رِێباز حەملان كێشە بۆ بزوتنەوەی گۆرِان لە ناو حكومەت دروست دەكات

05/08/2019

شاخ پرێس: 

پۆستی پێشنیازكراوی نوێ بۆ رِێباز حەملان وەزیری پێشوی دارایی لە كابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئێستا بووەتە كێشەیەكی گەورە لەبەردەم بزوتنەوەی گۆرِان و تیمە حكومییەكەی لە كابینەی نۆیەم .

بەپێی زانیارییەكانی شاخ پرێس كە لەسەرچاوەیەكی باڵای پارتی دیموكراتی كوردستانەوە دەستیكەوتووە، ئەوكاتەی گۆرِان سەرۆكی پەرلەمان و وەزیرەكانی لە حكومەت دەركرا، پاش ماوەیەك ژێربەژێر پارتی لەگەڵ رِێباز حەملان بەردەوام لەسەر خەت بووە بۆ ئەوەی بگەرِێتەوە سەركارەكەی خۆی .

بەوتەی ئەو سەرچاوەیە حەملان لەسەرەتادا دوو دڵ بووە لەگەرِانەوەی بۆ ناو حكومەت چونكە هێشتا پەیوەندی بە گۆرِانەوە ماوە و گۆرِانیش لە حكومەت دەركراوە و لەگەڵ پارتیش لە ناكۆكییەكی قوڵدایە، بۆیە پارتی پێشنیازی ئەوەی بۆ رِێباز حەملان كردووە كە بەشدارینەكردنی گۆرِان لە رِیفراندۆم بكاتە پاساوی وازهێنان لە گۆرِان و دوای ئەوەش بگەرِێتەوە سەركاری خۆی .

ئەو سەرچاوە باڵایەی پارتی وتیشی "رِێباز حەملان ئەو پێشنازەی زۆر پێباش بووە بەتایبەتیش كە خۆی پەیوەندی لەگەڵ گۆرِان و بەتایبەتیش هەندێ پەرلەمانتاری گۆرِان لەناویشیاندا عەلی حەمە ساڵح زۆر خراپ بووە، بۆیە حەملان سەرەرِای گەرِانەوەی بۆ وەزارەت، مەرجی ئەوەی بۆ پارتی داناوە كە لە كابینەی نۆیەمیشدا بكرێتەوە بە وەزیری دارایی" .

بەڵام گۆرِینی سەرۆكی حكومەت لە نێچیرڤان بارزانیەوە بۆ مەسرور بارزانی، مەرج و بەڵێنی كە بە رِێباز حەملان درابوو كێشەی گەورەی تێكەوت و حەملان نەكرایەوە بە وەزیرە و پۆستەكەی درایەوە بۆ كۆنە هەوارەكەی حەملان .

بەپێی زانیارییەكان ئێستا كە حەملان نەبۆتەوە بە وەزیری دارایی و پارتیش بەڵێنی پێداوە ئەو پۆستەی پێبداتەوە، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەیەوێت بیكاتە یاریدەدەری خۆی بۆ كاروباری دارایی، بەڵام گۆرِان بەم برِیارە نارِازییە و پێیوایە ئەگەر حەملان ئەو پۆستە وەربگرێت، ئیتر وەزیرەكەی ئەوان رِۆڵ و پێگەی چیە كە وەزارەتی دارایی بەدەستەوەیە ؟

لەو بارەیەوە كاروان هاشم ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆرِان رِایگەیاندووە "گۆرِان بە توندی دژی ئەوەیە پۆستی یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری دارایی زیاد بكرێت، چونكە ئەمە بێ رِۆڵ و بێ ناوەرِۆك كردنی پۆستی وەزیری دارییە" .

لە ئێستا ئەم بابەتە بۆتە سەر ئێشە بۆ بزوتنەوەی گۆرِان، مەسرور بارزانیش دەیەوێت هەرچۆنێك بووە رِێباز حەملانی كۆنە گۆرِان و تازە پارتی بكاتە یاریدەدەری خۆی بۆ كاروباری دارایی، بەڵام نارِەزایەتی گۆرِان بۆتە رِێگر و پێدەچێت دواجار لەبەرامبەر پێدانی پۆستی دیكە بە گۆرِان، مەسرور بارزانی بزوتنەوەی گۆرِان بە دانانی رِێباز حەملان وەك یاریدەدەری خۆی قایل بكات 

ژمارەی خوێندراو : 451 جار

هەواڵی زیاتر