دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەست، کێ براوەی شەڕەکە بوو؟
دوای زیاتر لە ٤٦٥ ڕۆژ شەڕ، بڕیارە ڕۆژی یەکشەممە ئاگربەستی نێوان هێزە بەرگریکارەکانی فەڵەستین و قەوارەی ئیسرائیل ببێتە ڕاست، ئەگەرچی تا ئێستایش شەڕ هەر بەردەوامە و تەنیا دوێنی و ئەمڕۆ زیاتر لە ١٠٠ فەڵەستینی کوژراون.
شەڕێکی ماڵوێرانکەر کە سەت و پەنجا هەزار قوربانیی لێ کەوتووەتەوە، زیاتر لە ٤٦ هەزار شەهید بوون، بەشێکی زۆریان ژن و مناڵن.
دوو لەسەر سێی خانووەکانی غەززە، واتە ٦٩%ی کە دەکاتە ١٧٠ هەزار خانوو و باڵەخانە ڕووخاون.
سەدان خوێندنگە و زانکۆ و پەیمانگا و ناوەندی فێرکردن زیانیان پێ گەیشتووە. بەگوێرەی داتاکانی لە لایەن فەڵەستینییەکانەوە ڕاگەیەندراون، زیاتر لە ٢٠٠ ناوەندی حکوومەتی و ١٣٦ قوتابخانە و زانکۆ و ٨٢٣ مزگەوت و سێ کڵێسا وێران کراون.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان زۆرێک لە نەخۆشخانەکان بەتەواوەتی لەکار کەوتوون، لە کۆی ٣٦ نەخۆشخانە تەنیا ١٧یان ئەویش بە نیوەناچڵ کار دەکەن. ٧٠%ی قوتابخانەکانی ئەو شارە کە بەشێکی زۆریان لە لایەن ئۆنورواوە بەڕێوە دەبردرێن و خەڵکێکی زۆر سەروەختی شەڕ پەنایان بردنە بەر، زیانیان پێ گەیشتووە.
بەگوێرەی ئاماری ڕێکخراوی یونیسێف لە کۆی ٥٦٣ ناوەندی خوێندن ٤٠٨یان واتە ٧٢.٥%یان زیانیان پێ گەیشتووە.
٥٣ قوتابخانە بە تەواوی ڕووخاون و ٢٧٤یان زیانیان بەر کەوتووە.
نەتەوە یەکگرتووەکان لە مانگی دەی ٢٠٢٤ ئاماژەی داوە بەوەی لابردنی ٤٢ ملیۆن تۆن خاشاک کە لە ئەنجامی بۆمبارانی ئیسرائیلەوە کەوتووەتەوە چەندین ساڵی پێ دەچێت و بڕی ١.٢ ملیار دۆلاریشی دەوێت.
هەر بەگوێرەی ڕاپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان؛ لابردنی پاشماوەی شەڕەکە نزیکەی ١٤ ساڵ دەخایەنێت، کە تەرمی بەجێماویشی تێدانە، بەگوێرەی داتای مانگی ئایاری ٢٠٢٤ی وەزارەتی تەندروستیی غەززە؛ تا ئێستا ١٠ هەزار تەرم لەژێر داروپەردوودان.
سەرباری ئەوانەیش هێزێکی وەک حەماس چەندین کادیری گەورە و کاریگەری لە دەست دان، لە سەرووی هەموویشیانەوە سێ سەرکردەی هەرە دیار: "ئیسماعیل هەنییە، "یەحیا سنوار و ساڵح عارووری".
ئەو شەڕە بە ناوخۆی فەڵەستینیشەوە نەوەستا و هاوکێشە ناوچەییەکانیشی گۆڕی، حیزبوڵڵای لوبنانی لاواز کرد و سەرۆکەکەیانی "حەسەن نەسروڵڵا" لەناو برد، سەری ڕژێمەکەی ئەسەدیشی خوارد -ڕەنگە تا ئەم ساتە ئەمەی دوایی باشترین لێکەوتەی باشی دیاری شەڕەکە بێت-.
ئەگەر لەم ڕووەوە تەماشای شەڕەکە بکەین، بێگومان دۆڕاوی سەرەکی فەڵەستینییەکانن، بە هێزە بەرگریکارەکان و خەڵکەکەیشەوە، وەلێ لە دیوێکی فرەوانترەوە سەیر بکەین، ناتوانین ئاوها بڵێین.
هاوکێشەکە ئاوهایە:
شارێکی بچووک کە ڕووبەرەکەی کەمێک لە نیوەی ڕووبەری شاری کەلار زیاترە (غەززە ٤١ کم درێژییەتی، ٦ کم تا ١٢ کم پانییەتی، ڕووبەری گشتیی ٣٦٠ کم دووجایە، ڕووبەری کەلار ٥٨٣ کم دووجایە). لە کاتێکدا نۆ هێندەی کەلار خەڵکی تێدایە. (ژمارەی دانیشتووانی غەززە بەر لە ٧ی ئۆکتۆبەر ٢.٣ ملیۆن بوو، ئێستا ژمارەکە کەم بووەتەوە. ژمارەی دانیشتووانی ٢٥٠ هەزارە).
ئەم شارە بچووکە پڕ لە خەڵکە زیاتر لە ١٧ ساڵ بوو بەتوندترین شێوە گەمارۆ درابوو. وەختێ شەڕ هەڵگیرسا و ئیسرائیل هەڕەشەی پەلاماردانی دا، کەم کەس دەیتوانی گرەو بکات لەسەر ئەوەی غەززە بتوانێت لە پێنج مانگ زیاتر بەرگە بگرێت. ئاخر نە شاخێکی تێدایە و نە تەپۆڵکەیەک، تا جەنگاوەرەکانی بتوانن سەنگەری تێدا لێ بدەن و خۆ ڕابگرن، زەوییەکی تەختان و کۆمەڵێک باڵەخانە و خانوو و ئاو بێنە و دەستت بشۆرە.
ڕاستیت بوێت ئەوەی تا ئەم ساتە دەبینرێت، زیاتر لە خەیاڵ دەچێت. بیر بکەرەوە، کۆمەڵێک خەڵکی ڕەشووڕووت، لەسەرزەوییەکی گەمارۆدراودا، یاریان یەکە و نەیاریان هەزار، مەل بچێتە ناوییەوە دەپشکنرێت، بە نیوەی جیهانەوە هاتوونەتە وێزەی، هاوخوێنە عارەبەکانی خۆی لە هەموو دووژمنێک زیاتر دژین و لە پشتەوە لێی دەدەن، لە پاشماوەی ئەو بۆمبایانەی دووژمن پێوەی دەنێت، چەک دروست دەکات.
ئەوانەیشی ساڵانێک بوو بە ناوی دۆزی فەڵەستینەوە سنگیان دەردەپەڕاند و هەڕەشەی ڕزگارکردنی قودسیان دەکرد، وردە وردە بوونە بڵقی سەر ئاو و وەک شێرە بەفرینەی بەر هەتاو تووانەوە، سەرکردە دیارەکانی چ سیاسی چ سەربازی شەهید کران، دوو ملیۆن خەڵک لە ماڵەکانیان دەرکران، ئاو و کارەبا و خزمەتگوزاریی تەندروستییان لێ بڕا و لەمسەر بۆ ئەوسەری شار ڕاو دەنێرن و باوەشێک نییە بۆیان کرابێتەوە...
دوای زیاتر لە ٤٦٥ ڕۆژ، هێشتا ئەم هێزە بەرەنگاری دووژمن دەبێتەوە و نەک ئاڵای سپی هەڵناکات، بگرە دەڵێی یەکەم تازە یەکەم ڕۆژی شەڕە و جەنگاوەری نوێ دەچنە ڕێزەوە و گورزی کوشندە لە دووژمن دەوەشێنن.
ئامانجی ئیسرائیل لەو جەنگەی کردی چ بوو؟
یەکەم: لەناوبردنی هێزی سەربازیی حەماس.
دووە: لەناوبردنی دەسەڵاتی سیاسیی حەماس.
سێیەم: گێڕانەوەی دیلەکانی.
دوای تێپەڕینی ١٥ مانگ، هیچیەکێک لەو ئامانجانە بەدی هاتن؟
وەڵامەکە ڕوونە، ئەگەر دیلەکان بە هێز ئازاد کرابان، ئیسرائیل ملی بۆ دانوستان نەدەدا. ئەگەر دەسەڵاتی سەربازیی حەماس نەمایە، ئیسرائیل ئاوها نەدەکەوتە ژێر فشاری ناوخۆی و هەروەها دۆستەکانییەوە، ئەگەر هێزی سیاسیی حەماس نەماوە، ئیسرائیل دانوستان لەگەڵ کێ دەکات؟
کەواتە هیچ ئامانجێکی شەڕ لە لایەن ئیسرائیلەوە نەپێکراوە، لە بەرانبەردا چەند سەربازی کوژراون؟ چەند تانک و زرێپۆش و ماشێنی سەربازیی لەناو چوونە؟
ئەی لە ڕووی ناوبانگی مەعنەوی و پشتیوانیی نێودەوڵەتییەوە، چەندە زیانی پێ گەیشتووە؟
ئەو وڵاتەی وای لە جیهان گەیاندبوو، ئاگای لە ژووری نووستنی نەیارەکانییەتی، سەرلەبەیانییەک بەخەبەر دێت و دەبینێت، گرۆیەکی چەکدار نەک سوپای وڵاتێک دیوارە قاییمەکانی بڕیوە و چەندین سەربازگەی گرتووە و چەندین سەربازی کوشتووە و چەندینیشی لەگەڵ خۆی وەک دیل بردووە، کەچی ئەم هێشتا خەو چاوی بەرنەداوە و نازانێت چی لێ قەوماوە!
زریانی ئەقسا دەرزییەک بوو کرا بە میزەڵدانی فووتێکراوی قەوارەی ئیسرائیلدا و شکاندنی شکۆیەکی میدیاکرد بوو، کە ٧٥ ساڵ بوو لە لایەن دروستکەرەکانییەوە بۆی دروست کرابوو. هەر لە ٧ی ئۆکتۆبەردا ئەفسانەی سوپای نەبەزیو ڕەوایەوە. بەدرێژایی ساڵێک شەڕ و پەلاماردانی سوپایەکی زەبەلاح بۆ سەر شارێکی بچووک و دەستنەپاراستن لە ژن و منداڵ و پیر و تەنانەت ئاژەڵیش، ویژدانی زۆرێک لە گەلانی جیهانی هەژاند و سەدان خۆپیشاندان لە دژی ئەو شەڕە ناهاوسەنگە لە دنیادا ساز کرا و وێنەی ئیسرائیل وەک تاوانبار و دڕندەیەکی ترسناک کەوتە بەرچاو و ئەو وێنەیەی ٧٥ ساڵ بوو بۆی دروست کرابوو و وەک قوربانی وێنا دەکرا هاڕەی کرد و جارێکی تر دروست نابێتەوە. کار گەیشتە ئەوەی دادگای لاهای کە لە بنچینەدا لە چوارچێوەی مەنزوومەیەکدا کار دەکات کە غەربییەکان دەیسووڕێنن، بێتە سەر خەت و سەرەڕای هەڕەشە و گوڕەشەی ئیسرائیل و ئەمریکای پارێزەری، بڕیاری دەستگیرکردن بۆ نێتنیاهۆی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و یواف گالانتی وەزیری بەرگری دەربکات. واتە ئێستا بەرپرسەکانی ئیسرائیل بە فەرمی تۆمەتبارن بە کوشتنی بەکۆمەڵ و تاوانی دژی مرۆڤایەتی.
لە ڕووی ئابوورییەوە زیانی ئیسرائیل بێئەندازە زۆرە.
حکوومەتی ئیسرائیل ڕایگەیاندبوو عەجزی مالی لە بەرهەمی ناوخۆ بۆ ساڵی ٢٠٢٤ دەگاتە ٦.٩%، واتە ٣٦.١ ملیار دۆلار.، کەچی ڕۆژنامەی "کالکالیست" گومان لەو ژمارەیە دەکات و دەڵێت عەجزی مالی لە بەرهەمی ناوخۆ لەو ژمارەیە زیاترە و دەگاتە ٧.٢، واتە ٣٧.٧ ملیار دۆلار.
بەگوێرەی وەزارەتی دارایی ئیسرائیل، زیانی ئابووری ئەو قەوارەیە لە سەرەتای جەنگەوە گەیشتووەتە ١٢٥ ملیار شیکل، واتە ٣٤.٠٩ ملیار دۆلار.
هەروەها دەڵێت: بڕی ١٩.٢ ملیار شیکل، واتە ٥.٢ ملیار دۆلار کەمی بودجە هەبووە لە مانگی ١٢ی ٢٠٢٤.
داوای حەماس لە یەکەم ڕۆژی شەڕەکەوە گۆڕینەوەی دیل بوو بە دیل، نێتنیاهوو سواری ملی خۆی بوو و غروور و هەستکردن بە شکان بەرچاویان تاریک کرد و ملی لە شەڕ نا، ئێستا و دوای ١٥ مانگ و کوژرانی بەشێکی زۆر لە دیلەکانیان و دەیان خۆپیشاندانی کەسوکاری دیلەکان و دروستبوونی دووبەرەکی لە ناوخۆی قەوارەکەدا، کە ئیتمار بن گفیر لە لایەن و سمۆتریچ لە لایەکی ترەوە ئامادەی ئەم دانوستانە نین و بە دۆڕانی ئیسرائیل و ملکەچکردن بۆ حەماس ناوی دەبەن، نێتنیاهوو و لەژێر فشاری هەڕەشەی ترامپ و ئەرزی واقیعدا لەسەر مێزی گفتوگۆ دادەنیشێت و بە ناچاری پەرداخە ژەهرەکە دەخواتەوە!
بۆ گەلێکی بێ پشت و پەنا و گەمارۆدراو، گەلێک کە بە تاقی تەنیا بەرانبەر نیوەی جیهان شەڕ دەکات، خۆگرتن بۆ ماوەی ١٥ مانگ و بەرزنەکردنەوەی ئاڵای سپی، هەر ئەوە بۆ خۆی سەرکەوتنە، چ بگات بەوەی لەسەر مەرجەکانی سەرەتای شەڕ مکووڕ بیت و دەستیان لێ هەڵنەگریت.
هێشتا زووە بۆ ئەوەی بزانین خوێنی ئەو هەموو خەڵکە بێتاوانە چۆن لە گەردنی عەزیای قەوارەی ئیسرائیل دەهاڵێت و تا بنی چاڵی نەمان نغرۆی دەکات.
دەمێنێتەوە پرسیارێک: ئایا حەماس دەیزانی شەڕەکە دەگات بەم شوێنە؟ ئامانجی هێرشی ٧ی ئۆکتۆبەر چ بوو؟ ئایا ئەگەر جەنگ لێرەدا تەواو ببێت، با حەماسیش بمێنێت، قازانجێکی گەورە کراوە؟ یان ئامانج لە شەڕەکە لێکەوتەکانی بوون، وەک بێزراوبوونی ئیسرائیل و لاوازبوونی کۆڵەکانی کە لەسەریان وەستاوە؟
ڕەنگە داهاتوو ئامانج و لێکەوتەکانی شەڕەکە زیاتر ڕوون بکاتەوە.