مامۆستایانی ناڕازی: قوباد تاڵەبانی بێ بەڵێن بوو
عوسمان گوڵپی ئەندامی ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی دەنوسێت:
قوباد تالەبانی بێ بەڵێن بوو
گرفتەکان وەك خۆیانن
گرفتەکانی کەرتی پەروەردە و فەرمانبەران وەك خۆیان ماونەتەوە و مامۆستایان ناچار بوون جارێکیتر بایکۆت دەست پێ بکەنەوە،
ئەمە لە کاتێکدایە لە ساڵی ڕابردوودا لە دوای دیداری قوباد تاڵەبانی وەک جێگری سەرۆکی حکومەت و نوێنەرانی مامۆستایانی نارازی دەرگای ئەو قوتابخانانەش کرانەوە کە تا ئەو کاتە نەکرا بوونەوە، هەرچەند ئەو کات دیدارەکە دەنگدانەوەی زۆری بەدوادا هات و مامۆستایان توانیان خوێندنی ساڵی ڕابردو لە فەوتان ڕزگار بکەن، ئەمە دەرئەنجامی ئەو هیوایە بوو کە مامۆستایان لەسەر چارەسەرکردنی بەشێك لە گرفتەکان هەیانبوو، بەڵام بەداخەوە قوباد تاڵەبانی بێ بەڵێنی کرد و ڕاستگۆ نەبوو لە گەڵ ئەو بەڵێنانەی کە دایە مامۆستایان لەو دیدارەدا
لە ئێستادا وەرزی یەکەمی خوێندن تێپەڕیوە و لە کۆتایی مانگی یەکداین کەچی هێشتا مووچەی مانگی ١٢ دابەشنەکراوە، پلە بەرزکردنەوە نەک دەستی پێ نەکردۆتەوە بەڵکو لە بەرنامەشدا نیە، ئەوە با پاشەکەوتی مووچە بوەستێ کە حکومەت قەرزاری مامۆستایان و فەرمانبەرانە و هیچ میکانزمێک بۆ دانەوەی دا نەنراوە، کەواتە هیچ گرفتێک چارەسەر نەکراوە و ئەو قسە و هیوایانەی قوباد تالەبانی چونە پاڵ هەموو بێبەڵێنیەکانیتری حکومەت، ئەم بەرپرسە لانیکەم هیچ هەنگاوێکی نەنا بۆ ئەوەی نیوەی بەڵێنەکانی جێ بەجێ بکا، بۆیە ئێمە لە کاتێکدا دەست بۆ قۆناغی نوێی خەباتی مەدەنی دەبەین و دەرگاکانی قوتابخانەکان بە ناچاری دادەخرێن کە هیچ کەسێک نیە گوێ بگرێت و لەخەمی کەرتی پەروەردە و فەرمانگەکاندا بێت، ئەوەشی کە بەڵێندەدات بێ بەڵێن و ناراستگۆ دەردەچێت.
ژمارەی خوێندراو : 54 جار