رِاگەیەندراوێك لە ئەنجومەنی سیاسیی یەكگرتووی ئیسلامییەوە

03/08/2019


شاخ پرێس:

ئەنجومەنی سیاسی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان لە یادی كارەساتی (شەنگال) دا به‌یاننامه‌یه‌كی بڵاوكرده‌وه‌و رایده‌گه‌یه‌نێت جێگای داخە ئەمرۆ كە 6 مین ساڵیادی ئەو كارەساتەیە ، هێشتا ئاسەواری ئەوكاولكاریە بەسەر شەنگال وشەنگالیەكانەوە ماوە و برینە قوڵەكەیان هێشتا لە لایەن دەسەڵاتدارانی هەرێم و حكومەتی ناوەندەوە سارێژی وەكو پێویست نەكراوە.

ده‌قی به‌یاننامه‌كه‌ :

بەیاننامەی ئەنجومەنی سیاسی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان لە یادی كارەساتی (شەنگال) دا

لە ڕۆژێكی وەك ئەمڕۆدا دەستێكی دڕندە پەلاماری شاری شەنگالی ئازیزی داو لە ماوەیەكی كەمدا شاری شەنگال بوویە وێرانە و دانیشتوانە رەسەنەكەشی ئاوارە كران و بەشێكی زۆر لە ژن و منداڵ بوونە دیل و كۆیلە كران و دەنگدانەوەیەكی جیهانیی دروستكرد و وەك روداوێكی كۆمەڵكوژی و جینۆساید تۆماركرا.

بە داخەوە ئەو رووداوە دڵتەزێنە بەدەستی هێزێكی تیرۆریستی بەناو موسڵمان ئەنجامدرا و ئامانجی سرینەوەی گەلی كورد بە گشتی و ئێزیدیەكان بەتایبەتی بوو، كە هەمیشە ئامانجی سەرەكی نەیاران و دوژمنانی ئەم گەلە ڕەسەنە بووە.

جێگای داخە ئەمرۆ كە 6 مین ساڵیادی ئەو كارەساتەیە ، هێشتا ئاسەواری ئەوكاولكاریە بەسەر شەنگال وشەنگالیەكانەوە ماوە و برینە قوڵەكەیان هێشتا لە لایەن دەسەڵاتدارانی هەرێم و حكومەتی ناوەندەوە سارێژی وەكو پێویست نەكراوە، ئەمە ئەوە لە ئێمە دەخوازێت كە نێوماڵی خۆمان ڕێكخەین و رێگە لە درز و كەلێن و ناكۆكیە ناوخۆییەكان بگرین و پێكەوە رووبەرووی هەڕەشە و تەحەدیاتە دەرەكیەكان ببینەوە. وێرای زەرورەتی تۆخكردنەوەی گیانی پێكەوەژیان و یەكترقبوڵكردن و دژایەتی كولتووری خودپەرستی و یەكترسرینەوە. 

ئومێد دەكەین پەند و وانە لەم جۆرە كارەساتانە وەرگرین و جارێكی تر هیوای ئومێد و دەستی بونیادنانەوە بگاتەوە ئەو شارە ستەمدیدەو سەرجەم شارو شارۆچكەكانی كوردستان.

 

ئەنجومەنی سیاسی و جەماوەری

ژمارەی خوێندراو : 280 جار

هەواڵی زیاتر