روون میدیا
راوێژکاری سەربازیی رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران رایگەیاند، هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەیان توانیویانە لە ڕێگەی هێرشی وردی درۆنی و موشەکییەوە، هێرشێکی زەوینی و ئاسمانیی ئەمریکا لە ناوچەکەدا پەکبخەن و گورزی کوشندە لە بنکەکانی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) بوەشێنن.
ئەم لێدوانانەی موحسین رەزایی، راوێژکاری سەربازیی موجتەبا خامنەیی و فەرماندەی پێشووی سوپای پاسداران، لە کاتێکدا دێن کە ناوبراو وردەکاریی نوێی لەبارەی شەڕی 17 رۆژەی ئەمدواییەی نێوان تاران و واشنتن خستەڕوو و هەڕەشەی توندی لە گەرووی هورمز و کەشتیگەلی ئەمریکی کرد.
بە وتەی رەزایی، لە ئەنجامی هێرشە موشەکی و درۆنییەکانی ئێران، بنکەکانی سێنتکۆم لە کوێت بوونەتە کەلاوە و زیانی زۆریان بەرکەوتووە، هەروەها لە هەولێریش زۆرینەی هێزەکانی ئەمریکا ناچار بە پاشەکشە و چۆڵکردنی بنکەکانیان کراون. ناوبراو ئاشکرای کرد کە فەرماندەیی سێنتکۆم لە سەرەتادا لە قەتەرەوە بۆ ئوردن ڕاکردووە، و دوای هێرشکردنە سەر ئوردنیش، ناچار بوون بنکەکەیان بۆ ناو خاکی ئیسرائیل بگوازنەوە.
فەرماندە سەربازییەکەی ئێران ئاشکرای کرد کە ئەمریکا پلانی هەبووە هێرشێکی زەوینی بکاتە سەر خاکی ئێران و بۆ ئەو مەبەستەش ئەو پردانەی تەقاندووەتەوە کە دەچنەوە سەر پارێزگای هورمزگان، بەڵام بە وتەی ئەو، "پلانە ناپوختەکەی سوپای ئەمریکا و وەڵامە تووندەکەی ئێران" بووە هۆی ئەوەی سەرجەم هێرشە زەوینی و ئاسمانییەکان بوەستێنرێن.
سەبارەت بە دۆخی دەریایی، رەزایی هەڕەشەی کرد کە بە هیچ شێوەیەک ڕێگە نادەن هیچ رێڕەوێکی دیکە لە دەرەوەی ئیرادەی ئێران لە تەنگەی هورمزدا بکرێتەوە، و تەنانەت ئەگەر ئەمریکاش کەشتیگەلی جەنگی بهێنێت، دەیانبەنە ئامانج.
لە هێرشکردنە سەر دۆناڵد ترامپیشدا، رایگەیاند کە سەرۆکی ئەمریکا خەونی بەوەوە دبینیوە ئۆپەراسیۆنێکی گەورەتر لە جەنگی جیهانی دووەم ئەنجام بدات، بەڵام ئەم هەوڵانە فراوانتربوون و لە ئەنجامدا مەترسیی هەڵگیرسانی جەنگی جیهانی سێیەمی لێکەوتووەتەوە.
لە کۆتایی لێدوانەکانیدا، رەزایی سەبارەت بە لێکۆڵینەوە لە هێرشەکانی سعودیە بۆ سەر عێراق و دۆسیەی ئۆکراینا دوا و جەختی کردەوە کە ئێران هەڵویستی بەرگریی خۆی تاوەکو دوا دڵۆپەی خوێن دەپارێزێت و رێگە نادات لایەنە بەرامبەرەکان بێ باج دەرچن.
ژمارەی خوێندراو : 72 جار