فراكسیۆنی كۆمەڵ و پەرلەمانتارانی سەربەخۆ، هەڵوێستی هاوبەش ڕادەگەیەنن

05/11/2022

ڕوون میدیا
سەبارەت بە هەڵوێستی هەریەكە لە (فراكسیۆنی كۆمەڵی دادگەریی) و (ژمارەیەك پەرلەمانتاری سەربەخۆ) دژ بە درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان، بڕیارە سبەی لەناو تەلاری پەرلەمان هەڵوێستی خۆیان بۆ ڕایگشتیی ڕابگەیەنن .
بەپێی زانیارییەكانی ڕوون میدیا، نزیكەی مانگێكە فراكسیۆنی كۆمەڵ لەگەڵ ئەو پەرلەمانتارانەی كە لە (بزوتنەوەی گۆڕان) و (نەوەی نوێ) جیابوونەتەوە، لە گفتوگۆدایە بۆ ئەوەی هەر هەڵوێستێك بۆ (مانەوە یان كشانەوە) بێت، پێكەوەبن .
ڕوون میدیا زانیوێتی، پێشتریش فراكسیۆنی كۆمەڵ لەگەڵ هەریەكە لە فراكسیۆنەكانی (نەوەی نوێ و یەكگرتووی ئیسلامیی) هەمان ڕاگۆڕینەوە و پەیوەندیی هەبووە و پێیڕاگەیاندوون كە هەر هەڵوێستێك هەبێت، بە كۆدەنگیی و یەكڕیزی ڕایبگەیەنین، بەڵام بڕیاری كشانەوەی فراكسیۆنی یەكگرتوو لە پەرلەمانی كوردستان، بۆ فراكسیۆنی كۆمەڵ دەبێتە جێی سەرسوڕمان و بەپێچەوانەی ئەو هەماهەنگییەی دەزانن كە بەرلە بڕیارەكە لەگەڵ فراكسیۆنی یەكگرتوو هەیبووە .
هاوكات بڕیارە سبەی یەكشەممە 6 ی 11 ی 2022، فراكسیۆنی كۆمەڵ و پەرلەمانتارانی سەربەخۆ، هەڵوێستی هاوبەشی خۆیان لەسەر درێژكردنەوەی پەرلەمان ڕابگەیەنن .
ڕوون میدیا زانیوێتی، فراكسیۆنی كۆمەڵ و پەرلەمانتارانی سەربەخۆ، لە پەرلەمانی كوردستان دەكشێنەوە .
ڕوون میدیا پەیوەندیكرد بە چەند پەرلەمانتارێك لە فراكسیۆنی كۆمەڵ و سەربەخۆكان، بەڵام بەشێكیان ئامادەنەبوون هیچ لەوبارەیەوە ئاشكرابكەن، بەڵام ڕوون میدیا زانیوێتی، بڕیاری ئەوان (كشانەوە)یە لە پەرلەمانی كوردستان و جێهێشتنی .

ژمارەی خوێندراو : 268 جار

هەواڵی زیاتر