لوبنان: ١٨ ملیار دۆلاری بەرپرسانی عێراق و هەرێمی کوردستان، دەستی بەسەرداگیرا

30/09/2022

ڕوون میدیا
بەهۆی ئەو قەیرانە دارایی و ئەو داڕمانە گەورەیەی توشی کەرتی بانکی لوبنان بووە، ١٨ ملیار دۆلاری بەرپرسانی عێراق و هەرێمی کوردستانیش دەستی بەسەرداگیرا .
بەپێی هەواڵێکی کەناڵی (العربية)، "لەیەکێک لە بانکەکانی لوبنان، بڕی ١٨ ملیار دۆلار، کە هی بەرپرسە سیاسییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان بووە، بەهۆی قەیرانی بانکی لەو وڵاتە، بووە بە (هەڵم)و دیار نەماوە"
ئەو سەرچاوەیە ڕاشیگەیاندووە "ئەو بڕە زەبەلاحە پارەیە بە فەرمی بەناوی کەسایەتی سیاسیی یان کۆمپانیا یان لایەنی عێراقی و کوردییەوە لەو بانکە دانراوە، بەشێکیشیان بەناوی دیکە و خاوەن رەگەزنامەی دیکە دایان ناوە بۆئەوەی نەناسرێتەوە"
لەلایەکی دیکەوە، پیگەی (میدیا لاین) بڵاویکردەوە "ژمارەکە زۆر لەوە زیاترە کە ئاشکرابووە، سەرکردە سیاسییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان لە ترسی سزا و لێپرسینەوە، هەژماری بانکییان بەناوی کەسایەتی لوبنانیەوە کردوەتەوە کە زۆربەیان سەربە حزبوڵای لوبنان و بزوتنەوەی ئەمەل و تەنانەت کەسایەتی سوننەش"
سەرچاوەکە دەشڵێت "ئەو سەرکردە سیاسییە عێراقیی و کوردانە تا ئێستا داوای پارەکەیان نەکردوەتەوە، ئەگەر داواشی بکەنەوە، وەڵامیان بادرێتەوە چونکە بانکەکانی لوبنان پارەیان تێدانەماوە، ئەگەر پارەش هەبێت هەر بۆیان ناگەڕێتەوە و تەنها وەک ژمارە لە بانکدا دەبێت و هیچی تر"
ئاشکراشیکردووە "لەو برە پارەیە، یەک ملیار و ٣٠٠ ملیۆن دۆلاری هی حکومەتی عێراقە، ٦٥٠ ملیۆن دۆلاریش هی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، ئەوەی دیکە هی سەرکردە سیاسییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان و بازگانی دیکەیە کە هەڵگری رەگەزنامەی عێراقین"
ئاماژەیبەوەشکردووە "ئەگەر داوای ئەو پارانەش بکەنەوە، حکومەتی لوبنان لە توانایدا نیە بیگیڕێتەوە بۆیان، چونکە لە قەیرانی داراییدایەخو کەرتی بانکی بەتەواوی هەرەسیهێناوە"

ژمارەی خوێندراو : 348 جار

هەواڵی زیاتر