"باڵیۆزی هەژاران" لە زیندانەکانی سیسی-دا!

19/07/2019

سومەییە

 

شاخ پرێس:

ئەمە خاتوو سومەییە نەسیفە، بە "باڵیۆزی هەژاران" ناسراوە، هۆکاری ئەو نازناوەش ئەوەیە کە بەردەوام یارمەتیی هەژاران و لێقەوماوانی دەدا.
سومەییە لە مانگی ١١ی ٢٠١٨ دەستگیرکرا، دوای دەستگیرکردنی ٢٧ ڕۆژ بێسەروشوێنکرا!
هاوسەرەکەی سومەییە کە ناوی ڕامی-یە دەڵێت، "سومەییە تەنیا چالاکی مافی مرۆڤ نەبوو، بەڵکو دەنگی هەموو مەزڵومان بوو، دەنگی هەموو ئەوانە بوو کە ئاتاج بوون. هەمیشە چاودێریی ئەو کەسانەی دەکرد کە پێویستییان بە چاودێرییە."
هاوسەرەکەی سومەییە دەڵێت، "سومەییە هەمیشە بە یارمەتیدانی خەڵکی دڵخۆش بوو، هەموو ڕۆژەکانیی تەرخاندەکرد بۆ خزمەتکردنی خەڵکی، سەردانی نەخۆشەکانی دەکرد لە نەخۆشخانەکاندا تەنیا بۆئەوەی دڵخۆشیان بکات."
سومەییە لە مانگی ١١ی ٢٠١٨ لەکاتێکدا بەرەو ماڵی خوشکەکەی دەچوو، لە خاڵێکی پشکنیندا وەستێنرا و لەگەڵ ٣١ هاووڵاتیی تری میسریدا دەستگیرکران.
دوای چەند کاتژمێرێک لە دەستگیرکردنی سومەییە، پۆلیس هەڵیانکوتایە سەر ماڵەکەیان و ماڵی باوکی و ماڵەکانیان پشکنی.
لەو زیندانەی سومەییەی بۆ برا، زیاتر لە ١٠٠٠ (هەزار) زیندانیکراوی تری تیابووە، کە ئەو ژمارەیەش دوو هێندەی ژمارەی دیاریکراو بووە بۆ گرتوخانەکە. بەگوێرەی سەرچاوەکان، زیندانییەکان لەو گرتوخانەیەدا بە بەردەوامی بێڕێزییان بەرامبەر کراوە و لێیاندراوە.
هاوسەرەکەی سومەییە دەڵێت، ژوورەکەی سومەییە ٧ ژنی تیادا بووە، شوێنی خەوی تیا نەبووە و ئاوی خواردنەوەکەشی پیسبووە و بەو هۆیەشەوە تەندروستیی تێکچووە.
هاوسەرەکەی سومەییە دەڵێت، ئەو ژنانەی زیندانی کراون لە بینینی منداڵەکانیان قەدەغە دەکرێن و ڕێگە بە سەردانیکردنیان نادرێت و دۆخیان زۆر خراپە و دادگایی دادپەروەرانە ناکرێن، تەنانەت ئەوان هیچ تاوانێکیشیان ئەنجامنەداوە.
هاوسەرەکەی سومەییە لەوەتەی سومەییە زیندانی کراوە نەیتوانیوە بیبینێت و گوێی لە دەنگی بێت و ئەم زانیارییانەشی لە زاری پارێزەرەکەی سومەییەوە ڕاگەیاندووە و خۆی لە ئێستادا لە میسر ناژی.
ڕامی تەمەنی ٣٥ ساڵە و سومەییە تەمەنی ٣٦ ساڵە، لە قوتابخانە دوای ئەوەی چاویان بەیەک کەوتووە بڕیاری هاوسەرگیرییان داوە، ماوەی ١٣ ساڵە هاوسەرگیرییان کردووە، ڕامی لە قەتەر کار دەکات. ڕامی هیوادارە کە لە داهاتوویەکی نزیکدا بە سومەییەی هاوسەری شادبێتەوە، بەڵام سومەییە ئەگەر بە کەفالەت ئازادیش بکرێت ڕێگەیپێنادرێت میسر جێبهێڵێت.
سومەییە تا ئێستا نازانرێت بە چی تۆمەت و تاوانێک دەستگیرکراوە!

كۆشش رۆسته‌م

ژمارەی خوێندراو : 277 جار

هەواڵی زیاتر