دانوستانیش ئامادەکارییە سەربازییەکان پەکیان ناخات.
شەرقاوی ئاماژە بەوەش دەکات کە دووبارەبوونەوەی ئەم گرژییانە بێ ئەوەی بەئەنجام بگەڕێن، تێچوویەکی گەورەی ئابووریی خستووەتە سەر بازاڕەکانی نەوت و ئابووریی جیهانی. لە کۆتاییدا جەخت دەکاتەوە کە سەرکەوتنی هەر دانوستانێک لە داهاتوودا پێویستی بە سازش و دەستکەوتی ڕاستەقینەی دوولایەنە هەیە، بەڵام واشنتۆن هێشتا بە تەواوی لە لۆژیکی گوشاری سەربازییەوە نەپەڕیوەتەوە بۆ لۆژیکی ڕێککەوتنی سیاسی.
ژمارەی خوێندراو : 50 جار