ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەنگ لەسەر ئاگربەست لە غەززە و گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان دەدات

2 کاتژمێر پێش ئێستا

ئه‌مڕۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بۆ جاریكی تر دەنگ لەسەر بڕیارنامەیەک دەدات کە تێیدا داوای ئاگربەست لە غەززە و گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ خاکی گەمارۆدراو و وێرانکراو دەکات، ئەو پێشنیازە لەلایەن زۆرینەی وڵاتانی ئەندامەوە پاڵپشتی دەکرێت، کە سەرەڕای دوبارەبونەوەی ڤیتۆی ئەمریکا، هەوڵدەدەن بۆ چارەسەرکردنی شەڕی 23 مانگە هەنگاو بنێن.
لە کۆتایی مانگی (ئاب/8)ی ئه‌مساڵدا ئەندامانی هەڵبژێردراو لە کاردانەوە بە ڕاگەیاندنی فەرمیی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ برسێتی لە کەرتی غەززە گفتوگۆیان لەسەر ڕەشنوسی بڕیارنامەکە دەستپێکرد، لە  یەکەمین دەقەکەدا داوای لابردنی دەستبەجێی هەمو ئاستەنگەکانی بەردەم گەیاندنی هاوکارییەکان كرا.
سەرچاوە دیپلۆماسییەکان باسیان لەوەکردوە، فڕەنسا و بریتانیا گومانیان دەربڕیوە سەبارەت بە ئەگەری بڕیارنامەیەکی تەواو مرۆیی کە لەلایەن دەزگایەکەوە دەرچوە کە بۆ پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی داڕێژراوە، کە ئەمریکا لە هەر حاڵەتێکدا دەتوانێت ڕێگری لێبکات.
بەم پێیە ڕەشنوسی بڕیارنامەکە کە لەلایەن ئاژانسی فرانس پرێسەوە بینراوە و بڕیارە پاشنیوەڕۆی ئه‌مڕۆ پێنجشەممە بخرێتە دەنگدانەوە، داوای کۆتاییهێنان بە سنوردارکردنی هاتنە ناوەوەی یارمەتییە مرۆییەکان دەکات، هاوکات داوای "ئاگربەستێکی دەستبەجێ و بێ مەرج و هەمیشەیی لە غەززە" دەکات، هەروەها داوای ئازادکردنی دەستبەجێ و بێمەرجی بارمتەکان دەکات.
ئەمریکا پێشتریش پرۆژە بڕیارە هاوشێوەکانی ڕەتکردبوەوە کە لە ئەنجومەنی ئاسایشدا خراونەتە دەنگدانەوە، دوایین جار لە مانگی حوزەیراندا کاتێک ڤیتۆی خۆی بۆ پاراستنی هاوپەیمانەکەی ئیسرائیل بەکارهێنا.
نەکردنی هیچ کارێک بۆ ئەمریکییەکان ئاسان دەبێت
جارێکی دیکە پرسیار لەسەر شایستەیی ئەو هەوڵە دەوروژێنرێت، هەرچەندە پێدەچێت هەمان چارەنوسی هاوشێوەکانی پێشوی بەدەستبهێنێت، لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا، دیپلۆماتکارێکی ئەوروپی وتی، "نەکردنی هیچ کارێک بۆ ئەمریکییەکان ئاسان دەبێت، کە پێویست ناکات هەڵوێستەکانیان لەبەردەم 14 ئەندامی ئەنجومەنی ئاسایشی (نەتەوە یەکگرتوەکان) و بۆ ڕای گشتی جیهان بخەنەوە"، بیرۆکەی ئەوەی ڕەتکردەوە کە هیچ نەکەن تەنها لە ترسی ڤیتۆی ئەمریکا.
ئەو دیپلۆماتکارە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، باسی له‌وه‌كردوه‌، "ئەوە زۆر یارمەتی فەڵەستینییەکانی سەر زەوی نادات، بەڵام لانیکەم بەردەوامین لە نیشاندانی ئەوەی کە هەوڵ دەدەین".
ڤیتۆی پێشو توڕەیی 14 ئەندامی دیکەی ئەنجومەنی ئاسایشی لێکەوتەوە و تادێت بێزاری خۆیان دەردەبڕن لە گوشارەکردن لە ئیسرائیل بۆ کۆتاییهێنان بە دۆخی نالەباری دانیشتوانی کەرتی غەززە.
هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە کە لە 7ی تشرینی یەکەمی 2023 دەستی پێکردوە، زیاتر لە 65 هەزار فەڵەستینی کوژراون کە زۆربەیان خەڵکی سڤیل بون و زۆرینەی ڕەهای دانیشتوانی کەرتی غەززە کە زیاتر لە دو ملیۆن کەسن، کە لە سەرەتای جەنگەوە لەژێر گەمارۆی ئیسرائیلدان، ئاوارە بون.
تەنیا یارمەتییە مرۆییە سنوودارەکان گەیشتوونەتە ئەو کەرتە و گەمارۆکە کە ئیسرائیل لە سەرەتای مانگی ئازاری 2025 توندتری کردەوە، لە کۆتایی مانگی ئایارەوە تا ڕادەیەک سوک بوە.
لە مانگی ئابدا شارەزایانی سەر بە نەتەوە یەکگرتوەکان برسێتی لە بەشێک لە کەرتی غەززە پشتڕاستکردەوە، بەڵام ئیسرائیل ئەوە ڕەتدەکاتەوە و حەماس تۆمەتبار دەکات بە تاڵانکردنی ئەو هاوکارییانە.
هەروەها کۆمسیۆنێکی نەتەوە یەکگرتوەکان ئیسرائیلی تۆمەتبارکردوە بە ئەنجامدانی "جینۆساید" لە غەززە، لە ڕاپۆرتێکدا کە ئیسرائیل بە "لایەنگری و چەواشەکارانە" وەسفی کردوە.

لە ساڵی 2024 دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ بنیامین نه‌ته‌نیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و یۆاڤ گالانت، وەزیری بەرگری پێشوی ئیسرائیل بە تۆمەتی تاوانی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی دەرکرد، به‌ڵام تائێستا ئه‌و فه‌رمانه‌ جێبه‌جێ نه‌كراوه‌.

ژمارەی خوێندراو : 46 جار

هەواڵی زیاتر