وردەکارییەکی زانستی و پیشەیی بۆ خەرجى کارەباى خێزانێکى مامناوەندی (پێنج کەسى) لە هاویندا
لە خوارەوە، بە وردەکاریی زۆر وردى تێچووى هەر ئامێرێک بۆ پێداویستی ڕۆژانەى خێزانێکى ئاسایى پێنج کەسى ( باوک و دایک و سێ منداڵ) بۆ وەرزى هاوین دەخەینەڕوو، بەبێ هیچ زیادەڕەوییەک و بە دەستپێوەگرتنێکى ئابورییانە:
یەک/ پێویستییەکان:
١ـ بەفرگر (سەلاجەو موجەمیدە):
(٠,٥) کیلۆ وات وزە * ١٥ سەعات لە ڕۆژێکدا(چونکە تۆتۆماتیک دەکەن) * ٣٠ ڕۆژ = ٢٢٥ کیلۆ وات.
٢ـ موبەریدە ( تەنها یەک موربەریدەى ٢,٥ى ئاسایى، بەبێ سپلیت و پانکەو هیچ شتێک):
(٠,٥)ى کیلۆ واتێک وزە * ٢٤ سەعات * ٣٠ ڕۆژ = ٣٦٠ کیلۆ وات.
٣ـ ڕووناکى (تێکڕا (٧ تا١٠) گڵۆپى ئاسایى بە نزیکەىی ٢٠ واتى):
٠,٢٥ کیلۆ وات وزە * ١٠ سەعات لە ڕۆژێک * ٣٠ ڕۆژ= ٧٥ کیلۆ وات.
٤- جلشۆر (غەسالە):
٢,٣ کیلۆ وات وزە * ٢ سەعات لە ڕۆژێکدا * ٣٠ ڕۆژ = ١٣٨ کیلۆ وات.
٥- بۆیلەر( بە هاویندا یەک سەعات ئەژمار دەکەین بە تێکڕا، چونکە وەک زستان پێویست نییە کە پێنج سەعات و زیاتر کار بکات):
٣ کیلۆ وات وزە * یەک سەعات لە ڕۆژێکدا * ٣٠ ڕۆژ= ٩٠ کیلۆ وات.
٦- هێندێک ئامێرو پێویستى تر، وەک: ( گسک، موجەفیفە، ئوتو، شەحنی مۆبایل و کۆمپیوتەرو ئامێری تر، ماتۆری ئاو):
٣ کیلۆ وات وزە * دوو سەعات لە ڕۆژێکدا * ٣٠ ڕۆژ = ١٨٠ کیلۆ وات.
دوو/ نرخەکان:
کۆى گشتى خەرجییەکانى وزە لەهەر شەش خاڵەکەی سەرەوە بۆ مانگێکی خێزانێک بۆ کەمترین بەکارهێنان دەکاتە (١,٠٦٨ - هەزارو شەست و هەشت) کیلۆ وات.
نرخی کیلۆ واتێک کارەبا لە پڕۆژەی کارەبای (٢٤) کاتژمێریی لە (١٠٠) دینار دەست پێدەکات بۆ (١٥٦ )دینارو زیاتریش بە پێی بەکارهێنان، بەڵام ئەگەر تەنها بە تێکڕای (١٣٠) دینار ئەژماری بکەین، ئەوا:
خەرجى مانگانەى ئەم خێزان ئاساییە بریتیە لە (١٣٨،٨٤٠ - سەدوو سی و هەشت هەزارو هەشت سەدوو چل) دینار!
سێ/ شەش تێبینی:
١- ئەو (١،٠٦٨) کیلۆ واتەی لەسەرەوە ئەژمارمان کرد، تێکرا بۆ مانگێک بە ئەمپێر بریتیە لە (٦،٧٥) ئەمپێر، واتە ئەمپێرێک کەوتووەتە نزیکەی (٢٠،٥٠٠) دینار!
٢- هیچ خێزانێکی پێنج کەسی ناتوانێت لە وەرزەکانی گەرماو و سەرمادا (واتە نزیکەی ٨ مانگ) لەو بڕە کەمتر کارەبا بەکاربهێنێت!، بەڵام دەکرێت خێزانی دوو کەسی کەم ببێتەوە بۆ نزیکەی (٥٠٠ کیلۆ وات) و خێزانی گەورەتریش بروات بەرەو (١،٥٠٠ تا ٢،٥٠٠ کیلۆ وات).
٣- نرخەکان لە پڕۆژەکە خۆی وەرگیراون لەگەڵ بەراوردی ئەو پسوڵانەی لە پێنج مانگی ڕابردوو بۆ هاووڵاتیان کراون.
٤- ئەم پڕۆژەیە قۆناغی ئەزمونکردنی تێپەراندووە، چونکە ئەزموونکردن تەنها لە یەک گەرەک دەکرێت و پێویست ناکات لەسەر هەموو گەرەک و شارێک تاقیبکرێتەوە، بەڵام نارەزایی دەتوانێت نرخەکان راگرێت و حکومەت بباتەوە سەر نرخی (١٨) دینار بۆ کیلۆ واتێک.
٥- لە پڕۆژەی "ڕووناکی!" هیچ لەسەرت ناوەستن، جاران ئاسایی بوو ببێت بە قەرز لەسەر هاووڵاتی، بۆیە ئەگەر دوای دوو ڕۆژ بە کاش پارەی مانگانە نەدەیت، کارەباکەت دەبڕن و ماڵەکەت "تاریک"دەکەن!
٦- پڕۆژەکە لە مانگی یەکەم لە (٥٠٪) و لە مانگی دووەم لە (٢٥٪) داشکاندنت بۆ دەکەن بۆ ئەوەی دڵت خۆش بێت کە تێچووی کەمە، لە مانگی سێهەمەوە پارەی تەواوت لێ وەردەگرن!
چوار/ بەراوردێک:
ئەگەر خێزانێک داهات یان مووچەکەی مانگانە نزیکەی (١،٠٠٠،٠٠٠) دینار بێت، کاتێک (١٠٠،٠٠٠) دینار بدات بە کارەبا، واتە ڕێژەی (١٠ ٪)ی داهاتی مانگانەی داوە بە کارەبا!
ئەگەر خێزانێک داهاتەکەی (٥٠٠،٠٠٠) بێت، واتە ڕێژەی (٢٠٪)ی داهاتەکەی داوە بە کارەبا!
لە کاتێکدا گرانترین نرخی کارەبای وڵاتانی تەنانەت ئەمریکی و ئەوروپی ڕێژەی خەرجی داهاتی خێزانێک بۆ کارەبا ناگاتە (٥٪)ی کۆی داهاتی مانگانەی خێزانەکە! ئایا دەکرێت خێزانێکی دانیشتووی هەولێر یان سلێمانی و هەڵەبجەو زاخۆ یان کفری، دوو هێندەو سێ هێندە تا پێنج هێندەی داهاتی مانگانەی زیاتر پارە بدات بە کارەبا، بەراورد بە خێزانێک لە سویدو بەریتانیاو ئەڵمانیاو کەنەداو نەمسا دەژی؟!
پێنج/ ئەنجام:
ئەگەر ئەم نرخانە بۆ خێزانێک کە مانگانە (یەک ملیۆن) دینار داهاتی بێت، بارگرانییەکی گەورە بێت، ئەى:
ئەوانەى لە خوار یەک ملیۆن دینار داهاتیانە دۆخیان چۆن دەبێت؟
ئەى هەژارەکان؟
ئەی کرێچییەکان؟
ئەى سەرۆک خێزانێک کەمئەندام بێت و تەنها (١٥٠ هەزار) دینار مووچەکەی بێت؟
شەش/ هەڵويست:
ئەگەر ئەم تێچووەی مانگانە بۆ خێزانێک بە کارەباى "حکومی" و " نیشتیمانی" ئەژمار بکرێت؟ ئەی کارەباى (بازرگانى) کامەیە؟
ڕەتکردنەوەو ڕاگرتنی ئەم نرخە “بازرگانیانە”ی کارەبا، ئەرکێکی ئەخلاقی و ئاینی و نیشتیمانییە لەسەر هەموومان.
عومەر گوڵپی
١٢ی ٣ی ٢٠٢٥