له چێشتخانه‌یه‌کی واشنتنی پایته‌ختی ئه‌مریکا، ژماره‌یه‌ک له پشتیوانانی فه‌ڵه‌ستین ڕوبه‌ڕوی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا بونه‌وه و به "هیتله‌ری سه‌رده‌مه‌که‌مان" ناویان برد، ئه‌وه‌ش به‌گوێرەی گرتە ڤیدیۆییه‌کانی که شه‌وی سێشه‌ممه لەسەر چوارشه‌ممه كە له پلاتفۆرمه‌کانی سۆشیال میدیادا بڵاوکرانه‌وه.
له ڤیدیۆکه‌دا سه‌رۆکی ئه‌مریکا له‌ناو ڕێستۆرانتێکدا ده‌رده‌که‌وێت، له کاتێکدا ژماره‌یه‌ک خۆپیشانده‌ر، که یه‌کێکیان ئاڵایەكی لە شێوەی ڕه‌نگه‌کانی ئاڵای فه‌ڵه‌ستین هه‌ڵگرتبو، له نزیکییه‌وه وه‌ستاون. ئه‌وان هاواریان دەكەن و دەڵێن؛ "واشنتن ئازاد بکه‌ن، فه‌ڵه‌ستین ئازاد بکه‌ن، ترەمپ هیتله‌ری سه‌رده‌مه‌که‌مانه".
ترەمپ كە له خۆپیشانده‌ره‌کان نزیکبوەوە، بۆ ماوه‌یه‌کی کورت له نزیکیانه‌وه وه‌ستا، سه‌ری ده‌له‌قان و به هێمنی پێده‌که‌نی، پێش ئه‌وه‌ی ئاماژه بکات بۆ چۆڵکردنی شوێنه‌که و بڵێت؛ "با بڕۆین". پاشان کارمه‌ندانی ده‌زگای خزمه‌تگوزاری نهێنی، که به‌رپرسن له پاراستنی سه‌رۆکی ئه‌مریکا، ئه‌وانیان له شوێنه‌که دورخسته‌وه.
جەی دی ڤانس، جێگری ترەمپ و پیت هیگسیث، وه‌زیری به‌رگری و مارکۆ ڕوبیۆ، وه‌زیری ده‌ره‌وه و ستیڤن میلەر، جێگری سه‌رۆکی ستافی کۆشکی سپی و لیڤیت و چه‌ند که‌سێکی دیکه یاوه‌ری ترەمپ بون.
له یه‌کێک له ڤیدیۆکاندا، ڤانس ده‌رده‌که‌وت که سڵاوی له که‌سانی دانیشت‌و له ڕێستۆرانتەکە ده‌کرد و بانگهێشتی ده‌کردن بۆ چێژوەرگرتن له ژه‌مه‌که‌یان، له کاتێکدا ده‌نگی خۆپیشانده‌ران دژی سه‌رۆکی ئه‌مریکا، که وڵاته‌که‌ی یه‌که‌م پشتیوانی ئیسرائیله له ڕوی سیاسی و سه‌ربازییه‌وه، به‌رز ده‌بوه‌وه.
ژمارەی خوێندراو : 74 جار