هەولێر : پارێزگای هەولێر بریارێكی نوێی سەبارەت بە دانانی سیستەمی غازی شل دەركرد

21/11/2022

پارێزگاری هەولێر، لە ئاگەدارییەكدا, رایدەگەیەنێ هیچ كۆمپانیا و کەسێک بەبێ وەرگرتنى ڕەزامەندى بەرگرى شارستانى، نابێت سیستمی غازی شل بۆ چێشتخانە، نانەواخانە و ماڵان جێگیر بکات 
ئەمڕۆ دووشەممە 2022.11.21، بە سەرپەرشتى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و ئامادەبوونى هەریەک لە هێمن قادر و مەسعود کاڕەش، جێگرانى پارێزگار، یەکەمین کۆبوونەوەى تایبەت بە پێداچوونەوە بە سیستمی شۆفاژ لە شوێنە گشتیەکان و ماڵان و بە کارهێنانى غازی ئێڵ پی جی ئەنجامدرا.
لەسەرتایى کۆبوونەوەکەدا، پارێزگارى هەولێر، ئاماژەى بە رووداوە نەخوازراوەکەى رۆژی پێنجشەممە 2022.11.17ی شاری سلێمانیدا کە کارەساتێکى ناخ هەژێن بوو و هەمووانى لە دڵەوە نیگەران و خەمبارکرد، لەوبارەیەشەوە وێڕاى دووبارە سەرخۆشى لە کەس و کارى قوربانیانى کارەساتەکە، تیشکى خستە سەر ترس و دڵەڕاوکێى هاوڵاتیان لە دواى ڕووداوەکە بەتایبەتى ئەو شوێنە گشتیى و ماڵانەى کە سیستمی غازی شل و شۆفاژ بەکاردەهێنن، لەوبارەیەشەوە بە پێویستى زانى لە زووترینکاتدا پێداچوونەوە و بەدواداچوون بۆ هەموو ئەو شوێنان بکرێت کە ئەم سیستەمە بەکاردەهێنن و جەختى لەسەر ئەوەش کردەوە هەموو ئەو ماڵ و شوێنانەى کە ئەو سیستەم دادەنێن، دەبێت بە ئاگاداری بەرگرى شارستانیى و بە کەلوپەلی ستانداردى جیهانى و لەلایەن کۆمپانیایى مۆڵەتدرا و کەسانی شارەزا و ئەندازیاری باوەڕپێکراوەوە دابنرێت.        
لە تەوەرێکى ترى کۆبوونەوەکەدا، دواى گفتوگۆ و وەرگرتنى تێبینى و ڕاو سەرنجى ئامادەبووان لەسەر ئەم پرسە، کۆبوونەوە گەیشتە ئەم بڕیارانە:-                                     
یەکەم/ هۆشیارکردنەوەى هاوڵاتییان لە چۆنیەتى بەکارهێنانى سیستەمى غازی ئێڵ پی جی و شۆفاژ و مەترسیەکانى دانانى ئەو سیستەمە لەلایەن کەسانى بێ مۆڵەت و ناشارەزا.                
دووەم/ چاودێریكردنى سەرجەم ئەو کۆمپانیایانەى کە سیستمی غازی شل بۆ چێشتخانە، نانەواخانە و ماڵان جێگیر دەکەن.  
سێیەم/ هیچ كۆمپانیا و کەسێک بەبێ وەرگرتنى ڕەزامەندى بەرگرى شارستانى نابێت سیستمی غازی شل بۆ چێشتخانە، نانەواخانە و ماڵان جێگیربکات، ئەوانەشى لە ئێستادا ئەو کارە دەکەن دەبێت لەماوەى یەک مانگ سەردانى بەڕێوەبەرایەتى بەرگرى شارستانى هەولێر بکەن. 
چوارەم/ بنكه‌كانى به‌رگرى شارستانى پێداچوونەوە بۆ هەموو ئەو شوێنانە دەکەن کە ئەم سیستەمە بەکاردەهێنن. 
پێنجەم/ لیژنەکانى (قائیمقامیەت، شارەوانى، بەرگرى شارستانى و نەوت و کانزاکانى هەولێر) چاودێرى هەموو شوێنەکان دەکەن کە ئەو سیستەمەیان بۆ دانراوە.
شەشەم/ بەڕێوەبەرایەتى نەوت و کانزاکانى هەولێر چاودێرى ئەو بەنزینخانانە دەکات کە سیستەمى غازی (ئێڵ پی جی)یان بۆ ئۆتۆمبێل دادەناوە، دەبێت خاوەنى بەنزینخانانەکانیش لەماوەى دوو هەفتەدا سەردانى بەڕێوەبەرایەتى ناوبراو بکەن بۆ وەرگرتنى ڕێنمایی نوێ.                                                                             
حەوتەم/ دانانى لیژنه‌یه‌ك بۆ پێداچوونەوە و دانانى مەرجى زانستى لەنزیکترین کاتدا. 
هەشتەم/ پارێزگاى هەولێر لەڕێگەى کۆلێژى ئەندازیاریى زانکۆى سەڵاحەدین کۆنفرانسێکى زانستى تایبەت بەسیستەمی غازی (ئێڵ پی جی) و شۆفاژ و دوورخستنەوە مەترسیەکانى لەسەر گیانى هاونیشتیمانیان ئەنجامدەدات. 
نۆیەم/ دەرچواندنى چەند فەرمانێک لەنزیکترین کاتدا بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان، لەبارەى سیستەمی غازى ئێڵ پی جی و شۆڤاژ.

ژمارەی خوێندراو : 111 جار

هەواڵی زیاتر