محەمەد شیاع سوودانی داوای یارمەتی مرۆیی بەپەلە دەكات بۆ غەززە

11/06/2024

سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی داوای کرد یارمەتی مرۆیی بەپەلە بگەیەندرێتە غەززە، ھەروەھا داوایشی کرد کۆدەنگی جیھانی و پاڵپشتی زیاتر ھەبیت بۆ فراوانکردنی دانپێدانان بە دەوڵەتی فەڵەستین.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە ئەمڕۆ سێشەممە، محەمەد شیاع سوودانی لە کۆنفرانسی (وەڵامدانەوەی مرۆیی بەپەلە لە غەززە) لە ئوردن گوتارێکی پێشکەشی کردووە و تیایدا جەختی لەوە کردووەتەوە کە ھێرشەکانی دژبە غەززە، لاوازیی سیستەمی نێودەوڵەتی و بێتوانایی لە جێبەجێکردنی ئەرک و بەرپرسیارێتییەکانی ئاشکرا کردووە، ھەروەک چۆن جیھان لە بەرامبەر ژمارەیەکی زۆر لە قوربانیانی فەڵەستین بێدەسەڵات و بێ دەنگە.
ڕاشیگەیاندووە کە سەرۆکوەزیرانی عێراق، ھەروەھا ئاماژەی بەوەشداوە، بەردەوامی ھێرشەکانی سەر کەرتی غەززە، دۆخی مرۆیی و ئابووری لە سەرانسەری غەززە خراپتر کردووە و بووەتە ھۆی ئاوارەبوون و وێرانکردنی ژمارەیەکی زۆر خانووی فەڵەستینییەکان و ژێرخان و زۆربەی دامەزراوە خزمەتگوزاری و پەروەردەیی و تەندروستییەکان.
بەپێی راگەیاندراوەکە، محەمەد شیاع سوودانی جەختی کردووەتەوە لەو دەستپێشخەرییەی کە عێراق لە تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردوودا بە ناوی (کۆنگرەی ئاشتی ٢٠٢٣)دا لە قاھیرە ڕایگەیاند و تایبەتە بە دامەزراندنی سندوقێک بۆ پاڵپشتیکردن لە غەززە.
ھەروەھا ئەوەشی خستووەتەڕوو کە سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی لە بەشێکی گوتارەکەیدا، داوای کردووە یارمەتی مرۆیی بەپەلە بگەیەندرێتە غەززە، ھەروەھا داوایشی کردووە کۆدەنگی جیھانی و پاڵپشتی زیاتر ھەبیت بۆ فراوانکردنی دانپێدانان بە دەوڵەتی فەڵەستین.
ئەمڕۆ سێشەممە سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی بە مەبەستی بەشداریکردن لە کۆنفرانسی (وەڵامدانەوەی مرۆیی بەپەلە لە غەززە)، گەیشتە ئوردن.

ژمارەی خوێندراو : 193 جار

هەواڵی زیاتر