ئیتاڵیا سزای ١٢ ساڵ زیندانیی بەسەر مەلا کرێکاردا سەپاند

15/07/2019

نەجمەدین فەرەج ناسراو بە مەلا کرێکار

شاخ پرێس: 

ئیتاڵیا سزای زیندانیی بۆ نەجمەدین فەرەج ناسراو بە مەلا کرێکار دەرکرد و ڕادیۆ و تەلەفزیۆنی ئەو وڵاتەش بڕیاری دادگای ئەو وڵاتەیان بڵاوکردەوە .
برینجار میلینگ پارێزەری تایبەتی مەلا کرێکار، بڕیارەکەی دادگای ئیتاڵیای بە زیادەڕۆییکردن و نادادپەروەرانە وەسفکرد و ڕایگەیاندووە "ئەوە یەکێکە لە سزا زۆر توندەکان" .
بڕیارەکە لەلایەن دادگای شاری بۆڵزانۆی ئیتاڵیاوە دەرچووە و داواکاری گشتی ئەو وڵاتە داوایکردبوو سزای ١٠ ساڵ زیندانی بەسەر مەلا کرێکاردا بسەپێندرێت، بەڵام دواتر دادگای ناوبراو بڕیارەکەی بە ١٢ ساڵ زیندانی جێگیرکرد .

دادگا ئیتاڵییەکە ڕێگەی نەداوە پارێزەرەکەی ھیچ قسەیەک بکات و بەرگریی لە بێتاوانیی مەلا کرێکار بکات، ھەرچەندە ژمارەیەک بەڵگەی پێبووە .

بەوتەی پارێزەرە ئیتاڵییەکەی مەلا کرێکار، حکومەتی نەرویج لە ئێستادا سەرقاڵی ئامادەکردنی بەڵگەنامەکانی تایبەت بە سەفەری مەلا کرێکارە بۆ ئیتاڵیا، بەڵام ڕێگەنادەن ئەو سەفەرە بکات ئەگەر دڵنیایی تەواو نەدرێت کە ناوبراو ڕادەستی وڵاتی سێھەم ناکرێت .

ئەو تۆمەتەی دراوەتە پاڵ مەلا کرێکار، بریتیە لە دروستکردنی ڕەوتی شاخ و ھەوڵی گۆڕینی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بە ڕێگای توندوتیژیی، بەڵام مەلا کرێکار ئەو تۆمەتەی بەتەواوی ڕەتکردوەتەوە .

دۆسێکەی مەلا کرێکار لەوبارەیەوە بریتیە لە ٢٦ ھەزار لاپەڕە، ناوبراو تا ئێستا ٦٢ جار دادگاییکراوە و ٤١ تۆمەتی ڕووبەڕووکراوەتەوە و تا ئێستاش لە نەرویج چەند جارێک سزای زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندراوە .
 

ژمارەی خوێندراو : 309 جار

هەواڵی زیاتر