ئەمڕۆ ٣٢ هەمین ساڵیادی ڕۆژی جیهانیـیە بۆ
ئازادی ڕۆژنامەگەری، کە لە 3 ی ئایاری ساڵی 1991 لە لایەن کۆمەڵێک
ڕۆژنامەوانی ئەفریقایی پـێشنیارکرا، کە لە کۆبوونەوەیەکی یونسکۆ لە ویندهوکی وڵاتی
نامیبیا بەشداریـیان کردبوو.
ڕۆژنامەوانەکان لە ڕاگەیاندنێکدا گوتیان، "
ئازادی ڕۆژنامەگەری، تەنیا لە ڕێگەی زامنکردنی ژینگەیەکی ڕاگەیاندنی ئازاد و
سەربەخۆ دێتەدی، کە تیایدا چەندان دەزگای ڕاگەیاندن بوونیان هەبێت، ئەمەش مەرجێکی
پـێش وەختە بۆ مسۆگەرکردنی سەلامەتی ڕۆژنامەوانان لە کاتی جێبەجێکردنی
ئەرکەکانیان، وە زامنیشبکرێت لێکۆڵینەوەی خێرا و ورد ئەنجام دەدرێن بۆ ئەو
تاوانانەی بەرامبەر ئازادی ڕۆژنامەگەری دەکرێن."
ئەم ڕاگەیاندنە بە "ڕاگەیاندنی ویندهوک"
ناودێرکرا و لە خولی بیست و شەشەمی کۆنگرەی گشتی یونسکۆ لە ساڵی 1991 پەسەندکرا.
ئەوەی
جێگای باسە لەماوەی ئەم ٣٢ ساڵەدا لە عێراق بەگشتی و هەرێمی کورستان بە تایبەت،
نەتوانراوە ژینگەیەکی لەبار بۆ کاری رۆژنامەگەری و رۆژنامەنوسان دابین بکرێت،
لەئەگەری دەستبردن بۆ هەر کەیسێکی گەندەڵی یان ڕەخنەگرتن لە دەسەڵات، ئەنجامەکەی بە
کوشتن یان دەستگیرکردنیان کۆتایی هاتوە .
دیارترین
ئەو حاڵەتانەی لەلایەن دەسەڵاتی کوردیەوە هێرش کراوەتە سەر رۆژنامەنوسان، هەریەک
لە، سەردەشت عوسمان وسۆرانی مامە حەمە یە ، کە بە مەرگی خۆیان کۆتایی بە
قەڵەمەکانیان هێنراوە، لە تازەترین رێگریەکانی ئازادیش لەلایەن پارتی دیموکراتی
کوردستان بو، لە ساڵی ٢٠٢٠ کە تیایدا ١٢ رۆژنامەنوس لەلایەن دەسەڵاتدارانی پارتیەوە
دەستگیرکران و تۆمەتی سیخوریکردنیان درایە پاڵ، ئەمساڵ بەشیکیان ئازادکران و تا
ئێستا شیروان شێروانی و بەشێک لە هاورێکانی لە زینداندان .
بەپێی یاساکەی ساڵی ٢٠٠٧ی پەرلەمانی کوردستان، نابێت
ڕۆژنامەنووس دەستگیربکرێت، بەڵکو تەنها سزای ماددی هەیە، بەڵام دەسەڵات ئەوەندە
ترسی لە کاری ڕۆژنامەنووسی ئازاد هەیە، ڕۆژنامەنووسان دەخاتە زیندانەوە.
سەرەڕای خستنەڕووی
مەترسییەکان لە هەرێمی کوردستان بۆ کاری ڕۆژنامەنووسی و بڵاوکردنەوە
پێشێلکارییەکان بۆ ڕایگشتی، هەنگاوی پێویست لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە بە ئاڕاستەی
بەدواداچوون بۆ ڕاپۆرتەکان تا ئێستا نەنراوە، کە بەردەوام ڕۆژنامەنووسان دەگیرێن و
تیرۆریش دەکرێن.
جگە لە هێرشكردنە سەر
ڕۆژنامەنووسان و كوشتنیان، لەكاتی ململانێ سیاسیەكان و سەرهەڵدانی خۆپیشاندانی
ناڕەزایی دژ بە گەندەڵی و نادادی حکومەت، هەروەها دژ بە داگیرکردنی خاک لەلایەن
وڵاتانی داگیرکەرەوە، کاتێک ڕۆژنامەنووسان ڕوماڵ دەکەن، یەکەم کەسن کە ڕووبەڕووی
دەستبەسەرکردن و گرتن و ئەشکەنجە و لێدان دەبنەوە، هەروەها کەرەستە و ئامێرە
ڕۆژنامەنووسییەکانیان دەستبەسەردا دەگرن و دەشکێنرێن.
هەموو
ساڵێک لە رۆژی جیهانی ئازادی رۆژنامەگەری نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە
عێراق پەیامێک بڵاودەکەنەوە و ناڕەزایی دەردەبڕن، کە هێزەكانی ئاسایش لە دەرەوەی یاسا ڕەفتاردەكەن، دادگاكانی كوردستان
سەربەخۆ نین و ڕۆژنامەنووسان ناتوانن ڕۆڵی كاریگەری خۆیان بگێڕن، هەروەها هۆشداری بە دەسەڵاتدارانی عێراق و هەرێـم دەدەن ، گیانی
رۆژنامەوانان ومیدیاکاران لە ھەڕەشە و چاوسوورکردنەوە بپارێزن و رێزی تەواویش لە
ئازادیی رادەربڕین ئازادیی گواستنەوەی زانیاری بگیرێت".
ژمارەی خوێندراو : 440 جار