دۆناڵد ترەمپ،
سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، باری لەناکاو لە واشنتن دی سی پایتەخت ڕادەگەیەنێت،
دوای ئەوەی موریێل باوزەر، سەرۆکی شارەوانی شارەکە حکومەتی فیدراڵی ئاگادارکردەوە
کە پۆلیسی پایتەخت هاوکاری بەڕێوەبەرایەتی کۆچ و گومرگ (ICE) ناکات.
ناکۆکییەکە
لەسەر پێدانی زانیارییە سەبارەت بەو کەسانەی کە بە نایاسایی لە ئەمریکا دەژین یان
دەچنە ناوی. هەڕەشەکەی ترەمپ دەچێتە سەر زنجیرەیەک ڕێوشوێن کە ڕەخنەگرانی بە
دەستێوەردانی دەسەڵاتەکانی فیدراڵی دەزانن، لە کاتێکدا زیاتر لە دو هەزار سەرباز
لە شەقامەکانی شارەکەدا جێگیركراون.
دۆناڵد ترەمپ،
ئەمڕۆ دوشەممە لە پلاتفۆرمی "Truth Social" ڕایگەیاند، "شوێنەکە لە ماوەی
چەند هەفتەیەکدا گەشەیەکی بێ وێنەی بەخۆیەوە بینی. بۆ یەکەمجار لە چەندین دەیەدا،
نزیکەی هیچ تاوانێک نییە".
لێدوانەکەی
ترەمپ دوای ئەوە هات کە هەزاران خۆپیشاندەر لەم مانگەدا هاتنە سەر شەقامەکان،
ناڕەزایەتییان دەربڕی بەرامبەر بڕیارەکەی لە مانگی (ئاب/9) بۆ بڵاوەپێکردنی
هێزەکانی پاسەوانی نیشتمانی بۆ "دوبارە سەپاندنی یاسا و ڕێسا و سەلامەتی
گشتی"، دوای ئەوەی ڕێژەی تاوانی لە پایتەخت بە "کارەسات" ناوبرد.
ترەمپ
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پایتەختی خستە ژێر کۆنترۆڵی ڕاستەوخۆی دەسەڵاتی فیدراڵی، و
هێزەکانی جێبەجێکردنی یاسای فیدراڵی، لەوانەش ئەندامانی بەڕێوەبەرایەتی کۆچ و
گومرگ، بڵاوەپێکرد. هێشتا کاتی کۆتایی هاتنی ئەرکیان ڕون نییە.
هیچ وەڵامێکی
خێرا لە نوسینگەی باوزەر، سەرۆکی شارەوانی شارەکە لەسەر داوای لێدوان لەبارەی
پۆستەکەی ترەمپەوە نەبو.
ژمارەی خوێندراو : 405 جار